Accessibility links

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت ئەگەر عێراق حزبە کوردییەکان دەرنەکات، هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت


فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت بە پشتبەستن بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کردوومانە، عێراقییەکان پابەندبوون بە چەککردن و دەرکردنی هێز و حزبە کوردەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە و وڵاتەدا.

محەممەد پاکپوور ڕۆژی شەممە،20ی مانگی پێنج لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند و گوتی "چاوەڕێی ئەوە دەکەین حکومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و کاتمان پێداون بۆ ئەو کارە و ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانە بەردەوام دەبێت."

ئەو بەرپرسە سەربازییە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا سەبارەت بەو ماوەیەی کە بۆ حکومەتی عێراقیان دیاری کردووە بۆ دەرکردن و چەککردنی حزبەکانی کوردستانی ئێران، وەڵامێکی ڕوونی نەدایەوە و تەنها گوتی "حکومەتی عێراق خۆی دەزانێت".

لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە تایبەتی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران، بنکە و بارەگای حزبەکانی کوردستانی ئێران چەندین جار لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کراوەتە سەر.

ئێران حزبە کوردەکان تۆمەتبار دەکات بە هاندانی ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران و ناردنی چەک لە ڕێگای قاچاخەوە بۆ ئەو وڵاتە.تۆمەتێک کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەڵگەیان بۆ نەخستۆتەڕوو و حزبەکانیش ڕەتیان کردۆتەوە.

XS
SM
MD
LG