Accessibility links

ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی: دەنگمان بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دا تا هەرێمی کوردستان سەروەری لەدەستنەدات


عیرفان عەبدولعەزیز
عیرفان عەبدولعەزیز

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی کوردستان دەنگیان بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم داوە سەرەڕای ئەوەی "تا سەر ئێسقان" گلەییان لە کۆمیسیۆن هەیە.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کارا نەکرایەتەوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێمی دەکرد. هەرێم ئەو کەمە سەروەرییەشی لەدەست دەدا کە ئێستا هەیەتی."

دوێنێ دووشەمە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و بەهۆی پێداگری فراکسیۆنی پارتی لەسەر باسکردنی پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، توندوتیژی و بەیەکدادان لەنێوان چەند ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروستبوو.

پارتی جەخت لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە دەنگی (58) پەرلەمانتار دەکاتەوە، لە کاتێکدا فراکسیۆنی یەکێتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرتووە و کارا کردنەوەی کۆمیسیۆن بە پێچەوانەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان وەسفدەکات.

فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی کە لەدوو پەرلەمانتار پێکهاتوون، بەشێکبوون لەو 58 پەرلەمانتارەی دەنگیان بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم داوە.

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، "وەکچۆن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم حزبیە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش حزبیە. باشترە کۆمیسیۆنی هەرێم سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات نەک ئەوەی عێراق. هەرچۆن بێت کەس و کاری یەکترین و یەکتری دەناسین، لەوانەیە ئەوانەی عێراق هەر نەناسین. ئەو بۆچوونە هەڵەیە بەباشی دەزانێت کۆمیسیۆنی عێراق بێت سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات."

هاوکات لەگەڵ ئەو کێشمەکێشەی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا لەسەر کارا کردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دروستبوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە نوسراوی فەرمی دادگای فیدراڵی ئاگادار کردەوە لەوەی دەتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بکات.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وتی، "با حەساسییەت وانەکات دام و دەزگاکانمان تێکبدەین و کۆمیسیۆنی هەرێم بێ ڕۆڵ بکەین و دایخەین. ئێمە تا سەر ئێسقان گلەییمان لە کۆمیسیۆنی هەرێم هەیە، بەڵام دژی ئەوەین کۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بکات."

ئەو وتیشی، "کۆمیسیۆنی هەرێم لە نوێنەری پێنج حزبەکە پێکهاتووە و نوێنەری ئێمەی تێدا نییە. کۆمیسیۆن هی پێنج حزبەکەیە، بەڵام ئێمە مەبدەئییەن بڕوامان بەکاراکردنەوەی کۆمیسیۆن هەبووە."

کۆمسیۆن هەڵبژارنەکانی هەرێم پێکهاتوە لە نۆ ئەندام بەم شێوەیە دابەشکراوە: سێ ئەندامی پارتی، دووی یەکێتی ، دووی گۆڕان، یەکی یەکگرتوو، و یەکی کۆمەڵ.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18/11 ی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە. کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن وەکو ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لێیدەڕوانرێت.

رابەری گشتی بزووتنەوە وتی، "ئەو خەڵکە داوای هەڵبژاردن دەکات، گەر کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە چۆن هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."

هەروەها وتیشی"خەڵک پێی سەیرە ئێمە نوێنەرمان لەکۆمیسیۆن نییەو دەنگمان پێداوە، ئێمە حەز دەکەین قەوارەی هەرێم سەرکەوتوو بێت و دڵسۆزین بۆ خەڵک و خاکەکەمان."

دوای کشانەوەی ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان کە وەکو ناڕەزایەتییەک بەرانبەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کشانەوە، دوو پەرلەمانتاری بزووتنەوەی ئیسلامی جێگەی پەرلەمانتارە دەست لەکارکێشاوەکانی یەکگرتوویان گرتەوە، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دا بەیەک لیست بەشدارییان کردبوو.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی وتی، "یەکگرتووی ئیسلامی ئاگادارییان کردینەوە لە کشانەوەیان لەپەرلەمان بە ویستی خۆیان، ئێمە پێمانخۆش نەبوو گۆڕەپانی پەرلەمان چۆڵ بکرێت و چووینە پەرلەمان، بۆیە هیچ گلەییەکیان نەبوو."

XS
SM
MD
LG