Accessibility links

کیلیچدارئۆغڵو لە وان: بەڵێن دەدەم ئاشتی بۆ ئەم وڵاتە بهێنم


کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نیشتمانی، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەڵبژاردن بەشداری لە گردبوونەوەی پارتەکەی لە شاری وان کرد. دەنگدەرانی شارەکە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لێکرد و ئاڵای تورکیا و پارتی چەپی سەوز و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یان بەرز کردبووەوە.

کلیچدارئۆغڵو باسی لەوە کرد کە کێشەی دانیشتووانی ئەو شارە بە باشی دەزانێت و بەڵێنیشی دا کە ئاشتی بۆ تورکیا بهێنێت.

کلیچدارئۆغڵو لە پەیامەکەیدا گوتی "دەزانم ئێمە هێندەی جیهان کێشەمان هەیە. ئاگاداری هەموو کێشەکانتانم. بەڵام من بەڵێنێکم هەیە بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە؛ ئاشتی بۆ ئەم وڵاتە دەهێنم، ئارامی بۆ ئەم وڵاتە دەهێنم، برایەتی بۆ ئەم وڵاتە دەهێنم. لەم وڵاتەدا کەس بە هۆی ناسنامەکەیەوە جیاکاری ناکرێ. مرۆڤ بەنرخترین بوونەوەرە کە خودا دروستی کردووە و ئەوەیش جێگەی لەسەر سەرمە."

سەرۆکی جەهەپە تیشکی خستە سەر دیاریکردنی پەیڕەوی ناوخۆ لەسەر هاووڵاتیان و ڕایگەیاند، کۆتایی بە پێشێلکردنی دیموکراسی دەهێنێت.

"دەزانم زۆر نادادپەروەری گەورە ئەنجام دراوە. دەزانم دیموکراسییان لە ناو بردووە. دەزانم ئەو کەسانەی هەڵبژێردران لە ئەرکەکانیان دوور خراونەتەوە. هەموو ئەمانە چارەسەر دەکەین. بەڵێنتان پێدەدەم، ئەو یاسا سەیر و سەمەرانەی کە هێناویانە هەموی لادەبەین."

کیلیچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت بە ئارامی لە شارەکەیاندا بژین و یەکتر لە باوەش بگرن. وتی کە پێکەوە دەبن و پێکەوە دەچنە وان.

شایانی باسە لە پەرلەمانی تورکیا 8 نوێنەری شاری وان هەن. لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا هەدەپە 5 پەرلەمانتار و پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە 3 پەرلەمانتاری بەدەستهێنا.

XS
SM
MD
LG