Accessibility links

پوتن فەرمانێک بۆ سەپاندنی زیندانیکردنی هەتاهەتایی بۆ سزای خیانەت واژۆ دەکات


ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان لەوەتای دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکرانیا، ڕۆژی هەینی فەرمانێکی واژۆکرد و بە شێوەی فەرمی زۆرترین سزای خیانەتی بۆ زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەرز کردەوە.

ئەو فەرمانە لە ماڵپەڕی کرێملین بڵاوکراوەتەوە. یاسادانەرانی ئەو وڵاتە پێشتر دەنگیان دابوو بۆ بەرزکردنەوەی سزای خیانەت لە 20 ساڵ بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

یاسادانەرانی ڕووسیا هەروەها ئاستی سزایان بۆ ئەنجامدانی 'کردەوەی تیرۆریستی' کە وەک کردەوەیەک پێناسە دەکرێت کە ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە و ئامانج لێی ناسەقامگیرکردنی ڕووسیایە، لە 15 ساڵ بۆ20 ساڵ زیندانیکردن بەرزکردوەتەوە.

ئەوانەی کە بە تاوانی تێکدەردانە تاوانبار دەکرێن، ڕووبەڕووی سزای 20 ساڵ زیندانیکردن دەبنەوە، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە لە ژێر ناوی 'تیرۆری نێودەوڵەتی' سزا دەدرێن، سزای 12 ساڵیان بەسەردا دەسەپێندرێت. لە فەرمانەکەدا ڕوونی نەکراوەتەوە کە مەبەست لە تیرۆری نێودەوڵەتی بە ڕوونی چییە.

پوتن بڕیارە نوێیەکەی لە کاتێکدا واژۆ کردووە کە گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەسەڵاتداران هەوڵەکانیان بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن، چڕتر کردوەتەوە.

ڕووسیا ڕایدەگەیاندووە ئەو جۆرە یاسایانە بۆ پاراستنی وڵات لە دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا پێویستە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG