Accessibility links

کۆمیتەیەکی کۆنگرێس پرۆژە "یاسای مەهسا" بۆ سزادانی بەرپرسانی ئێران پەسەند دەکات


کۆمیتەی کاروباری دەرەوەیی ئەنجومەنی نوێنەری ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە تێکڕای دەنگ یاسای پێشنیازکراوی "مەهسا"ی بەرەوپێش برد کە لە دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران لەسەرکوشتنی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی)، لەلایەن چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمەریکاوە پێشنیازکرا.

جیما بانکس ئەندامی کۆنگرێس نوێنەری ویلایەتی ئیندیانا لە تویتێکدا بڕیارەکەی کۆمیتەکەی ڕاگەیاندووە و سوپاسی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەیی ئەنجومەنی نوێنەرانی زۆرینە کۆماریی کردووەو دەڵێت " پڕۆژە یاسای من بۆ سزادانی ئایەتوڵڵا و بازنەی دەوروبەرییەتی. کۆنگرێس پشودرێژنابێت لەگەڵ پێشێلکارییەکانی ڕێژێمی ئێران بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ."

جیم بانکس، لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵدا، پرۆژەیاسای"مەهسا"ی پێشنیار کرد بۆ سزادانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، و کەسان و دامەزراوە نزیکەکانیان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانی کردن لە تیرۆر.

مشتومڕکردن لەسەر ئەم پێشنیازە پاش هەوڵی چەند کەس لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێرانی-ئەمەریکیایی، بە پشتیوانی دەیان نوێنەری دیموکرات و کۆمارییەکان بەڕێوەچوو.

ئەم پلانە یاساییە ئەگەر پەسەند بکرێت، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناچار دەکات هەندێک جار بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی هەندێک سزا بدات.

دێرێل ئیسا، ئەندامی کۆماریخوازی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی کۆبوونەوەکە، لە بەیاننامەی دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا دەقی پێشنیازی "یاسای مەهسا"ی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پێویستە ئەمەریکا هەموو دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی بەکاربهێنێت تا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی واز لە چەوساندنەوەی هاووڵاتیانی خۆی بهێنێت.

جەختیشی لەوە کردەوە کە بەشێک لە سزاکانی ئێستا لەلایەن ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتی پێشووی دانۆڵد ترامپ بەشێکیشیان لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە سەپێنراون و ئەم پلانە یاساییە "دوولایەنەیە".

مەرگی ژینا (مەهسا ئەمینی) کچە کوردێکی خەڵکی سەقز لە 16 ی مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوو، لە کاتێکدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە لە تاران بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرە ملێ دەستگیرکرابوو، بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران. ئەو خۆپیشاندانانەی بە شۆرشی ژینا ناسران بوون بە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ڕژێمی ئێران لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە.

لەو خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس کوژران لە ناویاندا ئەندامانی پۆلیسیش بە هەزاران کەس برینداربوون و بە دەیان هەزار کەسیش دەسگیرکران.

XS
SM
MD
LG