Accessibility links

ئێران و بەلجیکا بە نێوەندگیری عومان دوو بەندکراو ئاڵوگۆڕ دەکەن


ئەسەدوڵڵا ئەسەدی
ئەسەدوڵڵا ئەسەدی

وەزارەتی دەرەوەی عومان ڕۆژی هەینی،26ی مانگی پێنج بە بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو رایگەیاند که ئێران و بەلجیکا به نێوەندگیریی ئەو وڵاته گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانیان له نێوان هه ڕدوو وڵاتدا.

ئەلێکساندەر دی کرۆ، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا ڕۆژی هەینی گوتی "ئۆلیڤەر ڤاندێکاستیل کە بۆ ماوەی 455 لە تاران دەستبەسەرکرابوو، ئازادکراوە و لە ئێستادا لە عومانە و ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەبچێت، ئەم ئێوارەیە لەگەڵمان دەبێت".

ڤاندیکاستیل لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا لە سەردانێکیدا بۆ ئێران دەستگیرکرا و لە مانگی یەکدا سزای 40 ساڵ زیندانیکردن و 74 جار لێدانی بە قامچی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بە تۆمەتی سیخوڕیکردن.

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەواڵی ئاڵوگۆڕەکەی پێشتڕاستکردووەتەوە و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە تویتێکدا نووسیویەتی "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆماتکاری بێتاوانی وڵاتەکەمان کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە نایاسایی لە ئەڵمانیا و بەلجیکا دەستبەسەر کرابوو، ئێستا لە ڕێگای گەڕانەوەدایە بۆ زێدی خۆی و بەم زووانە دەگاتەوە وڵاتەکەمان."

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها سوپاسی عومانی کردووە بۆ هەوڵەکانی لەو ئاراستەیەدا.

ئەسەدوڵڵا ئەسەدی کە لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ڤیەننا پایتەختی نەمسا کاری دەکرد، لە ساڵی 2018 دوای ئەوەی پۆلیسی ئەڵمانیا و بەلجیکا و فەڕەنسا شکستیان بە پلانگێڕییەکی هێنا بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک لە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوی موجاهیدنی خەلق لە دەرەوەی پاریس، دەستگیرکرا و دوای سێ ساڵ لە دەستبەسەرکردنی، بەلجیکا لە ساڵی 2021 دا بە تۆمەتی تیرۆر سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندبوو.

لە ئێستادا ڤاندێکستێل لەگەڵ ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕ کراوە.

ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ڕایگەیاند کە حکومەتی ئەو وڵاتە تاوتوێی داواکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی لەگەڵ ئۆلیڤیێر فوندێکاستڵ دەکات.

ئەنجومەنی نیشتمانی خۆڕاگری ئێران(شورای ملی مقاومەت) کە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقیش ئەندامیەتی، لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئازادکردنی ئەسەدی سەرکۆنە دەکات و کارەکە بە "هاندان بۆ تیرۆر و خیانەتکردن لە مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی بڕیاری دادگای دەستووری بەلجیکا" ناودێر دەکات."

نێوەندگیری عومان بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانیان لە نێوان ئێران و بەلجیکا لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە پێشتریش نێوەندگیرییەکی هاوشێوەی بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا ئەنجامداوە.

ئەمەریکا و وڵاتانی ئورووپایی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکەن بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی بیانی و ئەوانەی هاووڵاتی دوو وڵاتن، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنیان لەگەڵ زیندانییەکانی لە وڵاتانی دیکە و وەرگرتنی خاڵی سیاسی.

بەشێک لەم هەواڵە لە فرانس پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG