Accessibility links

دوو هاووڵاتی کورد لە گرتووخانەی شاری سنە لەسێدارە دەدرێن


بە گوێرەی ڕێکخراوەکانی پشت بە زانیارییەکانی نێو ئێران دەبەستن، ڕۆژی پێنجشەممە دوو زیندانی کورد لە گرتووخانەی شاری سنە سزای مەرگیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕادەگەیەنن دوو زیندانی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە جەمشید کەریمی و مستەفا ساڵحی لە زیندانی سنە سزای مەرگیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

کاتژمێر 7:30 ی سەرلەبەیانی جەمشید کەریمی خەڵکی شاری دێولان و دانیشتوی شاری سنە لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە لەسێدارە درا.

کاتژمێرێک پێشتر واتە 6:30 ی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە هاووڵاتییەکی تری کورد بە ناوی مستەفا ساڵحی، خەڵکی گوندی دزڵی سەر بە شاری سەوڵاوا، لە هەمان گرتووخانەی سنە لەسێدارە درا.

هەردووکیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای مەرگیان بەسەردا سەپێندرابوو، ڕێکخراوەکان دەڵێن هەرچەندە بنەماڵەی ئەو کەسەی کە جەمشید کەریمی کوشتووەیەتی ماوەیەکی کورت بەر لە جێبەجێکردنی سزاکە لە بەرامبەر وەرگرتنی 4 ملیار تمەن لێی خۆش بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سزاکە جێبەجێ کراوە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەشڵێت تەنها لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بەلایەنی کەم 12 کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون لەوانەشدا 5 کەس لە زیندانی خۆڕەم ئاباد، 4 کەس لە زیندانی کرمان، 2 کەس لە زیندانی سنە و 1 کەسیش لە جیرۆفت.

ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا کە لەم هەفتەیە بڵاوی کردەوە دەڵێت ئێران ئەو ولاتەیە کە لە ساڵی 2022 دا زۆرترین لەسێدارەدان تیایدا ئەنجام دراوە. بە گوێرەی ڕێکخراوەکە لە ساڵی ڕابردوو بەلایەنی کەم 576 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.

لەسێدارەدان بە تۆمەتی کوشتن و تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدانەکانی ئێران بوون. لەسێدارەدان بە تۆمەتی کوشتن بە ڕێژەی %75 لەو وڵاتەدا زیادی کردووە و ساڵی 2021 ژمارەکە 159 بوو و لە ساڵی 2022 بەرزبووەتەوە بۆ 279 و لەسێدارەدان بەهۆی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانیش زیادی کردووە و لە 132 ی ساڵی 2021 وە بەرزبووەتەوە بۆ 255 لە 2022.

XS
SM
MD
LG