وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری مەدرید لەگەڵ هاوتا ئیسپانییەکەی کۆبوویەوە و ئەمەش یەکەم سەردانی دیپلۆماسی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلە بۆ ئیسپانیا لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵی ڕابردوودا.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئای 24، وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵات لەسەر چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنی بە بڕی 330 ملیۆن دۆلار و بەرەیەکی یەکگرتوو لە دژی بەرنامە ناوکییەکەی حکومەتی ئێران ڕێککەوتوون.
سەردانەکەی ئیلی کۆهین بۆ ئیسپانیا بە تایبەتی لەو ڕووەوە گرنگە کە ئەو وڵاتە بەم زووانە پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا دەگرێتە ئەستۆ.
بەپێی ئەو هەواڵە، سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئیسپانیا هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئسرائیل بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی و بەرەیەکی یەکگرتووتر لە دژی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران.
وەزیرانی دەرەوەی ئیسرائیل و ئیسپانیا لە کۆبوونەوەکەیاندا هەروەها باسیان لە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان کردووە.
دوای کۆبوونەوەکەی ئەو دوو وەزیرە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتوە "کۆهین بە ڕوونی ئەوەی بۆ هاوتاکەی خستەڕوو کە ئیسرائیل دژی یارمەتییە مرۆییەکان نییە بۆ فەلەستینییەکان، بەڵکو بە توندی دژی گواستنەوەی پارەیە بۆ ئەو لایەنانەی کە هاندەری کاری تیرۆر و توندوتیژین."
وەزیری دەرەوەی ئێسرائیل لە بەیاننامەکەدا دەشڵێت "سوپاسی وەزیری دەرەوە ئەڵبارێس دەکەم بۆ هەڵوێستی یەکلاکەرەوە و پاڵپشتیەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە."
ئیلی کۆهین بە ئاماژەدان بە بەرەیەکی دیاریکراو لە دژی کۆماری ئیسلامی گوتی "فشارەکان بۆ سەر ئێران لە گەمارۆی ئابووری و سیاسییەوە بگرە تا هەڕەشەی سەربازی لەخۆدەگرێت".
جێی ئاماژەیە کە سەردانە ستراتیژییەکەی کۆهین بۆ ئیسپانیا لە کاتێکدایە کە چالاکییەکانی دژە ئیسرائیل و جوو لە پەرەسەندندایە و لە مانگی دووی ئەمساڵدا سەرۆکی شارەوانی بەرشەلۆنە دژایەتی خۆی و شارەکەی لەگەڵ 'ئەپارتایدی ئیسرائیل' ڕاگەیاند و دەستبەجێ کۆتایی بە گرێبەستی شارەکەی لەگەڵ تەلئەبیب هێنا. گرێبەستێک کە لە ساڵی 1998دا جێبەجێ کرابوو.
سەرچاوەکان/ئاژانسی هەواڵی ئای24/ تویتەر
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەگەڵ هاوتا ئیسپانیاییەکەی تاوتوێی هەڕەشەی ئەتۆمی ئێران دەکات