Accessibility links

محەمەد ساڵح قادری: لەو بڕوایەداین ئێران جارێکی تر بابەتی هێزەکانمان وەک کارتێکی فشار بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت


محەمەد ساڵح قادری
محەمەد ساڵح قادری

لایەنە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بەردەوام لە مەترسیدان کە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرش بکاتە سەر بنکەو بارەگاکانیان لە ناو هەرێمی کوردستاندا.

بە پێی ئەو زانیاریانەی دراون بە دەنگی ئەمەریکا فڕۆکە بێفڕۆکەواونەکانی ئێران چاودێری بنکەکانی لایەنە سیاسییە کوردەکانی ئێران دەکەن.

محەمەد ساڵح قادری نوێنەری حزبی دیموکراتی ئێران لە هەوڵێر دەڵێت ئێران هەمیشە هەواڵی داوە بەم جۆرە کردارانەی گفرتەکانی ناوخۆی وڵاتەکە پەردەپۆش بکات " بۆیە لەو بڕوایەداین بەهەمان مەبەستی سیاسی، جارێکی تر بابەتی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو هەرێمی کوردستان وەکو کارتێک بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی هەرێم یان بۆ دروستکردنی هاوسەنگی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا."

ئێران حزبە کوردەکان تۆمەتبار دەکات بە هاندانی ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران و ناردنی چەک لە ڕێگای قاچاخەوە بۆ ئەو وڵاتە.تۆمەتێک کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەڵگەیان بۆ نەخستۆتەڕوو و حزبەکانیش ڕەتیان کردۆتەوە.

بەڕێز قادری دەڵێت "بابەتی بوونی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کورستاندا، لە بوونی هێزێکی چەکداری زیاتر مەسەلەیەکی سیاسیە کە گوزارشت لە بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ئێراندا دەکات."

لە ماوەی ڕابردوودا و بە تایبەتی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی نێو ئێران بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە ناو خاکی هەرێمی کورستاندا کرانە ئامانج.

ئەو حزبانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەرگیز نایانەوێت ببنە هۆی تێکدانی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستاندا و سورن لەسەر ئەوەی خاکی هەێمی کوردستان بەکارناهێن بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

نوێنەرەکەی حزبی دیموکراتی کورستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " هێزەکانی ڕۆژهەڵات لێرە چەکدار نین تەنها هەندێک چەکی زۆر سوکمان لایە کە بۆ بەرگری کردن لە خۆمانە و ئێمە خۆمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناونوس کردووە."

بەڵام دەشڵێت " ئەگەر کۆماری بیەوێت بە فشارە دەرەکییەکان و لە ڕێگەی حکومەتی عێراق و لایەنەکانی ترەوە فشارێکی زۆرمان بۆ بهێنێت دوور نییە خەباتی ئێمەش بگوازینەوە بۆ ناو خودی ڕۆژهەڵاتی کوردستان."

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوەش دەکات ئەوان لە پەیوەندی "هەستیاری" عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێرانی دراوسێیان تێدگەن و دەڵێت هەست دەکەین " ئەوانیش بەر پەرۆشن کە پرسی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە ڕێگەی دانوستاندن و دۆزینەوەی ڕێگەیەکی سیاسیانە چارەسەر بکرێت، لە بری شەڕو زەبرو زەنگ، و لەلایەکی تریشەوە ئەگەر داواکارییەکیشیان لە ئێمە هەبێت بۆ موراعاتکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئێمە لەوە تێدەگەین."

XS
SM
MD
LG