Accessibility links

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت: دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق نیگەرانن لە هەڵکوتانە سەر فڕۆکەخانەکەمان


هێزێکی تایبەت کە تا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە، چوونە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت و دوای کردنە دەرەوەی بەڕیوەبەر و کارمەندەکانی و مانەوەیان بۆ چەند کاتژمێریک فڕۆکەخانەکەیان بەجێهێشت. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکەش بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی دوای ئاگاداربوونیان لە ڕووداوەکە "شێت" بوون بەم هێرشە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە بێ هەبوونی نوسراوو بەڵگەنامەی فەرمی، هێزێک هاتنە سەر فڕۆکەخانەکەمان. خۆم و کارمەندەکانیان دەرکرد و فڕۆکە خانەکەیان پشکنی."

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە وتی دوای ڕووداوەکە خۆی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی لەم هێرشە ئاگادارکردۆتەوە.

لەو بارەیەوە نەورۆز عەبدولقادر وتی،" دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عیراق پێیان وتین جگە لە ئێمە کەسی تر خاوەنی فڕۆکەخانە نیە، بۆیە تەواو توڕە و نیگەران بوون لە ڕووداوەکە."

فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکەوێتە شارۆچکەی عەربەت لە باشوری شاری سلێمانی و گەورەترین فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 2005 دامەزراوەو لە ساڵی 2007 بڕوانامەی ڕێ پێدانی بە مەبەستی قەڵاچۆکردنی ئافاتە کشتوکاڵیەکان بەدەستهێناوە و لە ساڵی 2017 وەک سێیەم فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان و حەوتەم فڕۆکەخانەی عێراق بە فەرمی ناسێنراوە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت وتیشی" هاتنی ئەو هێزە بۆسەر فڕۆکەخانەکەمان لە کاتێکدایە، ڕەنگە لەسەر فڕۆکەخانەکە شتیان پێگەشتبێت. بۆیە لیژنەیەکی بێ چەک هاتنە سەرمان کە فڕۆکەی هاتووچۆیان پێ بوو. خۆم و کارمەندەکانیان کردە دەرەوە. بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەناو فڕۆکە خانە مانەوە و ژورەکانیان پشکنی."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بەختیار مەحەمەد وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانیەوە لەسەر ئەم بابەتە بەڵام ناوبراو وتی ئەوان ئاگاداری ئەو ڕووداوە نین.

ئەو هێزەی بە پێی وتەی نەورۆز عەبدولقادر فڕۆکەخانەکەیان پشکنیوە لە کاتژمێر 9ی سەر لە بەیانیەوە هەتا کاتژمێر 2ی دوانیوەڕۆ لە نێو فڕۆکەخانەکە ماونەتەوە. بەڵام بە پێی وتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە هێشتا دیار نیە هیچ شتێکیان لەگەڵ خۆیان بردبێت.

نەورۆز عەبدولقادر وتی، " نیگەرانی ئێمە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، دەبوایە پێشوەخت لە هاتنی هێزەکە ئاگاداربکراینەتەوە. ناشکرێت خەڵکێکی نا پسپۆڕ بنێردرێتە سەرمان و بەڕیوەبەر لە ژورەکەی بکەنە دەرەوە."

هەرچەندە بەشیک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو هێزە بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت چوونەتە سەر فرؤکەخانەکە، بەڵام دەنگی ئەمەریکا ڕاستی و نا ڕاستی ئەو زانیاریەی بۆ پشتڕاست نەکرایەوە، چونکە پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیران دروست نەبوون.

نەورۆز عەبدولقادر بەڕیوەبەری فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ڕوونیشیکردەوە لەو هێزەی پرسیوە کە چوونەتە سەریان کە ئایە بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراقیان ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام ئەوان جەختیان کردۆتەوە کە بەرپرسانی عێراقیان ئاگادارکردۆتەوە ، لە کاتێکدا دواتر بەرپرسانی عێراق بێ ئاگایی خۆیان لە ڕووداوەکە نیشانداوە.

نەورۆز عەبدولقادر وتیشی" هێزەکە بە فڕۆکەی هاتووچۆ هاتنە سەرمان. نازانم ئەوان ئیشیان چیە لای ئێمە. ڕێگەشماندان بچنە ژورەوە هەتا هەڵەمان بەرامبەر نەکەن، چونکە ئێمە خەڵکی پڕۆفیشناڵ و ئەکادیمین."

XS
SM
MD
LG