Accessibility links

کورد لە عێراق و سوریا بۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا هەیە


کورد لە سەرانسەری جیهانەوە چاودێری هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا دەکەن بە تایبەتی کوردەکانی ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان. لەکاتێکدا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و ترسی هەڵکشانی هێرشی سەربازی بەرامبەر یەک دەوەستن.

ململانێی درێژخایەن و کوشندە لە نێوان ئانکەرە و گرووپە چەکدارە کوردەکان لە سنوورەکانی هەردوو وڵاتی عێراق و سووریادا بەردەوامە.

بەڵام لە هەمانکاتدا تورکیا هاوبەشێکی گرنگی ئابوریشە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان کە لەمێژە نەوت بەو بۆڕییانەی کە بە تورکیادا دەڕوات ڕەوانە دەکات و پەیوەندی بازرگانی بە بڕی ملیاران دۆلار هەیە.

محەممەد عیزەدین، شارەزای کاروباری سیاسی عێراقی بە ئاژانسی فراسن پرێسی ڕاگەیاندووە "لە ڕووی ئابوورییەوە بەرژەوەندی هاوبەش هەیە."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کە ماوەی 20 ساڵە حوکمڕانی دەکات، پەیوەندیی ستراتیژیی سەرەکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هەیە کە نزیکەی 30 ساڵە لە دەسەڵاتدایە.

دوای گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، لە کاتێکدا دەنگەکان هێشتا ئەژمار دەکران، بارزانی ئەردۆغانی وەکو سەرۆکی تورکیا ناودێر وەک نیشاندانی "مەتنامە و گەشتبینی" بەوەی دەتوانێت بەسەر کەمال کلیچدار ئۆغڵودا سەربکەوێت.

بەڵام بەشێک لە کوردەکان لە عێراق و سوریا ترسیان هەیە سەرکەوتنێکی ئەردۆغان پەرەسەندنی هێرشی سەربازی لە ناوچەکانیاندا دروست بکات.

شەڕی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دەیان ساڵە کەوتووەتە ناوچەکانی خاکی هەرێمی کوردستانی عێڕاقەوە و کە زۆرجاریش زیان بە خەڵکی سیڤیلی ناوچەکە گەیەندراوە.

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆسەر بە سەرۆکایەتی هێزەکانی پاراستنی گەل دامەزراوە و لەلایەن ئەمەریکاشەوە وەکو بەشێک لە هاوپەیمانی دژی داعش پشتیوانی لێدەکرێت، بەڵام ئانکەرە ئەم هێزە بە بەشێکی جیا نەبووەوە لە پەکەکە دەزانێت و بە تیرۆرستیان لەقەڵەم دەدات و چەندین جار هەڵمەتی سەربازی لە دژیان ئەنجام داوە.

بەرژەوەندییە هاوبەشەکان

سەرەڕای کاریگەری ململانێکان لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێم سوودمەندە لە دراوسێکەی، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا لە ساڵی 2022 بە بڕی 12 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

بەشێکی زۆر لە بازرگانییە ناوخۆییەکان دەخوازن شتەکان بەو شێوەیە بمێننەوە.

ئەحمەد کروانجی، کە دوکانێکی لە بازاڕی هەولێردا هەیە، دەڵێت "لەو کاتەوەی ئەردۆغان بووەتە سەرۆک کۆمار، ئێمە بوژاوینەتەوە." هەروەها دەشڵێت لە ئێستادا "ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی زۆر لەگەڵ تورکیادا هەیە و دۆخی ئابووری باشتر بووە".

بەڵام هەندێکی تر بۆچوونەکانیان هاوسۆزی لەگەڵ کوردەکانی ئەودیوی سنوری پێوە دیارە.

عەلی خدر کە لە سییەکانی تەمەنیدایە دەڵێت سەرکەوتنی ئەردۆغان " لە بەرژەوەندی کوردی تورکیادا نییە."

پارتی دیموکراتی گەلان، پارتی پێشەنگی لایەنگری کورد لە تورکیا، پشتیوانی لە کلیچدارئۆغڵو دەکات.

ماوەی نزیکەی 20 ساڵە سەرکردەکانی هەێمی کوردستان لە هەولێر پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ سەرۆکی تورکیا هەبووە کە بە بەردەوامی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەکات.

محەمەد عیزەدین شارەزای کاروباری سیاسی عێراق گوتیشی " حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیادا هەببێت، کە دەروازەی هەرێمەکەیە بۆ جیهان. ئەم نزیکایەتییە لەسەر بنەما ئابوورییەکان بنیات نراوە."

ساڵانێک فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوتی خاو بە تورکیا، بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی عێراق، بەشێکی گرنگی سەرچاوەی دارایی هەرێمی کوردستان بوو.

ناکۆکییەکی یاسایی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بووەتە هۆی پچڕانی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانیانە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە کاتێک وردەکارییە تەکنیکی و داراییەکان یەکلاییبکرێتەوە، ئاڵوگۆڕەکە دەستپێبکاتەوە.

دەستپێکردنەوە لە سەرتاوە

هەندێک ترسی ئەوەیان هەیە سەرکەوتن بۆ ئەردۆغان مەترسی پەرەسەندنی شەڕی تورکیا لەگەڵ پەکەکە زیادبکات، ململانێیەک کە لە ساڵی 1984ەوە بەردەوامە و دەیان هەزار کەسی تێدا کوژراوە سنوری عێراق و سوریاشی گرتووەتەوە.

کامیل عومەر ئەکادیمیست لە سلێمانی ڕایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان بۆ خولی پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێردرێت، ئەگەری هەیە ململانێکان توندتر ببن.

ناوبراو پێشبینیشی کرد سوپای تورکیا هەژمونی سەربازی خۆی لە کوردستان فراوانتر دەکات و زیاتریش دەچێتە نێو قوڵایی هەرێمەوە.

ڕەنگە سیناریۆیەکی هاوشێوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا بێتە ئاراوە کە هەڵمەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا دژی یەپەگە لە ئێستاوە ناچاری کردوون لە ناوچە سنوورییەکان دوور بکەونەوە.

سەردار عەباس، مامۆستا لە قامشلۆ بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی ڕاگەیاند، "دەترسین ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە" ئاماژەی بەوەشکرد، ترسی هەیە لە هەڕەشەی " هێرشی زیاتر."

گوتیشی " کارەسات بۆ ئەم ناوچانە دروست دەبێت."

ئەو نیگەرانە لەوەی کە شکستی یەپەگە دەبێتە هۆی کۆچکردنی کوردەکانی سوریا، کە بە زەحمەت خەباتیان کرد بۆ پێگەی نیمچە سەربەخۆیی خۆیان.

وتیشی "ئەوە مانای ئەوەیە دەبێت لە سفرەوە دەستپێبکەینەوە".

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG