Accessibility links

ئایا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دەچێتە خولی دووهەمەوە؟


بەپێی دوایین ڕاپرسییەکان لەسەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاستی پشتیوانیەکان بۆ هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی نیشتمانی لێک نزیکن.

ئیبراهیم ئوسلو پسپۆڕی پەیوەندییە سیاسییەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەپێی دوایین ڕاپرسییەکان ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە بچێتە خولی دووهەمەوە.

ئوسلو دەڵێت "لەم پێشبڕکێیەدا تا ئێستا هیچ ئەندامێک % 50 ی تێنەپەڕاندووە. هەندێک جار کەمال کلیچدارئۆغڵو و هەندێک جار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشڕەوی دەکەن. بەڵام، گرنگ ئەوەیە کێ لە قۆناغی یەکەمدا 50+1% بەدەستدەهێنێت."

بۆ ئەردۆغان، ئەمە یەکەمجارە لەماوەی 21 ساڵی ڕابردوودا کە بەرامبەر کاندیدێک ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆر ببێتەوە. ئوسلو هەروەها دەڵێت، ئەگەر ئەو دوو کاندیدە سەرکەوتن بەدەست نەهێنن، ئەوا لە 28ی مانگی پێنجدا قۆناغی دووهەمی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچێت.

ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە سیاسییەکان دەشڵێت "لەم هەڵبژاردنەدا هێشتا بەڕوونی نابینین کێ سەردەکەوێت. لە مێژووی تورکیادا تا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێک نەچووەتە خولی دووهەم. لە تورکیا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2018 سیستمنی قۆناغی دووهەم دەستیپێکرد. پێدەچێت بۆ یەکەمجار لەم هەڵبژاردنەدا ڕووبدات".

ئوسلو دەڵێت، ئەو وڵاتانەی سیستەمی هەڵبژاردنی دوو خولی بەڕێوەدەبەن، لەڕووی ئیدارەشەوە هەندێک جیاوازی دروست دەکەن "کاتێک هەڵبژاردن دەچێتە خولی دووهەمەوە، ئەو وڵاتانەی جیهان کە سیستەمی خولی دووهەمیان بەکارهێناوە شتێکی سەرنجڕاکێش پیشان دەدەن. ئەگەر ئەندامێک لە خولی یەکەمدا سەرکەوتوو بوو، ئەوا لە خولی دووهەمیشدا سەرکەوتوو دەبێت. ڕێژەی ئەمەش لەسەدا 85%."

توێژەر ئوسلو باس لەوە دەکات کە سیستەمی تورکیا جیاوازە لە سیستەمی وڵاتانی دیکە "ئێمە تەنها سەرۆک کۆمار هەڵنابژێرین، بەڵکو ئەندامانی پەرلەمانیش هەڵدەبژێرین. ئەمەش بتەوێت یان نا، زیاتر قۆناغی دووهەم دەهێنێتە ئاراوە."

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 14پێنجدا، ئەگەر یەک کاندید لەسەدا 50+1دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، هەڵبژاردن لە 28 ی پێنج ئەنجام دەدرێت.

XS
SM
MD
LG