Accessibility links

چەند چاودێرێک دەڵێن هەرێمی کوردستان بەرەو "یاسای دارستان" دەڕوات


هەرێمی کوردستان لە چەند هەفتەی ڕابردوو چەند تاوانێکی دەگمەنی کوشتن و توندوتیژی جەستەیی و دەروونی تێدا تۆمارکراوە کە کاردانەوەی زۆریان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە دوای خۆیدا هێنا. هەندێک لە چاودێران و یاساناسان دەڵێن هۆکاری سەرەکی ئەو ڕووداوانە بریتییە لە سەروەرنەبوونی یاسا و قوڵبوونەوەی دابەشکاری لەسەر بنەمای ناوچەگەری نێوان پارتی و یەکێتی، هۆشداریش دەدەن لەوەی ئەو بارودۆخە هەرێمی کوردستان بەرەو مەترسی و هەڵدێر دەبات.

دەریا محەمەد، پارێزەر لە دادگای کۆیە، دەڵێت هۆکارێکی سەرەکی زیادبوونی تاوانەکان بریتییە لە بەردەوامی ناسەقامگیری سیاسی و ڕەنگدانەوەی دابەشکاری هەرێم لە نێوان دوو زۆنی "سەوز و زەرد" لەسەر دادگا.

دەریا محەمەد
دەریا محەمەد

دەریا محەمەد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ، "ئەم دوو ئیدارەیی و دوو زۆنییە زۆر ڕەنگی داوەتەوە لە ناو دادگاکانیشدا، ئاستەنگی بۆ کاری دادگا و پۆلیس دروستکردووە بەهۆی داڵدەدانی تۆمەتبارانەوە لەلایەنی یەکترەوە. ئەمەش وەها دەکات کە سیستم و دامەزراوە نامێنێ بەرەو شتێک دەڕۆین کە 'یاسای دارستانە' چونکە ئامانجی یاسا ڕێکخستنە کە ئەم ڕێکخستنە نەما بێگومان بەهێزەکان بێهێزەکان دەخۆن وەک ئێستای کوردستان. "

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو (23-4-2023) کاوە بازیانی، کەسایەتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازیی سلێمانی دوای سێ ڕۆژ لە بریندارکردنی گیانی لەدەستدا. دوو ڕۆژ دوای ئەوە ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند جگە لە دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە هەروەها عەلی سیاسی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتبارەکە.

بەڵام دوای دەستگیرکردنەکە چەندین چالاکوان گومانیان خستە سەر تۆمەتەکەی ئاسایشی هەولێر و دەڵێن گوایە هۆکاری دەستگریکردنی دەگەڕێتەوە بۆ کاری عەلی سیاسی لە بواری جینۆساید و کۆمەڵگەی مەدەنی و تۆمەتبارکردنی چەند بەرپرسێک تێوەگلان لە تاوانی ئەنفال. دەشڵێن بەڵگەش ئەوەیە لە پاش دەستگیردنیان، ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنەکەیان بە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە وەک ئەوەی تێرۆرست دەستگیرکرابێت، بەڵام هەفتەیەک پێش ئەوە، برای بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر کە ئەفسەرە بە دەمانچە کەسێکی کوشت لەسەر وەک دەڵێن" فول لایت" و هیچ بەو شێوازە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرا و تەنانەت لە میدیاکانی دەسەڵات ناویشی ئاشکرا نەکرا و تەنیا نووسیویانە تۆمەتبار (م.ص.ع).

ڕۆژی چوارشەممەش لە ڕووداوێکی تەقەکردندا قایمقامی ڕواندز ئەحمەد قادر کرایە ئامانج. هەرچەندە قایمقام لە ڕووداوەکە ڕزگاری بوو، بەڵام بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند کە تەقەکردنەکە ڕەهەندی سیاسی هەیە چونکە کەسانی تۆمەتبار لە ڕووداوەکە سەر بە یەکێتین و بەهۆی "دووژمنداری" لەسەر کەیسیکی کوشتنی پێش 1991 کارەکەیان ئەنجامداوە بەرامبەر بە قایمقام کە پارتییە.

هەرچەندە هەتا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە یەکێتی و پارتی ڕۆڵیان هەبووبێت لە ڕووداوەکەی ڕەواندز، بەڵام هەندێک لە چاودێران دەڵین ناکۆکیەکانی ئەو دوو حیزبە کاریگەری هەیە لەسەر ئاڕاستەی کێشە "عەشایریەکانیش" چونکە هەر لایەنێک لە کێشەکە پاڵدەدات بە حزبێک.

چاودێرێکیش هۆشیاری دەدات کە پارتی و یەکێتی لە هەندێک کەیس کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە بۆ "تەسفییەی حسابات."

