Accessibility links

شەڕ دەچێتە هەفتەی سێیەم لە سودان



بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان و تەقە و مووشەکی دژە فڕۆکە ئاسمانی خەرتومی هەژاند لە سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممەوە، لە کاتێکدا شەڕی توند لە نێوان سوپای سودان و هێزە نیمچە سەربازییەکانی سودان چووەتە هەفتەی سێیەمەوە، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەست نوێکرایەوە.

سودان لە دوای ئەوەی لە 15ی نیسانی ئەمساڵ شەڕ لە نێوان هێزەکانی لایەنگری عەبدولفەتاح ئەلبورهان، فەرماندەی سوپا و محەمەد حەمدان داقلۆی، فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی، سەریهەڵدا، خۆی خستۆتە ناو ئاژاوەگێڕی و بێ یاساییەوە.

بورهان و داقلۆ لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکەوە ڕێککەوتوون لەسەر چەندین ئاگربەست، بەڵام هیچیان بە شێوەیەکی کاریگەر دەستیان نەگرتەوە و هەر لایەنێک ئەوی دیکەیان بە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستانە تاوانبار دەکات.

دوایین ئاگربەستی سێ ڕۆژە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتنی لەسەر کرا دوای نێوەندگیری بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، سعودیە، یەکێتی ئەفریقا و نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاگربەستێکی درێژخایەنتر .

شایەتحاڵەکان لە باشووری خەرتوم بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، جارێکی دیکە بە دەنگی تەقینەوەی فڕۆکەی جەنگی و چەکی دژە فڕۆکە لە هەموو گەڕەکەکەمان لە خەو هەڵساین.

دانیشتوانی سەرتاسەری خەرتوم -- کە پێنج ملیۆن کەسی تێدایە -- تاڕادەیەکی زۆر لە ماڵەوە خۆیان حەشارداوە سەرەڕای کەمبوونەوەی دابینکردنی خۆراک و ئاو بۆ ئاستێکی مەترسیدار. هەندێکیان تەنها لە کاتی هێوربوونەوەیەکی کورتدا توانیان بە دزییەوە بچنە دەرەوە بۆ کڕینی پێداویستییە زۆر پێویستەکانیان.


لە کاتێکدا شەڕەکان لەسەر زەوی بەردەوام بوون، دوو ژەنەڕاڵە ڕکابەرەکە لە میدیاکاندا یەکتریان تۆمەتبارکرد، بورهان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلحورە کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، ڕکابەرەکەیانی بە میلیشیایەک کە ئامانجی "لەناوبردنی سودانە" ناوزەد کرد.

هەروەها ئیدیعای کرد کە "بەکرێگیراوان" لە چاد و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و نەیجەرەوە بەسەر سنوورەکاندا پەڕیونەتەوە بۆ ئەوەی ئەو ئاژاوەیە بقۆزنەوە.

داقلۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی، سەرۆکی سوپای سودانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، "جێی متمانە نییە" و "خائینە".

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سودان، تا ئێستا لانیکەم 512 کەس کوژراون و چوار هەزار و 193 کەسیش برینداربوون و ترسی ئەوەی هەیە ژمارەی کوژراوان زۆر زیاتر بێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، نزیکەی 75 هەزار کەس بەهۆی شەڕەکانی خەرتوم و ویلایەتی نیلی شین و کۆردۆفانی باکوور و هەروەها ناوچەی نائارامی ڕۆژئاوای دارفۆرەوە لە ناوخۆدا ئاوارە بوون.

بە دەیان هەزار سودانی هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ لەوانە میسر، ئەسیوپیا، چاد و باشووری سودان، هاوکات وڵاتانی بیانیش گواستنەوەی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانیان ئەنجامداوە.

بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە کۆتایی بە گەشتەکانی گواستنەوەی بۆ هاوڵاتیان و کەسوکاریان دەهێنێت، دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا زیاتر لە هەزار و 500 کەسی بە فڕۆکە گواستووەتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە دوایین ستافی نێودەوڵەتی وڵاتەکەی لە دارفورەوە گواستراونەتەوە.

بەرنامەی جیهانی خۆراک ڕایگەیاندووە، توندوتیژییەکان ملیۆنان کەسی دیکە دەخاتە ناو برسێتیەوە لە وڵاتێکدا کە 15 ملیۆن کەس - یەک لەسەر سێی دانیشتووان - لە ئێستاوە پێویستیان بە یارمەتی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە برسێتی.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG