Accessibility links

دانانی پانێڵی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە ڕێگەی تیشکی خۆرەوە، لەسەر ئاو تا دێت زیاتر پەرەی پێدەدرێت


جۆ سیمن-گرەیڤس پلاندانەری شارەکەیە بۆ شارۆچکە بچووکەکەی کەهەوەس لە ویلایەتی نیویۆرک. ئەو بەدوای ڕێگەیەکی کەمتر تێچووی دابینکردنی کارەبادا بوو بۆ شارۆچکەکە. زەوییەکی زیادە نەبوو بۆ ئەوەی لەسەری بنیات بنرێت. بەڵام کەهەوەس دەریاچەیەکی ئاوی نزیکەی 6 هێکتاری هەیە.

سیمن-گرەیڤس لە گووگڵدا بە دوای زاراوەی "خۆری سەرئاو"دا گەڕا. ئەو ئاشنای ئەو تەکنەلۆجیایە نەبوو، کە لە مێژە ڕێگەیەکی بەناوبانگی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێنە لە ئاسیا.

سیمن-گرەیڤس زانی کە دەریاچەکەی ئاوی شارۆچکەکە دەتوانێت پانێڵی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆری پێویست هەڵبگرێت بۆ ئەوەی کارەبای هەموو بیناکانی شارەکە بدات. ئەوەش ساڵانە زیاتر لە 500 هەزار دۆلاری شارەکە پاشەکەوت دەکات.

پڕۆژەکانی پانێڵی وزەی خۆری سەر ئاو گەشەسەندنی خێرایان بەخۆیەوە بینیوە وەک شێوەیەکی نوێی وزەی خاوێن لە ئەمریکا و ئاسیا. پانێڵی وزەی خۆری سەر ئاو نەک تەنها وزەی خاوێن دەدەن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئاو پاشەکەوت دەکات بە ڕێگریکردن لە بە هەڵمبوون.

توێژینەوەیەکی بەم دواییە کە لە گۆڤاری Nature Sustainability بڵاوکرایەوە دەریخستووە زیاتر لە 6 هەزار شار لە 124 وڵات دەتوانن هەموو داواکارییەکانیان لەسەر کارەبا بەرهەمبهێنن بە بەکارهێنانی وزەی خۆری سەرئاو. هەروەها بۆی دەرکەوتووە کە پانێڵەکان دەتوانن ساڵانە ئاوی پێویست لە شارەکان پاشەکەوت بکەن کە بتوانن 40 ملیۆن مەلەوانگە بە قەبارەی ئۆڵۆمپیاد پڕ بکەنەوە.

ژێنژۆنگ زێنگ مامۆستایە لە زانکۆی باشووری زانست و تەکنەلۆجیا لە شاری شنژن لە چین. کاری لەسەر توێژینەوەکە کردووە. وتی ویلایەتە ئەمریکییەکانی وەک فلۆریدا و نیڤادا و کالیفۆرنیا دەتوانن بە پانێڵی وزەی خۆری سەر ئاو وزەی زیاتر بەرهەمبهێنن لەوەی کە پێویستیانە.

بیرۆکەی پانێڵی وزەی خۆری سەر ئاو سادەیە، پانێڵەکان لەسەر ئەو پلێتانە ببەستە کە سەر ئاو دەکەون. پانێڵەکان وەکو داپۆشینێک کاردەکەن کە هەڵمبوون کەمدەکاتەوە بۆ نزیکەی سفر. ئاوەکەش پانێڵەکان بە فێنکی دەهێڵێتەوە. ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات کارەبای زیاتر بەرهەمبهێنن لە چاو پانێڵەکانی سەر زەوی، کە کارایی لەدەست دەدەن کاتێک زۆر گەرم دەبن.

یەکێک لە کێڵگە خۆرییەکانی سەر ئاو لە ئەمریکا پڕۆژەی 4.8 مێگاواتە لە شاری هیڵدسبێرگ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا. لەلایەن کۆمپانیای Ciel & Terre دروستکراوە. کۆمپانیاکە 270 پڕۆژەی لە 30 وڵاتدا دروستکردووە.

تێچووی زیاتر لە سەرەتادا

کریس بارتل لە کۆمپانیای Ciel & Terre مەزەندەی کردووە کە وزەی خۆری سەر ئاو لە سەرەتادا بە ڕێژەی لە٪10 بۆ 15 لە وزەی خۆری وشکانی زیاترە. بەڵام تەکنەلۆژیاکە پارە لە داهاتویەکی درێژخایاندا پاشەکەوت دەکات.

ئاوی قووڵتر دەتوانێت تێچووی ڕێکخستن زیاد بکات، تەکنەلۆژیاش ناتوانێت لەسەر ئاوی خێرا، لەسەر زەریای کراوە یان لە کەناراوەکاندا کار بکات کە شەپۆلی زۆر گەورەیان هەیە.

دەکرێت کیشە سەرهەڵبدات ئەگەر پانێڵەکانی خۆر زۆرێک لە ڕووی ئاوەکە داپۆشن، ئەوەش دەتوانێت پلەی گەرمی ئاو بگۆڕێت و زیان بە ژیانی ژێر ئاو بگەیەنێت. توێژەران لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا کێڵگە کارۆموگناتیسییەکانی پانێڵەکانی سەر ئاوەکە دروست دەبن دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ئیکۆسیستەمی ژێر ئاو هەبێت یان نا. بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نییە.

لە شاری کەهەوەس ، بەرپرسانی گشتی خۆیان بۆ دانانی پڕۆژەکەیان لە کۆتایی ئەمساڵدا ئامادە دەکەن. تێچووی پڕۆژەکە بە 6.5 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

سیمن-گرەیڤس وتی پێی وایە پڕۆژەی پانێلی وزەی خۆری سەر ئاو لە شارۆچکەکەی دەتوانێت ببێتە نموونەیەک بۆ شارەکانی دیکەی ئەمریکا.

وتی: "ئێمە کۆمەڵگەیەکی پشتیوانی ژینگەین و دەرفەتێکی گەورە دەبینین بۆ شارە کەمداهاتەکان تا مامناوەند بۆ ئەوەی ئەو کارە دووبارە بکەنەوە کە ئێمە دەیکەین".

سەرچاوە / AP

XS
SM
MD
LG