Accessibility links

کەس و کاری ئەنفالکراوەکان: تا مستەشارەکان دەستگیرنەکرێن کۆڵ نادەین


لەکاتێکدا 258 موستەشاری سەردەمی بەعس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پرۆسەی ئەنفالی ساڵی 1988 لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە داواکراون، هیچکام لەو موستەشارانە خۆیان ڕادەستی دادگا نەکردووە، ئەم بابەتە هێشتا جێی نیگەرانی کەسوکاری ئەنفالکاوەکانە.

ئەنوەر حەمەلاو کە تەواوی خێزانەکەی و کەسە نزیکەکانی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون و ئەندامی لیژنەی داکۆکیکردنە لە کەس و کاری ئەنفالکراوەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئێمە کۆڵ نادەین، تا ئەو ڕۆژەی دەمانخەنە ژێر گڵ فشار بۆدەستگیرکردنی مستەشارەکان دروست دەکەین."

هەندێک لەو موستەشارانە کە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە پرۆسەی ئەنفال و بڕیاری گرتنیان هەیە کۆچی دواییان کردووە، بەڵام هەندێکی تریان نیشتەجێی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانن و تا ئێستا دەستگیرنەکراون و هەشیانە لە ناو حزبەکاندا بەرپرسیارێتی هەیە.

لە نێو ئەمانەدا موستەشارێکی سەردەمی بەعس هەیە کە ئامادەیی خۆی بۆ چوونە بەردەم دادگا پیشان دەدات.

سەعید جاف، مستەشاری فەوجی 251 ی سەردەمی بەعس، کە لە کاتی شاڵاوی ئەنفالدا بارەگای فەوجەکەی لەناحیەی سەرقەڵای گەرمیان بووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"کارم بە مستەشارەکانی تر نییە، بەڵام وەک خۆم ئامادەم بچمە دادگا، تا بیسەلمێم من ڕوو ڕەشم یان ڕوو سپی، تاوانبارم یاخود هەزاران کەسم لە ئەنفال رزگارکردووە."

هەروەها وتیشی"چوومە ناو خۆپیشاندانێک کە داوای دادگاییکردنی مستەشارەکانیان دەکرد، وتیان بۆچی هاتوویت، وتم داوا دەکەم ناوم بخرێتە لیستی داواکراوەکانەوە و بنێردرێمە دادگا و دۆسیەکە یەکلایی ببێتەوە."

هۆمەری ئەنفالستان چالاکوانێکی بواری ئەنفال، پشتیری لە قسەکانی سەعید جاف دەکات و لەسەر ئەوەی کە دەڵێت خەڵکی لە ئەنفالکردن ڕزگارکردووە " سەعید جاف بەو پێیەی جاش بووە، تۆمەتبارە بە خیانەتی نیشتیمانی، بەڵام من ناوم لێناوە مستەشارێکی سپی، فیلمێکیشمان لەسەر کرد و فیلمەکەمان ناونا بەکرێگیراوێکی سپی، چونکە من قسەم لەگەڵ خەڵکی گەرمیان و کەس و کاری ئەنفالکراوەکاندا کردووە قسەکانی پشت ڕاست دەکەنەوە کە ڕزگاری کردوون، بە تایبەت لە کاتی فیلمەکەدا چووینە گوندە ئەنفالکراوەکان، گوندنشینەکان وتیان ئەگەر سەعید جاف نەبێت ڕێگە بە هیچ مستەشارێک نادەین بێتە ئێرە."

هەروەها گوتیسی "سەعید جاف خۆی دەڵێت 18000 کەسی لە ئەنفال ڕزگار کردووە، ڕەنگە ئەمە زیادەڕۆیی بێت، بەڵام من پێم وایە زیاتر لە 1000 کەسی ڕزگار کردووە، بۆیە ئەگەر سەعید جاف بڕواتە بەردەم دادگای باڵای عێراق پێم وایە بێتاوان دەردەچیت."

سەرەکیترین داواکاری کەس و کاری ئەنفالکراوەکان کە هەموو ساڵێک لە ڕۆژی 14/4 ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا دەیخەنەڕوو، دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو موستەشارانەیە کە تۆمەتبارن لە تاوانی ئەنفالدا.

لەو 258 موستەشارەی لەلایەن دادگای تاوانەکانی عێراقەوە داواکراون، تەنها سێ کەسیان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ئەنفال دەستگیرکراون، کە بریتین لە تاهر عوسمان، عومەر محەمەد، سەید مەجنون، ئەوانیش دوای سێ ساڵ ئازادکران، بێ ئەوەی ڕادەستی دادگای باڵای عێراق بکرێن.

دادوەر هاوژین حامد، دادوەری دادگای کفری کە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی جێبەجێکرد و ئەو سێ موستەشارەی دەستگیرکرد، دواتر هەرێمی کوردستانی بەرەو ئەوروپا بەجێهێشت و نەگەڕایەوە، و پاش ئەوەی گەیشتە ئەوروپا باسی لەوە کردبوو هەڕەشەی لێکراوە و ژیانی لە مەترسیدابووە بۆیە کوردستانی جێهێشتووە.

ئەنوەر حەمەلاو ئەندامی لیژنەی داکۆکیکردن لە کەس و کاری ئەنفالکراوەکانیش ئەوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە و گوتی "دادوەر هاوژین ئەو سێ تۆمەتبارەی گرت، دواتر هەڕەشەی لێکرا، بۆیە کوردستانی بەجێهێشت."

تا ئێستا کەس و کاری ئەنفالکراوەکان چەندین خۆپیشاندانیان بۆ دەستگیرکردنی مستەشارەکان ئەنجامداوە، جێبەجێنەکردنی ئەم داواکارییەش وایکردووە ڕێگری بکرێت لە ڕۆیشتنی بەرپرسان بۆ سەر مەزاری ئەنفالکراوەکان لە ساڵیادی ئەنفال لە ڕۆژی 14/4 دا.

ئەحمەد مەجید سەرۆکی رێکخراوی چاودێری کوردۆساید، کە رێکخراوەکەی تایبەتە بە داکۆکیکردن لە دۆسیەی ئەنفال و جینۆساید، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند"خۆم لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بۆ گرتنی مستەشارەکان دانیشتم، پێی وتم بڕیاری دەستگیرکردنەکانیان ڕەوانەی دادگا دەکات، کەچی لە پشتەوە حزب دەستوەردان دەکات و ناهێڵێت بگیرێن."

دەستگیرنەکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال خەریکە دوای 35 ساڵ کێشەی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەت لە 20ی مانگی چوار کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی شاری سلێمانی بەناوی کاوە بازیانی لەلایەن کوڕە شەهیدێکی یەکێتییەوە کوژرا و هۆکارەکەشی بۆ "تۆڵەکردنەوەی کوشتنی"باوکی لەسەردەمی بەعسدا گێڕایەوە.

ئەحمەد مەجید ئەم کێشانە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دادگا ڕۆڵی نییە لە یەکلاکردنەوەی کێشەکاندا بۆیە خەڵکی پەنا دەبەنە کارە نایاسییەکان بۆ یەکلاکردنەویە کێشەکان .

XS
SM
MD
LG