Accessibility links

پاش کۆبونەوەکەی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی ڕەنگە وەزیرانی یەکێتی لە کۆبونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەبن


مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی
مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی

دوای کۆبونەوە کتوپڕەکەی ڕۆژی دووشەممەی نێوان سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی، ئەگەری هەیە هەموو یاخود چەند وەزیرێکی یەکێتی لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەبن بۆ یەکەم جار لە پاش چەندین مانگ لە بایکۆتکردنی کۆبونەوەکان، ئەمە بە گوێرەی سەرچاوەیەک لە نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە شاری هەولێر کۆببێتەوە. بە پێی زانیارییەکانی کە دەنگی ئەمەریکا بەدەستیهێناوە تیمی یەکێتی وەرەقەیەکیان ئامادە کردووە لە کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆی لەبارەوە بکرێت و تەواوی داواکارییەکانیانی تێدایە، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەشداری کردنیان نەدراوە.

سەرچاوەکەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ڕەنگە دارا رەشید وەزیری پلاندانان، یان بێگەرد تاڵەبانی و ئامانج رەحیم یاخود تەواوی تیمی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن. هێشتا بڕیار نەدراوە."

دوای تێپە‌ڕبوونی زیاتر لە 6 مانگ بە‌سە‌ر بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن تیمی حکومی یەکێتییەوە، ئەمڕۆ دووشەمە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری پێکەوە کۆبوونەوە.

لە مانگی 10 س ساڵی ڕابردوو ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی تەواو تەشەنەی سەند، بەتایبەت دوای تۆمەتبارکردنی ژمارەیەک پلەداری دژە تیرۆری یەکێتی بەکوشتنی عەقیدێکی دژە تیرۆر لە هەولێر بەناوی هاوکار جاف و تاوانبارکردنی پارتی بە گەمارۆی ئابووری خستنە سەر سلێمانی.

پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "بەشێک لە کێشەکانی نێوانمان لەگەڵ پارتی پەیوەست بوو بە حکومەتەوە. مادام گفتووگۆ دروستبووە، کەواتە گفتووگۆکان هەنگاوی تریشیان بەدوادا دێت."

"نێوەندگیری هەبووە"

کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دوای سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی باربارا لیڤ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دێت بۆ هەرێمی کوردستان، کە بەجیا چاوی بەهەردووکیان کەوت و هانیدان بۆ خاوکردنەوەی بارگرژییەکانی نێوانیان.

پۆڵا تاڵەبانی وتیشی، "نێوەنگیری هەبووە. پێشتریش وەفد سەردانی کاک قوبادی کردووە. مادام پارتی ئامادەیە گفتووگۆ بکات لەسەر کێشەکان، ئێمەش وەکو هەنگاوێکی ئەرێنی لێیدەڕوانین."

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، "لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشەو گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێممان کردو هەردوولا کۆک بووین لەسەر چارەسەری گشت کێشەکان بە رێگەی گفتووگۆ، هەروەها جەختمان لەسەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆیی کردەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و مافە دەستورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان."

سەرچاوەکەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "کاک مەسرور بانگهێشتی کاک قوبادی کرد و ئەویش سەردانی کردووە. ماوەیەکی زۆر پێکەوە گفتووگۆیان کرد. هەرچی گلەییان لەیەکتری هەبووە، ڕووبەڕوو باسیانکردووە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، تەواوی ئەو دۆسیانەی لە نێوان یەکێتی و پارتی دا کێشەلەسەرن، هەر لە ئابووری سلێمانی و دەروازە سنورییەکانەوە تا دەگاتە دۆسیە ئەمنییەکان بە ڕاشکاوانە گفتووگۆیان لەسەر کرد."

سەرچاوەکە، وتیشی،"لێکتێگەیشتنێکی باش دروستبووە و پێکەوە بەڵێنی چارەسەر کردنی کێشەکانیان داوە."

ڕاگرتنی هەڵمەتی میدیایی

ماوەی چەند ڕۆژێکە یەکێتی و پارتی هەڵمەتی میدیاییان بۆ سەر یەکتری خاو کردووەتەوە، کە ماوەی 6 مانگە لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە هێرشی بەردەوام دەکەنە سەر یەکتری و یەکتری بەهۆکاری خراپی دۆخی هەرێم تۆمەتبار دەکەن.

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی پێیوایە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەمەی نێوان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەنگاوێکی دروست بووە، "چونکە پارتی و یەکێتی بێ یەکتری ناتوانن حوکمی هەرێمی کوردستان بکەن."

هێڤیدار ئەحمەد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "زەرەرمەندی یەکەم لە ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی خەڵکی کوردستانە، لەکاتێکدا تەبایی و نزیکایەتی نێوانیان بەرژەوەندی خەڵکی تێدایە و دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی مەترسیش لەسەر هەرێم."

ئەو وتیشی، "خەریکە مەترسی دەرەکی لەسەر هەرێم دروست دەبێت. ئەم نزیکبوونەوەیە مەترسییەکان کەم دەکاتەوە."

هاوکات زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کۆبوونەوەیەکی زۆر باشبوو، بە تایبەت 6 مانگە تیمی یەکێتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی بایکۆت کردووە بەهۆی ئەو رەخنەو گلەییانەی هەمانبوو لەسەر ئابووری سلێمانی."

هەروەها وتیشی"دانیشتنەکەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت دانیشتنی تریشی بەدوادا دێت، تا لە داهاتوودا بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکەین.کۆبوونەوەکەش چاوەڕوانکراو بوو، چونکە سێ ڕۆژە دۆخەکە هێور کراوەتەوە."

XS
SM
MD
LG