Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت ئۆکرانیا هێرشی کردووەتە سەر ناوچە سنوورییەکان


دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ڕایانگەیاند هەرێمی بێلگۆرۆد لە باشوری ڕووسیا کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی کەوتوتە بەر هێرشی تۆپخانە و گولە هاوەن و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شارێکی ڕووسیایان لە ناوچەیەکی تەنیشت نیمچە دورگەی کریمیا بۆردومان کرد.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئۆکرانیاش ڕایانگەیاندووە هێزەکانی کرێملین نەخۆشخانەیەکیان لە شاری دنیپرۆ لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا بۆردومان کردووە و بەو هۆیەوە کەسێکی تەمەن 69 ساڵ کوژراوە و 23 کەسی دیکەش برینداربوون کە دوو منداڵیان تێدایە.

هەروەها مووشەکێکی ئێس 300 ی ڕووسی لە ناوچەی کارلیڤکا لە پارێزگای دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەر بەنداوێک کەوتوە و بەو هۆیەوە شارۆچکەکانی نزیک لە ئۆکرانیا کەوتنە بەر هەڕەشەی لافاوێکی بەهێزەوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە ناوچەی بێلگۆرۆد بووە ئامانجی یەکێک لە رژدترین هێرشە سنووربەزێنەکانی ئۆکرانیا لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکەوە کە وا بۆ 15 مانگە بەردەوامە.

وردەکارییەکانی هەڵمەتەکە جارێ ڕوون نییە و ڕووسیا ھێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیای بە تاوانبار کرددوە، بەڵام دوو گرووپی ڕووسی ڕایانگەیاندووە کە ئەوان دەستیان ھەیە لە ڕووداوەکەدا، ئەمەش بە ئامانجی ڕووخانی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا.

سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG