نووسەرێکی ناسراوی ناسیۆنالیستی ڕووسی بە ناوی زاخار پریلێپین، ڕۆژی شەممە لە تەقینەوەیەکی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراودا بریندار بوو کە بووە هۆی کوژرانی شۆفێرەکەی و لێکۆڵەران دەڵێن تۆمەتبارێکی دەستبەسەرکراو دانی بەوەداناوە کە بەناوی ئۆکرانیا ڕۆڵی گێڕاوە.
بەرپرسانی ڕووسیا دەستبەجێ هێرشەکەیان خستە ئەستۆی ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا.
لێژنەی لێکۆڵینەوەی ویلایەتەکە ڕایگەیاندووە، ئۆتۆمبێلی ئاودی Q7 ی نووسەرەکە لە گوندێکی ناوچەی نیزنی نۆڤگۆرۆد تەقێنراوەتەوە کە نزیکەی 400 کم (250 میل) لە ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە، کردەوەیەکی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، پریلێپین گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
لیژنەکە وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە ئۆتۆمبێلە سپییەکە بە وەرگەڕاو لەسەر ڕێڕەوێک لە تەنیشت دارێکەوە کەوتووە .
دواتر لیژنەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لێکۆڵەران لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارێک دەکەن کە ناوی ئەلێکساندەر پێرمیاکۆڤە.
لە بەیاننامەکەدا دەڵێن "تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و، لە ڕەوتی لێپرسینەوەدا، شایەتحاڵی ئەوەی پێشکەش کردووە کە بە ڕێنماییەکانی خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی ئۆکرانیا مامەڵەی کردووە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دانی بەوەداناوە کە بۆمبەکەی لە دوورەوە تەقاندووەتەوە و هەڵاتووە بەڵام دەستگیرکراوە.
ئاژانسی هەواڵی تاس لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ڕایگەیاندووە، تۆمەتبارەکە "خەڵکی ئۆکرانیایە" و لە ڕابردوودا بە تاوانی دزیکردن سزای بەسەردا سەپێنراوە.
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری سەرچاوەیەکی فریاکەوتنەوە ڕایگەیاندووە، ڕەوشی پریلیپین سەختە و پزیشکەکان نەشتەرگەری بۆ دەکەن.
ناوبراو ڕۆماننووسە و پاڵەوانێکی ڕاشکاوانە لە شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیایە، و شانازی بە بەشداریکردنی لە شەڕی سەربازیدا کردووە لەوێ. ئەو سێیەم کەسایەتی دیار بوو کە لایەنگری شەڕ بوو لە دوای داگیرکاری تەواوەتی مۆسکۆ بۆ سەر وڵاتەکەی دراوسێی لە شوباتی 2022 کە بە بۆمب کرایە ئامانج.
ڕووسیا ئۆکرانیای بە هۆکاری کوژرانی ڕۆژنامەنووس داریا دوگینا و ڤلادلێن تاتارسکی بلۆگەری جەنگ لە دوو هێرشی پێشوودا زانیوە، و کیێڤیش ڕەتیکردووەتەوە دەستی لە کوشتنیاندا هەبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز