Accessibility links

هەندێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە لە کارەکانیان


ڕۆژی 3ی 5ی هەموو ساڵێک ڕۆژنامەنووسان لە هەموو شوێنێک یادی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکەنەوە بە خستنەڕووی هەل و ئاستەنگەکانی بەردەمیان. بۆ ژنانی کورد کە لەم کایە چالاکن، دەستدرێژی و هەراسانکردنی سێکسی ئەو گرفتەیە کە زۆرێکیان ڕووبەڕووی دەبنەوە و ناوێرن باسی لێوە بکەن.

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت کە ئەم پرسە لە هەرێمی کوردستان "حاڵەتە" و نەبووەتە دیاردە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایشارێتەوە کە "لە سلێمانی لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکمان هەیە کە هەندێکییان ئاماژەی گێچەلپێکردنن، هەندێکیشییان دەست بۆ بردنە و هەندێکیشییان بەریەک کەوتنە."

لای خۆشییەوە چالاکوانێکی ژنان، ئاڤان فارس جاف، دەڵێت پرسی هەراسانکردنی ژنان و کچانی ڕۆژنامەنوس بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان "کەیسێکی هەستیارە."

ئاڤان فارس جاف بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "بەداخەوە ئەو سەنتەر و ڕێکخراوانەی کار بۆ ڕۆژنامەوانان دەکەن بەو جۆرە گرنگی پێنادەن."

چیرۆکەکان

بۆ ئەم ڕاپۆرتەی دەنگی ئەمەریکا، چەند خانمێکی ڕۆژنامەوان باس لە نمونەی ئەو گێچەڵە سێکسییانە دەکەن کە بەهۆی کارەکانیانەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە. ئەوان دەڵێن کە گێچەڵەکان جگە لە بەرپرسانی ئەو دەزگایانەی کە کاریان تێدا دەکەن زۆر جاریش لەلایەن هەندێک لە بەرپرسانی سیاسی و کاربەدەستان ئەنجامدراون.

ئەو قوربانیانەی کە لەسەر ئەو پرسە لێدوانیان بۆ دەنگی ئەمەریکا دا داوایانکرد ناوەکانیان بڵاونەکرێتەوە بە هۆی هەستیاری بابەتەکە.

خانمە ڕۆژنامەوان (ن،ر) ماوەی پێنج ساڵە کاری ڕۆژنامەوانی بۆ یەکێک لە کەناڵە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت ئەوەی "بیرناچێتەوە" کە چۆن بەرپرسێکی یەکێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم هەراسانی کردووە.

ئەو چیرۆکەکەی بەم شێوەیە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی وتم"دەمەوێت موچەیەکی مانگانەت بۆ ببڕمەوە" منیش پرسیم، " بۆچی و بە چ سیفەتێک؟" ئەو پێی وتم"هیچ مەکە تەنها هەفتەی ڕۆژێک بۆ چەند سەعاتێک لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێک کەمێک پشوو بدەین" منیش وتم" مەبەستت شوێنەکە کافتریایە"؟ ئەویش پێی وتم "نانا باخێک، شوێنێکی لەوجۆرە"! ئیتر من توڕە بووم و تێلفۆنەکەم داخستەوە بەسەریدا."

بەڵام بۆ خانمە ڕۆژنامەوان (ی،ع) ئەو گێچەڵە لە ناو خودی دەزگاکەیەوە و لەلایەن بەڕێوبەری دامەزراوەکە بوو. دەڵێت بەوهۆیەوە بەرپرسەکەی لەکارەکەی دەریکردووە و دواتریش تەنها نیوەی موچەی مانگەکەی لە ژێر فشارێکی زۆر داوەتێ.

(ی-ع) کە ماوەی نزیکەی 10 ساڵە ڕۆژنامەوانە و ئێستا لەیەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکان کاردەکات بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەموو کاتێک بەم هۆکارە ئازاری دەروونی دەدام و لەچوارچێوەی پیشەکەم بچوکی دەکردمەوە و لەدوای دەرکردنیشم لەلای هاوپیشەکانم قسەلۆکی بۆ دروست کردم."

