Accessibility links

وەزیری بەرگری ئیسرائیل : پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بۆ ئاستی چەکی ئەتۆمی ڕەوشی هەرێمەکە دەشێوێنێت


وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ڕەنگە ئێران بڕی پێویستی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ پێنج چەکی ئەتۆمی هەبێت، و هۆشداریدا کە بەردەوامبوونی تاران لە پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ئاستی پلەی چەکی ئەتۆمی دەتوانێت "ڕەوشی ناوچەکە بشێوێنێت ".

لێدوانەکانی دەنگدانەوەی ئەو نیگەرانییە نێودەوڵەتیانەیە، کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زیادی کردووە، سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆمی تاران لە هەموو کاتێک زیاتر بەرەو ئاستی پلەی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی. شارەزایان باسیان لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەندە سووتەمەنی هەیە کە ئەگەر خواستی هەبێت ئەوا چەند بۆمبی ئەتۆمی لێی دروست دەکات.

یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە سەردانێکدا بۆ ئەسینای پایتەختی یۆنان ڕایگەیاند، "هەڵە مەکەن، ئێران بە یەک بۆمبی ئەتۆمی ڕازی نابێت".

یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ بەکارهێنان لە وێستگە ئەتۆمییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی لە خوار 20%ەوەیە، لەکاتێکدا 90% پیتاندنی بۆ چەکی ئەتۆمی بەکاردێت.

گالانت وتی: تا ئێستا ئێران کەرەستەی پیتێنراوی بۆ 20% و 60% بۆ پێنج چەکی ئەتۆمی دەستکەوتووە. وتیشی "پێشکەوتنی ئێران، بۆ پیتاندنی تا 90%، هەڵەیەکی گەورە دەبێت لەلایەن ئێرانەوە و دەتوانێت ناوچەکە بشێوێنێت".

سەرکردایەتی ئیسرائیل دەڵێن تەنیا بە هەڕەشەی کردەی سەربازی، ئێران لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەوەستێنرێت، لە کاتێکدا ئەمەریکا بە ئاشکرا لەگەڵ گەڕانەوە بۆ هەوڵە دیپلۆماسییە فرەلایەنەکانە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی مانگی ئازاری ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو، دوای ئەوەی ڕاپۆرتی دا کە گەردیلەی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لە شوێنێکی ئەتۆمی ژێرزەویدا دۆزراوەتەوە، پشکنین و چاودێریکردنی کامێرا لە هەندێک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێدەکاتەوە.

گالانت لە ئەسینای پایتەخت، لەلایەن نیکۆس پاناگیۆتۆپۆلۆس وەزیری بەرگری یۆنان میوانداری کرا. ئەو دوو سەرکردەیە بەڵێنیان دا کە هاوکاری سەربازی نێوان هەردوو وڵاتەکە زیاتربکەن.

یۆنان ساڵی ڕابردوو ناوەندێکی نێودەوڵەتیی مەشقی فڕۆکەوانی دەستپێکرد، بە هاوکاری ئیسرائیل و بەڵێندەری بەرگری ئیسرائیلی ئێلبیت لە گرێبەستێکدا بە بڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلار. وە مانگی ڕابردوو ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دابینکردنی مووشەکی دژە تانکی سپایک بە یۆنان لە ڕێکەوتنێکدا کە بەهای 400 ملیۆن دۆلارە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG