ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران کە بە سەردانێکی فەرمی لە سوریایە ڕۆژی چوارشەممە پیرۆزبایی لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کرد بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆکان و بەدەستهێنانی "سەرکەوتن" لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە کە ماوەی 12 ساڵە بەردەوامە، کە تارانیش هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەسەد بووە لەو شەڕەدا.
تاران پشتیوانی ئابووری، سیاسی و سەربازیی پێشکەش بە سوریا کردووە، یارمەتی دیمەشقی داوە بۆ گەڕانەوەی خاکی لەدەستچوو و خۆی لە ڕۆڵێکی پێشەنگدا جێگیر بکات لە کاتێکدا ئەسەد هەوڵدەدات سەرنجی لەسەر ئاوەدانکردنەوە بێت.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی سوریا و ئاژانسی دەنگوباسی ئیرنای ئێران، ڕەئیسی بە ئەسەدی ڕاگەیاندووە، "حکومەت و گەلی سوریا بە سەختییەکی گەورەدا تێپەڕیون، ئەمڕۆش دەتوانین بڵێین سەرەرای ئەو هەڕەشە و سزایانەی بەسەرتاندا سەپێنراوە، هەموو ئەو کێشانەتان تێپەڕاندووە و سەرکەوتنتان بەدەستهێناوە."
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەسەد بە ڕەئیسی ڕاگەیاندووە، پەیوەندییەکانی سوریا و ئێران "لەکاتە سەختەکاندا سەقامگیر و جێگیر بووە سەرەڕای ناخۆشی سیاسی و ئاسایشی قورس کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە".
ئەسەد پێشوازی لە سەردانەکەی ڕەئیسی کرد بۆ سوریا کە یەکەمین سەردانی سەرۆکی ئێرانە بۆ ئەو وڵاتە لەو کاتەوەی شەڕی ناوخۆی سوریا 12 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد.
شەڕی سوریا زیاتر لە 500 هەزار کەسی کوشتووە و ملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون و ژێرخان و پیشەسازی وڵاتەکەی وێران کردووە.
ئەم سەردانە دوو ڕۆژەیە تەنها چەند هەفتەیەک دوای ڕێککەوتنە گرینگەکەی ئێران دێت بە نێوەندگیری چین، بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەی ڕکابەری ناوچەکە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی جەنجاڵی دیپلۆماسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆکایەتیی سوریا ڕایگەیاندووە، ژمارەیەک ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ دەکرێت، کە تا ئێستاش لە ژێر سزا قورسەکانی ڕۆژئاوادان.
شاندە گەورەکەی ئێران لە وەزیرانی کاروباری دەرەوە، بەرگری، نەوت، ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان و هەروەها پەیوەندییەکان پێکدێت.
دوایین سەرۆک کۆماری ئێران کە سەردانی پایتەختی سوریای کرد، مەحمود ئەحمەدی نژاد بوو، لە مانگی 9 ی ساڵی 2010دا.
سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدیش دوایین جار لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو سەردانی تارانی کرد، لە دووهەمین گەشتی فەرمیدا بۆ کۆماری ئیسلامی لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە وڵاتەکەی.
سەرچاوە: فرانس پرێس