Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی سعودییە دەکات


ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی گەیشتە شاری جەددە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەیی کۆمکاری عەرەبی، هاوکات بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریاش لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەدا ئامادە دەبێت.

شایەنی باسە ڕووسیا لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانییەکی زۆری لە بەشار ئەسەد و حکومەتەکەی کرد.

زێلێنسکی بە فڕۆکەیەکی حکومەتی فەرەنسا گەیشتی سعودیەی کردووە و هەروەها وابڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا سەرۆکی ئۆکرانیا بەشداری لە لوتکەی سەرکردەکانی گروپی حەوت لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن بکات.

ناوبراو پاش ماوەیەکی کەم لە گەیشتنی لە تویتێکدا نووسیوێتی "شانشینی سعودیە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە جیهاندا هەیە و ئامادەین هاوکارییەکانمان بەرەو ئاستێکی نوێ ببەین."

شایەنی باسە محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە پێشتر نێوەندگیری لە ململانێی ڕووسیا و ئۆکرانیادا کردووە.

ساڵی ڕابردوو شازادە محەمەد بن سەلمان سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بەدەستهێنا کاتێک توانی 10 کەسی بیانی کە لەلایەن ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا بە دیل گیرابوون ئازاد بکات. وادیارە ئەم هەنگاوە بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیاوە بووە.

دەوڵەتانی کەنداو هەوڵیان داوە بێلایەن بمێننەوە لە ململانێی ئۆکرانیا سەرەڕای فشارەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر بەرهەمهێنەرانی نەوتی کەنداو بۆ یارمەتیدانی گۆشەگیرکردنی ڕووسیا.

شانشینی یەکگرتوو ڕووبەڕووی ڕەخنەی قورس بووەوە لەلایەن ئەمەریکاوە بەهۆی بڕیارێکی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، چوونکە وەک یارمەتیدانی ڕووسیا دادەنرێت بۆ پڕکردنەوەی خەزێنەی وڵاتەکەی لەڕێگەی بەرزکردنەوەی نرخەکانەوە.

لە کاتێکدا شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا بازاڕەکانی وزەی جیهانی شێواندووە، ئەو ڕۆڵەی سعودیە وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا دەیگێڕێت، تا ڕادەیەکی زۆر جێی بایەخە بۆ واشنتن و مۆسکۆ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG