Accessibility links

ئێران هاووڵاتییەکی سوێدی لەسێدارە دەدات


دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 6ی مانگی پێنج، حەبیب فەرەجوڵڵا چەعب ناسراو بە حەبیب ئەسیود، هاووڵاتی سویدی بە ڕەچەڵەک ئێرانی لەسێدارە داوە.

میزان کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی دەزگای دادوەری ئێرانە، نووسیوێتی"بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە سزای لەسێدارەدانی حەبیب ئەسیود کە تاوانبار بووە بەوەی "سەرۆکی گرووپێکی تیرۆریستی بووە" و "کاری تیرۆریستی" لەنێوخۆی ئێران ئەنجامداوە، جێبەجێکردووە.

حەبیب ئەسیودی تەمەن 48 ساڵ مانگی 10ی ساڵی 2020 لە کاتی گەشتێکدا بۆ تورکیا ڕفێندرا و گواسترایەوە بۆ ئێران.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە هاوکاری گروپێکی قاچاخچی نێودەوڵەتی ئەسیودیان لە تورکیا ڕفاندبوو. چالاکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن کۆماری ئیسلامی بۆ گوشار خستنە سەر حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی لەو وڵاتانەدا، هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە دەڕفێنێت.

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی پێشتر حەبیب ئەسیودی وەک ڕێبەری پێشووی "بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی عەرەبی ئەهواز" ناو بردبوو کە گوایە دەستی لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر نمایشی هێزە چەکدارەکان لە ساڵی 2018 لە ئەهواز بووە.

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی عەرەبی ئەهواز لەلایەن ئێرانەوە وەک "گرووپێکی تیرۆریستی" دادەنرێت و بە هۆکاری ڕێکخستنی هێرشەکان لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە تاوانبار دەکرێت.

داواکارانی گشتی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەرکردەکانی دیکەی ئەو بزوتنەوەیە لە دانیمارک، هۆڵەندا و سوید جێگیرن و ئەو گرووپە لە لایەن سعودیەوە پاڵپشتی دارایی و لۆجستیکی وەرگرتووە.

دوای دەستبەسەرکردنی ئەسیود، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا، دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراوی بڵاو کردەوە کە تیایدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکی ساڵی 2018 بۆ سەر نمایشێکی سەربازی لە شاری ئەهوازی پارێزگای خوزستان ڕاگەیاندبوو کە دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن 25 کەسی تێدا کوژراوە و نزیکەی 250 کەسیش بریندار بوون.

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا، چەعب دانی بەوەدانابوو کە لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی سعودیە کاری کردووە.

ئەم جۆرە دانپێدانانە زۆرجار لەلایەن گروپەکانی مافەکانی مرۆڤەوە بە زۆرەملێ ناودەبرێن و شەرمەزار دەکرێن و دەڵێن زۆرجار لەژێر ئەشکەنجە و لەڕووی ناچارییەوە بەدەست دەهێنرێن.

تۆبیاس بیڵسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید توڕەیی خۆی لە لەسێدارەدانی حەبیب ئەسیۆد دەربڕیوە و ڕایگەیاندوە کە حکومەتی سوید داوای لە ئێران کردبوو کە سزای لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە سویدییە جێبەجێ نەکات.

گوتیشی "سزای لەسێدارەدان سزایەکی نامرۆڤانەیە و گەڕانەوەی نییە و سویدیش لەگەڵ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا لەهەر بارودۆخێکدا بەکارهێنانی ئەو سزایە شەرمەزار دەکات.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتەکانی ڕۆژئاوا چەندین جار ڕەخنەیان لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی گرتووە سەبارەت بە گرتن و ڕفاندنی هاووڵاتیانی بیانی و دەرکردنی سزای قورس و هەندێکجاریش کوشندە لە دژی ئەوکەسانە بە مەبەستی پێشخستنی ئامانجە سیاسییەکانیان.

سەرچاوەکان/ ئاژانسی فرانس پرێس/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG