حکومەتی فەرەنسا تاقیکردنەوەی نوێترین مووشەکی بالیستیکی دوور هاوێژی ئێران سەرکۆنە دەکات و ئەو کارە بە پێشێلکردنی بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانێت کە لە ساڵی 2015دا پەسەند کراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "ئەم چالاکییانە لە درێژەی گرژییەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران جێگای نیگەرانین."
ئان کلێر لێژاندێر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا گوتیشی "فەرەنسا ئەم پێشێلکارییە نوێیەی بڕیارنامەی 2231، شەرمەزار دەکات کە لە ساڵی 2015 لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کراوە."
کاردانەوەکەی حکومەتی فەرەنسا چەند کاتژمێرێک پاش ئەوە بوو کە وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێران، دروستکردن و تاقیکردنەوەی مووشەکێکی نوێی بالیستیکی لە جۆرەی مووشەکی 'خۆڕەمشەهر' بە ناوی 'خەیبەر' ڕاگەیاند.
لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بۆ نمایشکردنی مووشەکی خەیبەر پەخشکرا، بەرپرسانی سەربازی ئێران مووشەکەکەیان لە تەنیشت مۆدێلی مزگەوتی قوبە ئەلسەخرەی شاری قودس دانابوو کە پێدەچێت پەیامێکی هەڕەشەئامێز بووبێت بۆ ئیسرائیل.
بەگوێرەی میدیاکانی ئیران ئەو مووشەکە مەودای دوو هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت و هەزار و 500 کیلۆگرام ماددەی تەقینەوە هەڵدەگرێت.
تاقیکردنەوەی مووشەکی نوێی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچێت کە دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان لە هاوینی ساڵی ڕابردووەوە ڕاگیراوە .
چالاکی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە هۆکارە جیددییەکانی نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاواییە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و بووەتە هۆی سەپاندنی چەندین پاکێجی سزا بەسەر کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئەو وڵاتانەوە.
کاردانەوەی فەرەنسا بەرامبەر بە تاقیکردنەوەی نوێی مووشەکی ئێران لە کاتێکدایە کە پاریس هەمیشە ویستوویەتی بەرنامەی مووشەکی تاران بخاتە نێو ئەو دانوستانە ئەتۆمییانە کە بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران بەڕێوەدەچن.