Accessibility links

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران "هێرشی کیمیایی" بۆ سەر چەندین قوتابخانەی کچان ڕادەگەیەنن


ڕێکخراوەکانی کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی ناو ئێران دەبەستن دەڵێن ژەهراویکردنی خوێندکارە کچەکان لە قوتابخانەکانی ئێراندا بەردەوامە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "هێرشی کیمایی" کراوەتە سەر قوتابخانەی جەعفەری کچان لە کرماشان، و بەلایەنی 40 خوێندکاری کچ بەهۆی باری خراپی تەندروستییانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی محەمەد کرماشانی.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت هێرشی هاوشێوە کراوەتە سەر قوتابخانەی فاتمە لە هەرسین و بەهۆی نەبوونی پێداوستی تەندروستی لەوێ ئۆتۆمبێلی نەخۆشگواستنەوە لە بێستونەوە ڕەوانە کراوە.

ڕێکخراوی هەنگاو لە تویتێکی تریدا ئاماژە بە هێرشی هێزی تایبەت بۆ سەر ئامادەیی میعراجی کچان لە شاری سەقز دەکات و دەڵێت یەکێک لە خوێندکارەکان بەهۆی هێرشەکانی ئەو هێزانە بە سەختی بریندار بووە،

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیش گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوەو لەسەر ڕووداوەکەی سەقز دەڵێت " ئەمڕۆ دووشەممە 1 ی پێنج دوای هێرشی کیمایی بۆ سەرئامادەیی میعراجی کچان لە گەڕەکی شانازی سەقز، هێزەکانی یەکەی تایبەت بۆ سەرکوتکردنی نارەزایی بنەماڵەکانی خوێندکاران گەیشتنە بەردەم قوتابخانەکە.

چەند خوێندکارێک کە نیشانەی ژەهراوی بوونیان پێوە دیاربوو ڕەوانەی ناوەندە تەندروستییەکانی سەقز کران."

زنجیرەیەک ڕوودانی ژەهراویبوونی خوێندکارانی کچان لە شارە جیاجیاکانی ئێران و نەبوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی لەلایەن دامودەزگاکانی حکومەتەوە، ناڕەزایەتیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی مانگی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاو کردەوەو تیایدا ڕایگەیاند "ملیۆنان کچ لە قوتابخانەکاندا لە مەترسیدان لە کاتێکدا هێرشی گازی ژەهراوییە بەردەوامەکان کە بە مەبەست دەکرێن قوتابخانەکانی کچان دەکەنە ئامانج".

ڕێکخراوەکە گوتیشی پێدەچێت هێرشەکان بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان "هەڵمەتێکی هەماهەنگ" بێت بۆ سزادانی ئەو خوێندکارە کچانەی کە بەشداری ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"یان کردووە و جلوبەرگی قوتابخانە باڵاپۆشەکانیان لابردووە.

ژەهراویکردنی زنجیرەیی خوێندکارانی کچان لە قوتابخانەکانی ئێراندا، لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووەوە لە قوم دەستیپێکرد و بە خێرایی بۆ پارێزگاکانی دیکە بڵاوبووەوە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەم بارەیەوە لێدوانی جیا جیا ودژ بە یەکیان داوە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە مانگی سێدا وتی "ئەمە تاوانێکی گەورە و لێخۆشبوونی نییە. بەڵام ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی کۆماری ئێران، لە دوایین کاردانەوەی خۆیدا بەرامبەر ئەم پرسە، بە "پیلانێکی نوێی دوژمن بۆ درووستکردنی ترس لە دڵی خوێندکاراندا" ناودێریکرد.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا لە مانگی ڕابردوو گوتی "لەسەدا 90 ژەهراویبوون لە قوتابخانەکاندا بەهۆی خوێندکارە فێڵبازەکان بووە".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی ئیسلامی لە نێویاندا شەهریار حەیدەری ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان ئەم هێرشانەیان بە "ڕێکخراو" وەسف کردووە.

ڕێکخراوەی لێخۆشبوونی جیهانی لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتادا هەوڵی شاردنەوە و نکۆڵیکردنی ئەو پرسەیان داوە و هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و کاریگەریان لەسەر ئەم پرسە ئەنجام نەداوە و هەوڵی بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئەو پرسە دەدەن بە ترساندنی بنەماڵە و مامۆستایان و ڕۆژنامەنوسان.

XS
SM
MD
LG