ئەو ڕەخنەی لە"بێ هەڵوێستی" سەندیکای ڕۆژنامەنوسان و سەنتەری داکۆکی کردن لە مافی ڕۆژنامەوانان گرت و وتی، " ئەم کەیسەم لەسەندیکای ڕۆژنامەنووسان وسەنتەری داکوکی کردن لە ڕۆژنامەنووسان باسکرد، بەڵام بێ هەڵوێست بوون."

(ز-ن ) ژنە ڕۆژنامەوانێکی ترە کە زیاتر لە 11 ساڵە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و ئێستا لەیەکێک لەکەناڵە ئاسمانییەکانی هەرێم کار دەکات. ئەو دەڵێت لە کارکردنیدا نمونەی "سەیری" بینیووە لە گێچەڵی سێکسی، بە تایبەت لەلایەن ئەو کەسانەی کە خاوەن پلەی بەڕێوبردنن.

ئەو دەڵێت ئەزموونی هەراسانکردنەکەی لە لایەن "کەسایەتیەکی سیاسی" کە پێشتر سەرسامبووە بە کەسایەتی و دەرکەوتنی.

(ز-ن ) ڕایگەیاند، "چومە نوسینگەکەی بۆ وەرگرتنی لێدوان، جا زۆر بە تامەزرۆی خۆم ئامادەکرد لە ڕووی فکری و سەقافیەوە تا پرسیارگەڵێکی باش و بەپێزی لێ بکەم، چونکە خەیاڵم وابوو کاتێکی وای نەبێت یان دەرفەتێک نەڕەخسێ جارێکی دیکە لێدوان بدات. بەڵام پێجەوانەی بیرکردنەوەی من، کاتێک چومە شوێنی کارەکە هەر لە یەکەم بینین هەستم کرد نا ئەمە کەسایەتیەکی دوو ڕووە و ماسک دارە، هەر لە هەڵسوکەوت و تێڕوانینی دەرکەوت کە دەیەوێت خۆی نزیک بکاتەوە هەر بۆیە نیوەی پرسیارەکانم بیر چۆوە."

دەشڵێت دوای هەستکردن بە فشارەکانی ئەو کەسە سیاسییە، بە "پەلە پەل" شوێنی چاوپێکەوتنەکەی جێهێشت، بەڵام دواتر لە لایەن ئەو کەسە نامەیەکی پێگەیشت کە نوسرابوو، "پێم خۆشە لە شوێنێکی تایبەت و بێ دەنگ یەکتر ببینین و چیت پێویستە هاوکاریت بکەم."

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "بەپەلە نامەکەم سریەوە و ژمارەکەم بلۆک کرد. من دەترسام ئاخر کەسایەتیەکی ئاوها ئەوە ڕەفتاری بێ دەبێ زۆر لام سەیر بوو. بەڕاستی هەمووان وەک ئەوە نین کە دەبینرێن."

پەردەپۆشکردنی ڕووداوەکان

بە گوێرەی کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی هەرێم، حاڵەتەکانی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی هەوڵی پەردەپۆشکردنیان دەدرێت بەهۆی هەستیاری بابەتەکە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە.

کاروان ئەنوەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " بەداخەوە دەڵێم کە هیچ کام لەو کەیسانە نەگەیەنراونەتە دادگا، بەڵکوئێمە لە ڕێگای سەندیکاوە چارەسەرمان کردووە ئەویش لەبەرئەوەی شتەکە بڵاونەبێتەوە، چونکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕەنگە بڵاوبونەوەی زیاتر لەسەر خانمەکە بکەوێت بەداخەوە. تەنانەت بەشێک لەو خانمانە لەڕێگای ئەندامە خانمەکانی سەندیکاوە سکاڵای گێچەڵەکەیان گەیاندووە و ئامادەنەبوون بە ئێمەش بڵێن."

