Accessibility links

زانایان زانیاری نوێ دەربارەی ناوچەی نزیک ئەستێرەی فۆمالهاوت بڵاودەکەنەوە


زانایان زانیاری نوێیان دەربارەی ناوچەیەکی دەوروبەری ئەستێرەیەکی درەوشاوە بە ناوی فۆمالهاوت لە ڕێڕەوی گەلەئەستێرەی کاکیشان بڵاوکردەوە. ئەو تێبینیانە کە لەلایەن تەلەسکۆپی واڵایی جەیمس وێبەوە ئەنجامدراون، وردەکارییەکانی 3 ئەڵقە، یان پشتێنەی پاشماوەی بەدەوری فۆمالهاوتدا دەخەنە ڕوو.

فۆمالهاوت، یەکێکە لە ئەستێرە درەوشاوەکانی ئاسمانی شەوانەمان، نزیکەی 25 ساڵی ڕووناکی لە زەویەوە دوورە. ساڵی ڕووناکی ئەو مەودایەیە کە ڕووناکی لە ساڵێکدا دەبیڕێت، نزیکەی 9.5 تریلیۆن کیلۆمەترە.

توێژەران بۆ یەکەمجار پشتێنەیەکی پاشماوەیان لە دەوروبەری فۆمالهاوت لە ساڵی 1983دا دۆزیەوە، وێب دوو ئەڵقەی دیکەی لە نزیک ئەستێرەکە دۆزیەوە - ئەڵقەیەکی ناوەوەی گەشاوە و ئەڵقەیەکی ناوەڕاستی تەسک.

پێدەچێت ئەم سێ پشتێنە تەنگەلێکی ڕەق کە پێیان دەوترێت هەسارە بچووکەکان لەخۆبگرێت. بڕوایەکی واهەیە کە هەندێک لە هەسارە بچووکەکان لە سەرەتای مێژووی سیستەمی ئەستێرەیەکدا یەکیان گرتبێت و هەسارەکەیان دروست کردبیت، هەندێکی تریش وەک پاشماوە وەک ئەستێرە بچووکەکان و دوورەپەرێزەکان ماونەتەوە.

ئەندراس گاسپار لە زانکۆی ئەریزۆنا، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەی لە گۆڤاری Nature Astronomy دا بڵاوکراوەتەوە.

ووتی"زۆر هاوشێوەی کۆمەڵەی خۆری ئێمەیە، سیستەمی هەسارەکانی دیکە دیسکی ئەستێرە بچووکەکان و دوورەپەرێزەکان لەخۆدەگرن واتە پاشماوەی هەسارە بچووکەکانی سەردەمی دروستبوونی هەسارەکان - کە بەردەوام خۆیان تێکدەشکێن لە کاتی پێکدادانەکاندا.

فۆمالهاوت 16 هێندەی خۆر ڕووناکترە و نزیکەی 2 هێندە گەورەترە. تەمەنی نزیکەی 440 ملیۆن ساڵە - کەمتر لە یەک لەسەر 10ی تەمەنی خۆرە - بەڵام ڕەنگە نزیکەی نیوەی تەمەنی تێپەڕاندبێت.

3 پشتێنە کە لە دووریی 23 ملیار کیلۆمەترەوە دەوری فۆمالهاوت دەدەن. واتە نزیکەی 150 هێندەی مەودای زەوی و خۆر.

لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ هەسارەیەک لە دەوروبەری فۆمالهاوت نەدۆزراوەتەوە، توێژەران گومانیان هەیە پشتێنەکان بەهۆی هێزی کێشکردنی هەسارەکانەوە دروست بوون. کۆمەڵەی خۆرمان دوو پشتێنەی لەو جۆرەی هەیە - پشتێنەی ئەستێرەیی سەرەکی نێوان (بارام- مارس) و( ناهی – جوپتێر)، و پشتێنەی کویپەر لە دەرەوەی نەپتون.

(ناهی- جوپتێر) کە گەورەترین هەسارەی کۆمەڵەی خۆرمانە، کاریگەری کێشکردنی لەسەر پشتێنەی سەرەکی ئەستێرە بچووکەکان هەیە. نەپتون کاریگەری کێشکردنی لەسەر لێواری ناوەوەی پشتێنەی کویپەر هەیە.

گاسپار دەڵێت " تێبینییەکانی فۆمالهاوت ئاماژەن بۆ بوونی هەسارەیەکی سەهۆڵاوی زەبەلاح لە سیستەمەکەدا دەدەن.

پشتێنە پاشماوەکان دەتوانن زانیاری دەربارەی سەرەتای هەسارەکان پێشکەش بکەن.

شوایلەر وۆڵف، هاوبەشی نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت "تێگەیشتن لەم پرۆسەی دروستبوونە پێویستی بە تێگەیشتنێکی تەواو هەیە لە چۆنیەتی دروستبوون و پەرەسەندنی ئەم ئەڵقانە".

ئەو زانایە زیاتر ووتی " پرسیاری زۆر هەیە سەبارەت بە تۆزی ناو ئەڵقەکان". وۆڵف وتیشی "تێکشکاوی ئەڵقەکان پرۆسەی دروستبوونی هەسارەکانن، بۆیە پێکهاتەکەیان دەتوانێت زانیاری بەنرخ سەبارەت بە پێکهاتەی بنەڕەتی هەسارەکانی بخاتە ڕوو".

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG