وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە لوبنان کرد زاڵبێت بەسەر بنبەستی سیاسیدا و سەرۆکێک هەڵبژێرێت و داوای لە حکومەتەکانی دەرەوەش کرد دەستوەردان نەکەن لە هەڵبژاردنەکاندا.
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان وتی "هانی هەموو لایەنەکانی لوبنان دەدەین کە هەڵبژاردنی سەرۆکێک خێراتر بکەن."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی " ئێمە پشتیوانی لە هەر هەڵبژاردن و ڕێککەوتنێک دەکەین کە لە نێوان هەموو لایەنە لوبنانییەکاندا ئەنجام بدرێت و داوا لە لایەنە بیانییەکانی دیکەش دەکەین کە ڕێز لە هەڵبژاردنی لوبنانییەکان بگرن بەبێ ئەوەی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەدا بکەن."
لوبنان کە لە قەیرانێکی ئابووریی قوڵدایە، نزیکەی شەش مانگە بێ سەرۆکە، لە نێو بنبەستی نێوان سیاسییە دووبارەبووەکاندا.
کابینەیەکی کاربەڕێکەر کە دەسەڵاتی سنوورداری هەیە لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردووەوە سەرۆکایەتی دەکات، دوای ئەوەی ڕاپرسییەکان زۆرینەی ڕوونیان بە هیچ لایەنێک نەدا.
بزووتنەوەی حزبوڵای شیعە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و دەسەڵاتێکی گەورەی بەسەر ژینگەی سیاسی لوبناندا هەیە، پشتگیری لە سلێمان فەرەنجییە لایەنگری سوریای کرد بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان.
پێش ئەو پشتگیرییە، حزبوڵا و هاوپەیمانەکانی دەنگەکانیان تێکدابوو لە میانی 11 هەوڵی سەرکەوتوو نەبوو لە پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی جێنشینی میشێل عەونی سەرۆک کۆمار، هەندێک لە پەرلەمانتاران ئەو گروپەیان تۆمەتبار کردبوو بە ئاستەنگ لە دەنگدانەکەدا.
ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، لە دووهەمین سەردانی ئەمساڵدا بۆ بەیروت وتی " بەرپرسانی لوبنان و هەموو لایەن و لایەنە سیاسییەکانی وڵات توانا و لێهاتوویی ئەوەیان هەیە کە بگەنە کۆدەنگی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار."
وڵاتانی وەک فەرەنسا، ئەمەریکا و سعودیە ڕاوێژکاری بەردەوام لەسەر لوبنان ئەنجام دەدەن. نوێنەرانیان لە مانگی دوودا لە پاریس کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قەیرانەکە، بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە بەدەستبهێنن.
حەسەن نەسروڵا سەرۆکی حزبوڵای لوبنان هۆشداری دەدات لەوەی سەرۆک کۆماری داهاتوو ناتوانێت لە واشنتۆن نزیک بێت، کە بە "دەستوەردان" لە کاروباری لوبنان تۆمەتباری دەکات.
فەرەنجییە دۆستێکی خودی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریایە و لە مێژە لە ڕیزی هەڵبژاردە پەسەندکراوەکانی حزبوڵایە بۆ سەرۆک کۆمار دادەنرێت.
سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس