Accessibility links

هاوسەرۆکی هەدەپە پشتیوانی بۆ کلیچدارئۆغڵو ڕادەگەیەنێت


میتحەت سانجار هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)
میتحەت سانجار هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)

میتحەت سانجار هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا پشتگیری لە كەمال كلچدار ئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی میللەت دەكەین.و ڕایگەیاند کە ئامانجیان کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی تاک کەسییە.

لە قسەکانیدا لەگەڵ ئیسماعیل سەیماز، سەرنوسەری ڕۆژنامەی سۆزجو، سانجار ڕایگەیاند بەرنامەی کیلیچدارئۆغڵو لەگەڵ ئامانجەکانیاندا دەگونجێت.

سانجار ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ داواکارییەکیان بۆ پۆستی وەزاری و بیرۆکراتی لە کلیچدارئۆغڵو نەبووە. ئەمە یەکەمجارە هەدەپە بە ئاشکرا پشتیوانی لە کلیچدارئۆغڵو ڕادەگەیەنێت.

سانجار بە سەیمازی ڕاگەیاند، ئەم هەڵبژاردنەیان بە گرینگترین هەڵبژاردن لە مێژووی تورکیا دادەنێن و دوو ئامانجی ستراتیژییان هەیە. یەکەمیان کۆتایی هێنان بە حوکمڕانی تاکەکەسییە، دووەمیان ئەوەیە کە ببێتە کاریگەرترین هێز لە گۆڕانکاری دیموکراسیدا.

سانجار وتی: ئامانجمان کۆتاییهێنانە بە هەڵبژاردنەکان هەر لە یەکەم دەنگداندا، پێمان وایە ئەمە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ گۆڕانکاری دیموکراسی لە تورکیا.

سانجار ڕایگەیاند کە حکومەتی ئێستا وڵاتی گەیاندووەتە لێواری کارەسات و پێویستە بۆ ڕزگارکردنی وڵات کۆتایی بە دەسەڵاتی تاک کەسی بهێنرێت. ئەو پێی وایە سەرکەوتنی کلیچدارئۆغڵو هەنگاوێکی بەرچاو دەبێت بۆ کردنەوەی ڕێگەی دیموکراسی و سەروەری یاسا.

بەڵام سانجار هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە چاوەڕوان ناکەن بە سەرکەوتنی کیلیچدارئۆغڵویان گۆڕانکارییەکی دەستبەجێ و ڕیشەیی بۆ وڵاتەکە بهێنێتە ئاراوە.

لە کۆتاییدا وتی: ئێمە خۆمان وەک ئەکتەرێکی سەرەکی دەبینین کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم کارە ڕووبدات و گۆڕانکاری دیموکراسی مسۆگەر بکەین، هەر بۆیەش گرنگییەکی زۆر بە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەدەین، ئامانجی ستراتیژیمان گەیشتن بە زوورترین نوێنەرایەتی و بەدەستهێنانی پێگەیەکی سەرەکی لە پەرلەمان. لە ساڵیادی 100 هەمینی کۆماردا ئەرکی ئێمە کۆکردنەوەی کۆمارە لەگەڵ دیموکراسی و بنیاتنانی کۆمارێکی دێموکراتیک، بێگومان هەڵگری ئەرک و ئیرادەی یەکلاکەرەوە دەبین بۆ گەیشتن بە ئاشتی.

سەرچاوە/ ڕۆژنامەی سۆزجو

XS
SM
MD
LG