Accessibility links

دێژا ڤوو چیە و بۆچی ڕوودەدات؟


تا ئێستا هەستت کردووە هەندێک لەو ڕووداوانەی دەیانبینی دووبارەن لە ژیانتدا و پێشتر بینیوتن، هەرچەندە یەکەمجارە روودەدەن؟ وات هەست کردووە کە دەزانیت پاش کەمێکی تر چی ڕوودەدات؟ ئەم دیاردە سەرنجڕاکێشە پێی دەوترێت "دێژا ڤوو" کە دەستەواژەیەکی فەڕەنسییە و بەمانای پێشتر بینراو دێت.

هەندێک جار بینینی دیمەنێک یان بیستنی دەنگێک ئەم هەستە سەیرەت لا دروست دەکات، ڕەنگە بچیتە ژوورێکەوە کە پێشتر ئەو ژوورەت هەرگیز نەبینیبێت، بەڵام هەست دەکەیت پێشتر لە هەمان ژووردا بوویت و دیمەنەکان بۆت ئاشنان، لە هەمان کاتدا دڵنیای ئەمە یەکەم جارە ئەم ژوورە ببینیت. ئەم هەستە سەیرەی دێژا ڤوو زۆر بە خێرایی دەڕوات و نامێنێت، هەر وەک چۆن زۆر بە خێرایی و لە پڕ دێت.

هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو لەسەر سێی خەڵکی بەلانی کەمەوە یەک جار ئەزموونی دێژا ڤوو دەکەن لە ژیانیاندا. شارەزایان دەڵێن ئەم دیاردەیە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا کەم دەبێتەوە و زیاتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە تەمەنیان لە نێوان ١٥-٢٥ ساڵیدایە، هەر بۆیە هەندێک پێیان وایە دەشێت دێژا ڤوو پەیوەندی بە گەشەکردنی مێشکەوە هەبێت بەو پێیەی مێشکی مرۆڤ هەتا تەمەنی ٢٥ ساڵی بەتەواوی دروست نابێت.

دێژا ڤو زۆرتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە زیاتر سەیری فیلم دەکەن و زۆر گەشت دەکەن، بەهۆی گەشتکردنەوە مرۆڤ شوێنی نوێ دەبینێت و ڕەنگە کەسەکە وا هەست بکات ئەو شوێنە بۆی ئاشنایە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو شوێنانەی لە فیلمەکاندا بینیبێت.

بەهۆی ئەوەی ئەزموونکردنی دێژا ڤوو پێشبینی نەکراوە و نازانین کەی ڕوودەدات، لێکۆڵینەوە لەم دیاردەیە ئاسان نیە و توێژەران ناتوانن لە تاقیگەدا لێکۆلێنەوە لە مێشکی ئەو کەسانە بکەن کە هەست بە دێژا ڤوو دەکەن.

بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە، چەندین تیۆری جیاواز خراونەتە ڕوو، بەپێی یەکێک لەو تیۆرانە کاتێک شتێکی نوێ ئەزموون دەکەین، مێشکمان یادەوەری دروستدەکات بە ناردنی شەپۆل و دروستکردنی پەیوەندی لە بەشێکی مێشک کە بە هیپۆکامپوس ناودێر کراوە. بەڵام هەندێک جار، مێشکمان لێێ تێکدەچێت و ئەم پەیوەندیانە تێکەڵ دەکات، وامان لێدەکات هەست بکەین پێشتر ئەو شتەمان ئەزموون کردووە.

یەکێکی تر لە تیۆرەکان، تیۆری دوو پرۆسێسکردنە کە بەپێی ئەم تیۆرە، دێژا ڤوو کاتێک ڕوودەدات کە زانیارییەکان خانەکانی بیرەوەری کورتخایەن تێپەڕدەکەن و ڕاستەوخۆ دەچنە ناو یادەوەرییە درێژخایەنەکانەوە، ئەم تێپەڕکردنە وامان لێدەکات هەست بکەین ئەو شتانەی دەیانبینین دووبارەن.

هەروەها لە کاتێکدا پەیوەندی نێوان دێژا ڤوو و خەو بینین هێشتا بە تەواوی نازانرێت، بەڵام یەکێکە لەو بابەتانەی هێشتا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. هەندێک لە توێژەران، لەوانە دکتۆر ئارسەر فانکهۆسەر پێی وایە ڕەنگە دێژا ڤوو پەیوەندی بە تیۆری پرۆسێسکردنی خەو بینینەوە هەبێت. بە پێی ئەم تیۆرە، مێشک زانیاری لە خەو بینینەوە دروست دەکات، بەڵام لەگەڵ ڕاستیدا لێێ تێکەڵ دەبێت.

لە کاتێکدا زانایان هێشتا هەوڵ دەدەن بە تەواوی لە دێژا ڤوو تێبگەن و چەندین تیۆری جیاواز خراونەتە ڕوو، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە هەموو ئەم شتانە پەیوەندی بە مێشکی مرۆڤەوە هەیە، بۆیە ئەگەر جارێکی تر ئەو هەستە سەیرەی دێژا ڤووت ئەزموون کرد، بە ئاسایی وەریگرە، ئەوەت لەبیربێت کە ئەوە مێشکتە فێڵت لێدەکات.

دێژا ڤوو چیە؟
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:50 0:00

سەرچاوەکان:

ماڵپەڕی تەندروستی webmd

سی ئێن ئێن

کتێبی 'خەونەکان' تیۆری دێژا ڤوو

XS
SM
MD
LG