ئیبراهیم عەلی
ئیبراهیم عەلی

ئیبراهیم عەلی، چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەوان، دەڵێت، "بەردەوامی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار. هەردوولایان بە وردی سەرقاڵی ئەوەن کە کێ کێشەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ یەکتر هەیە بۆ لێدان لە پێگەی یەکتر. هانی لایەنە نەیارەکان دەدەن تۆڵەی خۆیان بکەنەوە. "


هەڵهاتن بۆ زۆنی یەکتر

ساڵی ڕابردوو لە ناو بازاڕی چەمچەماڵ ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش بە دەسڕێژی گولـلە کوژرا. هەر ئەو کات کەسوکاری کوژراوەکە وتیان کوڕەکەیان لەسەر نووسینی کۆمێنتێک لە فەیسبووک لەلایەن کوڕێکی عەبدوڵای کوێخا موبارەکەوە کوژراوە "

عەبدوڵای کوێخا موبارەک بەرپرسێکی سەربازی و کۆمەڵایەتی یەکێتی نیشتمانی بوو لە چەمچەماڵ و دوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانی ئەو بزوتنەوەیە و وەک هەڵسوڕاوێکی دیار کاری دەکرد. بەڵام دواتر ڕایگەیاند ناڕازییە لە بزوتنەوەی گۆڕان و دەستی لە کارکێشایەوە. لە دوای دروستبوونی ڕووداوی کوشتنەکەی چەمچەماڵیش پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و دەوترێت لەلایەن ئەو حزبەوە فەوجێکی بۆ دروستکرا.

یەکێتی بەردەوام پارتی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەبدوڵای کوێخا موبارەک و کوڕەکەی دەرچووە بە تۆمەتی کوشتن لە سلێمانی، بەڵام پارتی داڵدەی داوە و هێزی بۆ دروستکردووە.

ئەمە تاکە کەیسی هاوشێوە نییە لە هەرێمی کوردستان. پارتیش بە هەمان شێوە یەکێتی تۆمەتبار دەکات بەوەی گوایە داڵدەی تۆمەتبارانی داوە لە "زۆنی سەوز".

هونەر ڕەشید ئاغا شێتنەیی کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی بادینان کە زیندانی کرا بە تۆمەتی کوشتن هەرچەندە خۆی تۆمەتەکە ڕەتیدەکاتەوە. بەڵام پاش ئازادکردنی بەکەفالەت لە هەولێر ، ڕایکردە سلێمانی و لە ئێستادا لەناو دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی کاردەکات.

هەندێک لە چاودێران دەڵێن ئەم شێوازەی مامەڵەکردنە زۆر جار لە لایەن هەردوو حزب بەکارهێندراوە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری سیاسی، بە تایبەت لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ چارەسەری کۆمەڵایەتی لە دەرەوەی یاسا.

دیندار نەجمان دۆسکی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش ساڵی ڕابردوو پاش ئەوەی کەسێکی نزیکی خزمی خۆی کوژرا لەسەر کێشەی زەوی و زار کەسوکارەکەی دیندار نەجمانیان وەک بکوژ و تۆمەتبار ناوهێنا. دواتر میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێم بڵاوییان کردەوە دیندار نەجمان دۆسکی وازی لە یەکگرتوو هێناوە و چۆتە ناو پارتیەوە، حزبەکەش سوڵحی عەشایەری بۆ کردووە و کۆتایی بەکێشەکەی بۆ هێناوە لەگەڵ خانەوادەی بکوژ.


کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان

بە بڕوای کۆمەڵناسان داڵدەدانی تۆمەتباران و بەخشینییان لە سزا و یاسا، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و دەروونی تاکی کۆمەڵگا کردووە.

ئازاد جەلال
ئازاد جەلال

لەو ڕووەوە ئازاد جەلال کۆمەڵناس بە دەنگی ئەمەریکای وت، "کاریگەری ئەم داڵدەدانە ئەوەیە کە ئێستا ئێمە دەیبینین لە سەرتاشین دەستیپێکرد و ئەتکردنی مرۆڤ، کە ئەم کاریگەریە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لەکەدار بکات. ناخۆشترین ونەشیاوترین شت ئەوەیە کە تەکنیکی ئابڕوبردن لەم داڵدەدانە سەریهەڵداوە."

