Accessibility links

هەوڵەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێزدییە ئەمەریکاییەکان لە پارەی سڕکراوی کۆمپانیایەکی سزادراوی فەرەنسایی


تیمەکانی گروپی پارێزەر و کەسایەتی نێودەوڵەتی ئەمەل کلونی دەستیان کردووە بە هەڵمەتێک بۆ تۆمارکردنی دۆسیەی ئەو ئێزیدیانەی کە قوربانی چالاکییە تیرۆریستییەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعشن.

ئامانج لەم هەڵمەتە قەرەبووکردنەوەی ئێزدییە ئەمەریکاییەکانە بە پارەی سڕکراوەی کۆمپانیایەکی بنکە لە فەرەنسا کە سزادراوە بەهۆی بەرتیلدان بە داعش تا ڕێگری لە کارکردنی کارگە چیمەنتۆکەی لە ناوچەی جەلەبییە لە سوریا نەکات.

لە 18ی مانگی پێنجی ساڵی 2022، دادگای پێداچوونەوە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا تۆمەتەکانی لە سەر کۆمپانیای فرەنەتەوەیی فەرەنسایی بە ناوی LafargeHolcim SA (Lafarge) پشتڕاستکردەوە.

چوار ساڵ لەمەوبەر Lafarge تۆمەتبار کرا بەوەی بڕی 15 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری داوە بە داعش و جەبهەت ئەلنەسرە و بازرگانی لەگەڵیاندا کردووە. دادگا فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە Lafarge و چەند بەرپرسێکی ئەو کۆمپانیایە تۆمەتبارکراون بە بەشداریکردن و چاوپۆشیکردن لەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییانەی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدەدران.

هەروەها وەزارەتی دادی ئەمەریکاش لە 18ی دەی ساڵی 2022 لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند "دوای ئەوەی یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە هاوکاری دارایی بە داعش و جەبهەت ئەلنەسرە کردووە، دادگای تاوانەکانی نیویۆرک سزای دارایی بە بڕی 777 ملیۆن و 78 هەزار دۆلار خستووەتە سەر کۆمپانیای لافارج.

حیدەر ئەلیاس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی یەزدا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو بڕی 777 ملیۆن و 78 هەزار دۆلار سڕکراو و سەروەت و سامانی کۆمپانیاکە کە ژێر دەستی حکومەتی ئەمەریکا دەبێ، تەنها بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییانە دەبێت کە لەو ساڵانەدا لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییەوە زیانیان بەرکەوتووە. گوتیشی "دوو خاڵ لە بەرژەوەندی ئێزدییەکاندایە، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەوان هاووڵاتی ئەمەریکایین و مافی خۆیانە داوای قەرەبوو بکەنەوە، خاڵی دووهەمیش ئەوەیە کە کاتێک بنەماڵە ئێزدییەکان لە ئەمەریکا بە یەک کەیس دەچنە دادگا کەیسیان بەهێز دەبێت و چانسەکانیان باشترە چونکە ئەمەریکییەکان دەزانن ئەوان کێن وکەس و کاریان کوژراون، بریندارکراون، ڕفێنراون، دەستدرێژی سێکسییان کراوەتەسەر و موڵک و ماڵیان تاڵان کراوە. "

ئەگەرچی گروپی پارێزەری بەناوبانگی نێودەوڵەتی ئەمەل کلونی نایانەوێت باسی تۆمارکردنی کەیسەکان بکەن، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بۆ جاری دووهەم لە شاری لینکن لە ویلایەتی نبراسکای ئەمەریکا، لەگەڵ ئەو ئێزدیە شنگالیانە کۆبوونەوە کە لە ئەنجامی چالاکییە تیرۆریستییەکانی داعش لە ساڵی 2014 دووچاری زیانی مرۆیی، دارایی و دەروونی بوونەتەوە.

ئەو شەنگالیانەی لە نبراسکا لەگەڵ تیمەکەی کلونی کۆبوونەتەوە دەڵێن، پێیان وایە گروپی ئەو پارێزەرە ناودارە کەیسێکی بەهێز بۆ ئێزدییەکان دروست دەکات بۆ وەرگرتنی قەرەبوو لەو پارەیە، بەڵام ساڵانێکی زۆری دەوێت. هاوکات لەبەر ئەوەی داعش خۆی دانی بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا ناوە، دۆسیەی ئەوان لە دادگاکان توکمەتر دەبێت.

حەیدەر ئەلیاس کە مافی هەیە داوای قەرەبوو بکاتەوە، چونکە لەو ڕۆژەی داعش هێرشی کردە سەر شەنگال براکەی کوژراو و خێزانەکەی زیانێکی گەورەی بەرکەوت، دەڵێت "هەر کەسێکی ئەمەریکایی دەتوانێت داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی دەرئەنجامی شەڕی داعش لە چەند دادگایەک لە واشنتن و نیویۆرک تۆمار بکات، وە ئەگەر داواکاری گشتی بڕیاربدات کە راستە زیان بەر ئەو کەتووە، و ئایە زیانەکە چەند گەورەیە، بەپێی ئەوە، بەشێک لە 777.78 ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت."

دوای بڕیارەکەی دادگای فەرەنسا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی، لە لێکۆڵینەوەیەکی دادوەریی فەرەنسادا دەرکەوتووە لە ساڵی 2012 تا 2014 کۆمپانیای لافارج لە ڕێگەی لقەکەیەوە لە دیمەشق، بڕی 13 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 17.5 ملیۆن دۆلار)ی داوە بە چەند گروپێکی چەکداری کە داعش یەکێک بوو لەوانە. داهاتی لافارج لەو کاتەدا زیاتر لە ٧٠ ملیۆن دۆلار بوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:38 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG