Accessibility links

شەڕەکەی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان مەترسی ئاڵۆزبوونەوەی پەیوەندی نێوانیانی لێدەکرێت


دوای چەند ڕۆژێکی کەم لە ساردبوونەوەی گرژیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دووبارە پێدەچێت پەیوەندییەکانی ئەو دوو حزبە بەرەو ئاڵۆزبوون بڕواتەوە بەهۆی درووستبوونی شەڕو پێکدادانێک ڕۆژی دووشەممە لە نێوان ئەندام پەرلەمانانی هەردوو حزب لەسەر هەوڵی تێپەڕاندنی یاسای کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن.

دوای شەڕەکە، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هێشتا نەگەیشتۆتە مریشکە ڕەشە" بەڵام ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی دەڵێت هەڵوێستەکانی ئەمڕۆ ئاماژەن بە دووبارە تێکچوونەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو حزب.

پێشەوا هەورامی
پێشەوا هەورامی


پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت" هێشتا نەگەیشتۆتە مریشکە ڕەشە. پارتی دەرگای گفتوگۆی کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەسەر هەموواری یاسای هەڵبژاردنەکان. "

وتەبێژەکەی فراکسیۆنی پارتی هەوڵی حزبەکەی بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە یاسایی ناوزەندکرد و گوتی، "سەرۆکی پەرلەمان نەیهێڵا هیچ بخوێنرێتەوە و وتی، 'سڵاوتان لێبێت و دانیشتنەکە دەکەینەوە و دایدەخەینەوە.' لەم حاڵەتەدا کەسەرۆکی پەرلەمان بێ هۆکار دانیشتنەکەی جێهێشت بێ بوونی هیچ فشارێک کەواتە ڕاستەوخۆ جێگرەکەی دەتوانێت بەردەوامی بە کۆبونەوەکان بدات."

بەڵام عەباس فەتاح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێم هەوڵەکەی پارتی بە نایاسایی دادەنێت و پێی وایە هەنگاوەکەی پارتی "نیەتی پێش وەختە"بووە.

عەباس فەتاح
عەباس فەتاح

عەباس فەتاح بە دەنگی ئەمەریکای وت، "مەسەلەی مریشکە رەشە لەگەڵ پارتی لە ئاستی پەیوەندی گشتی حزبی نازانم، بەڵام لە پەرلەمان گەیشتە مریشکە ڕەشە. لەسەر وێنا گشتییەکە ئەوەی تێگەیشتم کە فراکسیۆنی پارتی ناقانونی کرد و حزبەکەشییان دەستخۆشییان لێکردن. قسە و هەواڵەکان وا پیشان دەدات کە پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی خراب بووە، هەرچەندە تا ئێستا یەکێتی هەڵوێستی فەرمی دەرنەبڕیووە، بەڵام لێدوانی جگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکەیان تێچوونی پەیوەندی نەبێت چییە؟"

پێچەوانەی ڕاگەیاندنی پارتی کە گوایە کۆمیسیۆن بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کاراکراوەتەوە، ئەندام پەرلەمانەکەی یەکێتی ڕەتی دەکاتەوە دەنگدانەکە سەرکەوتوبووبێت.

عەباس فەتاح ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ بەویژدانم بەویژدانم بە ویژدانم سی کەس لەناو هۆڵی پەرلەمان نەبووە. بەویژدانم دەنگ هیچ نەدراوە. با هەر گرتە و ڤیدۆیەکی کاتی دەنگدانیان لایە بیهێنن ئەگەر ڕاست دەکەن. بابە دەنگدانی چی؟ خۆ هەر شەڕە بۆکس بوو دەنگدان لەو شەڕە بۆکسە چۆن دەکرێت؟"

گرژییەکانی ئەمڕۆ لە کاتێکدان دوێنێ یەکشەممە (21/5/2023) لە دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن، لەڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا کۆبونەوەکە بە ئەرێنی وەسفکرا و جەختییان لەبەردەوامی کۆبونەوەکان کردەوە. سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش لە ڕاگەیەنراوێکدا بانگهێشتی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستانی کرد لەسەر دوو تەوەر کە بریتی بوون لە خستنە دەنگدانی دەسلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری و خوێندنەوە بۆ دوو پڕۆژە یاسا.

بەڵام هەرزوو دوای بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، زانا مەلا خالید، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند حیزبەکەی "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ" داوای زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیهەرێمییان کردووە بۆ دانیشتنەکە بەهۆی ئەوەی پارتی و یەکێتی نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن. زانا مەلا خالید هەروەها گوتی داواکارییەکە بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان باڵام بە واژۆی جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان پەسەندکراوە.