ئەو کۆمەڵناسە وتیشی، "من ئەم جەژنە هەستم بەوە کرد مرۆڤ حەز دەکات بگەڕێتەوە بۆ ژینگەی خێڵ بۆ ئەوەی بپارێزێت چونکە لەوە تێگەیشتووە کە دامەزراوەی کۆمەڵایەتی و مەدەنی لەم وڵاتە نەماوە ناچار دەبێت پەنا دەباتە بەر خێڵ یان عەشرەتێک بۆ ئەوەی کە دووچاری شتێک ببێتەوە پەنای بۆ ببات. بەداخەوە ئەمە لێکەوتەکانیەتی کە ئەم سەرەنجامەی بەرهەم هێناوە."

بە بڕوای پارێزەر دەریا محەمەد، داڵدەدانی تۆمەتباران و دەسەڵاتی حزبەکان مەترسی ڕاستەوخۆی دروستکردووە لەسەر دەستەڵاتی یاسا لە هەرێم.

دەریا محەمەد دەڵێت، "زۆر زۆر ترسناکە لە هەر وڵاتێکدا کە دەسەڵاتی دادوەری لەلایەن حزبەوە کۆنترۆڵ بکرێت و ئاڕاستە بکرێت. ئەوەی کە دەبێتە قوربانی خەڵکی هەژارە."

وتیشی، "بەداخەوە ئەوەی لە کوردستان دەیبینین ئەوەیە یاسا جێبەجێ ناکرێت، یاخود ئەو یاسایانە جێبەجێدەکرێت کە لە بەرژەوەندی حزب و کەسانی دەستڕۆیشتوون. ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندی ئەوان نەبێت ئەوە جێبەجێ ناکرێت."


کاریگەری لەسەر کاری پۆلیس

بەرپرسانی پۆلیس و ئەمنی ئەوە ناشارنەوە کە داڵدەدانی تۆمەتباران لەلایەن حزبەکانەوە کاریگەری کردووە لەسەر زیادبوونی ڕێژەی تاوان و بەربەست بۆ کاری ئەوان.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی فەرمی پۆلیسی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم داڵدەدانە ڕووداوی وەکو ئەوەی چەمچەماڵی لێدەکەوێتەوە، ڕووداوی وەک ئەوەی کاوە بازیانی و ئەوانەی لێدەکەوێتەوە."

سەرکەوت ئەحمەد
سەرکەوت ئەحمەد

ئەم قسانەی وتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی لە کاتێکدایە، کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژرا. دواتر ڕاگەیەنرا لەلایەن کەسوکاری کوژراوەکەی ئاسایش لە ساڵی ڕابردوو، کوڕەکەی عەبدوڵا موبارەک کوژراوەتەوە.

یەکێتی و پارتیش نکۆڵی ناکەن

خودی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی لە لیژنەی ناوخۆ ئاسایشی پەرلەمانی هەرێم ئەوە ناشارنەوە داڵدەدانی تۆمەتباران مەترسیدارە.

باڵانبۆ محەمەد
باڵانبۆ محەمەد

باڵانبۆ محەمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی هەرێم و ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، " بەداخەوە داڵدەدانی تۆمەتباران لەلایەن حزبەکانەوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە هەموو ڕوویەکەوە. ئەگەر ببینرێت یاسا سەروەر بووە ئەو کەسانە تاوان ناکەن. بەڵام کاتێک دەزانن داڵدە دەدرێن کەواتە ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی تاوان."


باڵانبۆ وتیشی، "هەولێر شارێک بووە هەموو کەسێک شانازیی پێوە کردووە کە کلتوری ڕەسەنی کوردی تێدا بەردەوام بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی دەستوەردانی حزبییەوە بووە بە تەکساس بەداخەوە ڕۆژانە تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت بۆ نموونە سەری خەڵک دەتاشرێت لەسەر بیروڕای سیاسی. "

ئەرشەد حسێن
ئەرشەد حسێن

لای خۆشیەوە ئەرشەد حسێن ئەندامی هەمان لیژنە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "داڵدەدانی تۆمەتباران وایکردووە کە کەسی تۆمەتبار بێ منەت بێت لە یاسا، هەرچەندە کاریگەری نەکردۆتە سەر یاسا و یاسا هەر سەروەرە. ئێمە دژی هەموو داڵدانێکین. "

هاوکات قسەکانی جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی ڕەتکردەوە و وتی، "هەولێر لە هەموو شوێنێک کەمتر ئەو حاڵەتانە (داڵدەدان) هەیە. هەولێر لە هەموو شوێنەکانی تر ئارامترە. ئەو حاڵەتانەی هەیە تاوانەکە ڕێوشوێێنی یاسایی خۆی گیراوەتەبەر."

لە کۆتایی دا وتیشی، "ئەوانەی یەکێتی کە هاتوونەتە ناو ئێرە زۆر کەمن بە پەنجەکانی دەست دەژمێرن."

XS
SM
MD
LG