Accessibility links

سەرکردەیەکی گۆڕان: ئێمە قسەکەی بافڵ تاڵەبانیمان بۆ یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بەجددی وەرنەگرت، چونکە قسەکەی ئەویش جدی نەبوو


ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت هیچ پرۆژەیەکی فەرمی لە ئارادا نییە بۆ یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان و جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە کە ئەزموونی ڕابردوویان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەزموونێکی "تاڵە".

سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند و گوتی "ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ یەکێتی هەیە بە تایبەت لە ڕێککەوتنی دەباشان و ڕێککەوتنی ساڵی 2021 کە پێکەوە بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان کرد."

هەروەها وتیشی"یەکێتی وەک پێویست نەهاتە پێشەوە تا متمانە دروست ببێت و پێکەوە بۆ خزمەتی خەڵک کاری هاوبەش ئەنجام بدەین."

دوێنێ هەینی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا سەردانی گردی زەرگەتەی کرد بۆ سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا و گوتی "ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم تا بەهەموو لایەک رابگەیەنم یەکێتی ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو ڕێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان."

سەفین مەلا قەرە دەڵێت "ئەوەی بافڵ تاڵەبانی وتی هەر قسەیە، هیچ شتێکی فەرمی لە بارەی یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نەکراوە، گەر بەفەرمی داوا بکەن وەڵامێکیان ئەدەینەوە، کاک بافڵ هەمیشە ئەم قسانە دەکات، ئێمە قسەکەیمان زۆر بە ڕژد وەرنەگرتووە، چونکە قسەکەی ئەویش جددی نەبوو."

لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا لە ساڵی 2021 بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، بەڵام هیچکام لە کاندیدەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستییان نەهێناو و نەڕۆشتنە پەرلەمانی عێراق، بۆیە گۆڕان لەم خولەی پەرلەمانی عێراق دا هیچ کورسییەکی نییە.

ئەندامەکەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان پلانی پێویستیان داڕشتووە.

سەفین مەلا قەرە وتی "زۆر بەگەرمی کار لەسەر گێڕانەوەی ناڕازییەکان بۆ ناو گۆڕان و ئەوانەش دەکەین ڕۆژێک لەگەڵمان کاریانکردووە، هەوڵیش دەدەین لەگەڵ حزب و گروپ و ڕێکخراوە ناڕازییەکان بەرەی گەل دروست بکەین، بە تایبەت ئەو لایەنانەی لەدەسەڵاتدا نین."

بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارە لە حکومەتی هەرێمدا و جگە لە پۆستە وەزارییەکانی ( دارایی، بازرگانی و ئاوەدانکردنەوە) چەندین پۆستی تریان لە نێو پەرلەمان و ئیدارە خۆجێیەتییەکانی هەرێم دا هەیە.

سەبارەت بەوەی گۆڕان بەشدارە لەحکومەتدا، ئایا ئەو لایەنانەی لەدەرەوەی حکومەتی هەرێمن ئامادەن لەگەڵ گۆڕان پێکەوە بەرەیەکی هاوبەش دروست بکەن، سەفین مەلا قەرە دەڵێت "مەرج نییە لەگەڵ حزب بەشدار بین، چەندین گروپ و ڕێکخراوی مەدەنی ناڕازی هەن بۆ کاری پێکەوەیی."

هەروەها وتیشی"پێمانوایە ئەو نەخشە ڕێگەی گۆڕان هەیەتی بۆ حکومەتی دامەزراوەیی دەبێت خەڵک بگەڕێتەوە سەری، چونکە پرۆژەو نەخشە ڕێگاکانی گۆڕان لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندان."

XS
SM
MD
LG