دەشڵێت، "سەرنوسەر و لێپرسراوی دەزگا هەبووە داوای ئەوەی لەخانمە ڕۆژنامەنوسەکە کردووە کە تەنورەکەی کورت بکاتەوە، یاخود کە خانمەکە ئامادەنەبووە تەسلیمی ببێت ئەو خانمە یا کارەکەی لەدەستداوە یا سزای ئیداری دراوە."

ئەو ئاماژە دەکات هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە زیاتر لە ڕێگەی گفتوگۆ بووە لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاکان و دەڵێت، "قسەمان لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاکە کردووە، بۆ نمونە بۆ بابەتی تەنورەی کورت خاوەن دەزگا و بەرپرسەکانیان ڕەتیانکردۆتەوە کە بە مەبەستی گێچەڵکردن وایان وتبێت و وتویانە سیستمی دەزگاکە وایە."

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان وتیشی،" ئێمە کەسمان سزانەداوە چونکە کاتێک سەرنوسەر یا بەرپرسی دەزگاکەمان بانگکردووە بۆ نمونە سەبارەت بە داواکاری جل و بەرگ پێیان وتوین بەپێی گرێبەستی دەزگاکە بەوجۆرەیە ئەوەتا ڕۆژنامەنوسەکە خۆی واژۆی کردووە."

گرێبەست وەک بیانوو

وتیشی" ئێمە گیرۆدەی دەستی ئەو گرێبەستانەین، بەداخەوە بەهۆی نەبوونی یاسای کارەوە لەهەرێمی کوردستان هەر دەزگایەک بەدڵی خۆی بەندەکان دادەنێت"

دەربارەی ئەوەی ئەگەر مەبەستەکە بیانوو بوو بەخانمەکە گیرابوو بۆ خۆڕادەستکردنی نەک جێبەجێکردنی بڕگە و بەندی گرێبەستەکە، کاروان ئەنوەر وتی،" ئێمە دەسەڵاتی سزامان نییە، ئەوکاتە دەبێت پەنا ببنە بەر یاسا کە یاسا ىرگە و ماددەی هەیە سەبارەت بە هەراسانکردن، بەداخەوە لەبەر ئەوەی ناوی خانمەکە نەزڕدرێت ئێمە پەنامان بردۆتە بەر چۆن دەڵێی(سوڵح) بۆی ، چونکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا زیاتر لەسەر خانمان دەکەوێت."

کاروان ئەنوەر ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە هەوڵەکانی ڕۆژنامەنووسە ژنەکان بۆ شاردنەوەی ئەم جۆرە هەراسانکردنانە ڕێگرن لە گرتنەبەری هەڵوێستی گونجاو.

وتیشی،"بەڕاستی دەبێت خانمانیش سەندیکا بە مەرجەعی خۆیان بزانن و گرفتەکانیان بۆ باس بکەن. یاخود ئەگەر ڕوبکرێتە یاسا و دادگا باشترە چونکە ئەوکات دەقەکانی یاسای سزادانی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت؛ کە ڕۆژنامەنوسیش لەکاتی کارەکەیدا ڕووبەڕووی هەر گێچەلپێکردنێک بێتەوە وەک ئەوە وایە فەرمانبەرێک لەکاتی ئەرکی فەرمیدا ڕووبەڕووی ببێتەوە."

لای خۆشییەوە خانمە چالاکوانی ژنان ئاڤان فارس جاف پێیوایە کە هۆکارێکی بەردەوامی ئەو گێچەڵانە بریتییە لە "لاوازی و پێنەگەیشتنی خودی ڕۆژنامەوانە خانمەکە."

بەڵام سەرەڕای ئاستەنگەکان، ئاڤان جاف دەڵێت، " ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە خانمان خۆیان لە هەراسانکردنەکانیان بێدەنگ نەبوون چ جای ئەوانەی فریلانس کاردەکەن لەدەرەوە لەلایەن بەرپرسانەوە، یاخود ئەوانەی لە ژوورەکانی هەوال و ناو ئۆفیسەکان ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە."

XS
SM
MD
LG