Accessibility links

پەرلەمانی ئێران دەنگ دەدات بۆ دوورخستنەوەی وەزیرێک


پەرلەمانی ئێران دەنگیدا بۆ دەرکردنی وەزیری پیشەسازییەکانی وڵاتەکە بەهۆی گوایە خراپ بەڕێوەبردن، هاوکاتی ناڕەزایی بەرفراوان لە حکومەت.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، لە کۆی 290 ئەندامی پەرلەماندا 272 پەرلەمانتار لە دانیشتنەکە ئامادەبوون و لەوانەدا 162یان دەنگیان بە دوورخستنەوەی ڕەزا فاتمی ئەمین داوە.

فاتمی ئەمین لە ساڵی 2022شدا لێپێچێنوە لە پۆستەکەی کرا، بەڵام ئەو کاتە دەنگ بۆ دەرکردنی نەدرا.

ئەم بڕیارە دوای گفتوگۆی نێوان پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حکومەت هات کە لێپرسینەوەیان لە وەزیرەکە کردبو.

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بەرگری لە فاتمی ئەمین کرد و گوتی هەموو بوارەکانی پەیوەست بە دۆسێکەی بەرەوپێشچوون و داوای لە پەرلەمانتاران کرد وەزیرەکە بگەڕێننەوە سەر کارەکەی.

وتیشی "مەبەست ئەوەیە سەقامگیری لە وەزارەتدا گرنگە."

نەیارانی دەڵێن، وەزیرەکە نەیتوانیوە چالاکییەکانی لە بواری پیشەسازی و کان و بازرگانیدا بەڕێوەببات بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمەکان.

ئەم بڕیارەی پەرلەمانی ئێران شەشهەم گۆڕانکارییە لە کابینەکەی ڕەئیسیدا بکرێت لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵی دەستبەکاربوونیدا.

لە مانگی سێدا ڕەئیسی جێگری وەزیری کشتوکاڵ و بەرپرسی پلاندانان و بودجەی گۆڕی و هەروەها پاش دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان لە مانگی چواردا وەزیری پەروەردەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە. لە مانگی دوازدەشدا، وەزیری ڕێگاوبانی گۆڕی دوای ئەوەی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بوو. ساڵی ڕابردووشدا ڕەئیسی دوای ناڕەزایەتی کرێکاران و خانەنشینان لەسەر پارەدان، وەزیری کاری گۆڕی.

ئێران هێشتا لە دۆخێکی ناهەمواردایە دوای چەند مانگێک لە ناڕەزایەتییەکان و سەرکوتکردنی توندوتیژانەی هێزە ئاسایشییەکان دژ بە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی کە لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە کاتێک لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستگیرکرابوو ، هاتنە ئاراوە.

بارودۆخی ئابووری وڵاتەکە، لەوانەشدا بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک، زیاتر بووەتە هۆی توڕەیی بەربڵاو لە حکومەت. خانەنشینان، کرێکاران و مامۆستایان لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندیب جار ناڕەزایەتی و مانگرتنیان ئەنجامداوە.

دراوی ئێران لە نزمترین ئاستیدایە کە هەر دۆلارێک بەرامبەر 545 هەزار ڕیاڵە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کاریگەرییەکانی سزاکان دوای تێکچوونی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015دا ئابووری وڵاتەکەی هەژاندووە. لە کاتی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا نرخی دۆلارێک بەرامبەر بە 32 هەزار ڕیاڵی ئێرانی بوو.

XS
SM
MD
LG