یەکێتی لە بەرامبەردا ئەم هەنگاوانەی فراکسیۆنی پارتی بە نایاسایی ناودەبات و دەڵیت بە پێی پەیڕەوی ناووخۆی پەرلەمان پێویستبوو پارتی 24 کاتژمێر بەر لە دانیشتنەکە ئەو داواکاریە پێشکەش کردبایە لە کاتێکدا نزیکی 19 کاتژمێر بەر لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ئەو داواکاریەی پێشکەش کردووە.

هەر لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبونەوەکەی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند، " لەبەر پاراستنی ئاشتەوایی و یەکڕیزی" بڕیاریدا بەکۆتایی هاتنی کۆبونەوەکە. بەڵام لەو کاتەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان هێمن هەورامی هەنگاوەکەی سەرۆکی پەرلەمانی بە "کارێکی تەعەسوفی" ناوبرد و داوای لە پەرلەمانتارانی ئامادەبوو کرد "کێ دژی هەڵگرتنی کۆبوونەوەکەیە بادەست هەڵبڕێ." ئەمەش بووە هۆی گرژی و پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەنێوان پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی.

دوای گرژیەکانی ناو پەرلەمانیش، سەرۆکی پەرلەمان لە ڕاگەیێندراوێکدا وتی، "هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی، بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت. بەگوێرەی بڕگەی (11)ـی مادەی (18) دەسەڵاتی واژۆکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندایە و، بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بە کەسی دیکە نەداوە بەکاری بهێنێت؛ بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت، هیچ بەهایەکی یاسایی نییە."

بە بڕوای بەشێک لە چاودێران، گرژییەکانی ئەمڕۆی ناو پەرلەمان نمونەیەکی ترە لە شکستی هەردوو حزبی دەستەڵاتداری هەرێم لە گەیشتن بە سازان لەسەر پرسە گرنگەکانی وەک هەمواری یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی کاریگەر لەمساڵدا.

لەم بارەیەوە ئیبراهیم عەلی، ڕۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی، بەدەنگی ئەمەریکای وت، "ئەم کارەی ئەمڕۆی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک بە دۆخێکی ئاسایی تێنەپەڕی، بە تایبەت کە جگە لە پەرلەمانتارانی یەکێتی هیچ کام لە یەکگرتوو و کۆمەڵ و گۆڕانیش لە هۆڵی کۆبوونەوە ئامادە نەبوون. "

ئیبراهیم عەلی
ئیبراهیم عەلی

ئەم چاودێرە دەشڵێت، "ئەگەر تێپەڕاندنی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ببێت بە ئەمری واقیع، بەشێوەیەکی فەڕمی کۆتایی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن دێت. "

بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ پێچەوانەی ڕێککەوتنی کابینەی حکومەتی هەرێم بوو چونکە "بەپێی ڕێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بووە کە ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە بە سازان تێبپەڕێندرێن نەک بە زۆرینەو کەمینە."

ئینستتوتی پەی تایبەت بە چاودێری پەرلەمان دوای گرژییەکانی ناو پەرلەمان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەزگای پەرلەمانی بە "بارمتەگیراو" ناوبرد و ڕایگەیاند، "ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت دەرەنجامی خەمساردی و بێباکیی یەکێتی و غروریی پارتیە کە لە پێناو وەدەستخستنی چەند ئیمتیازێکی بچوکی حزبیانەوە هەرێمیان بەم سەرەنجامە گەیاندوە."

بەڵام وتەبێژەکەی فراکسیۆنی پارتی ڕەتیدەکاتەوە ئەم پەیوەندیەکان بگەنە بنەبەست سەرەڕای ئەوەی "کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوو بەڕابردوو. "

پێشەوا هەورامانی وتی"ئەوەی ئەمڕۆ کرا لادانی بەربەستێکی بەردەم هەڵبژاردن بوو. ئەوەی ئەمڕۆ کرا هەنگاو و کرداری بوو بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی دیموکراسی، خەڵک دەنگی بۆ چوار ساڵ بە ئێمە داوە. "

لە بەرامبەردا ئەندام پەرلەمانەکەی یەکیتی سەرەڕای دووپاتکردنەوەی ئومێدی بە چارەسەر، جەخت دەکاتەوە لەوەی پارتی ناتوانێت پرۆسەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە زۆرینە تێبپەڕێنێت.

عەباس فەتاح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی، ڕایگەیاند، "نابێت مرۆڤ لەژیانی سیاسی بێ ئومێد بێت. ئەوە ئێمە نین بێ قانونیمان کردووە. هەرلایەنێک بیەوێت ئەم وڵاتە بە تاک لایەنە بەڕێوەببات ئەوە سەرەڕۆیی دەکات. "

XS
SM
MD
LG