Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا نیگەرانی لەسەر سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی ئەڵمانی لە ئێران دەردەبڕێت


دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕۆژی چوارشەممە سزای لەسێدارەدانی بۆ هاووڵاتییەکی ئەڵمانی-ئێرانی لەسەر تەقینەوەیەکی کوشندە لە مزگەوتێکدا لە ساڵی 2008 پشتڕاستکردەوە، بڕیارێک کە بەرلین بە "قبووڵنەکراو" ناودێری کرد.

مەسعود ستایشی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری لە تاران بە ڕۆژنامەوانانی "سزاکەی جەمشید شەرمەهد لەلایەن دادگای باڵا پەسەندکراوە پەسەند کرا" و گوتیشی " ڕێوشوێنەکانی پێش لەسێدارەدانی پاشان دەگیرێتەبەر."

ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، بڕیارەکە "قبووڵ ناکرێت" و شارمەهد "هەرگیز بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی نەکراوە."

بێربۆک لە ڕاگەیاندنێکی لە تۆڕی کۆمەڵایتەی تویتەر دەڵێت " داوا لە ئێران دەکەین ئەم سزا هەڕەمەکییە دەستبەجێ هەڵبوەشێنێتەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە ئێران گەشتێکی کاری کورتکردووەتەوە و لە ڕێگەی گەڕانەوەیە بۆ تاران.

پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو، ئەڵمانیا بەهۆی ئەو هەواڵانەی لەبارەی بڕیارەکەوە بڵاوبووەتەوە "نیگەرانە"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ڕاست بن دۆخەکە "لەڕادەبەدەر گرژە".

دادگای شۆڕشی تاران لە مانگی دوودا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر شەرمەهددا سەپاند، دوای ئەوەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە هێرشێکی مانگی چواری ساڵی 2008 لە شاری شیراز تاوانبار کرا کە 14 کەسی تێدا کوژرا.

ئاڵمانیا ئەو سزایەی شەرمەزار کرد و دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە بەرلین بە کەسایەتی نەخوازراو ڕاگەیاند و فەرمانی دا وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

لە وەڵامدا تارانیش دوو دیپلۆماتی ئەڵمانی لە مانگی ڕابردوو لە وڵاتەکە دەرکرد.

هەروەها داواکارانی گشتی شەرمەهدی دانیشتووی ئەمەریکایان تۆمەتبار کردبوو کە پەیوەندی لەگەڵ " ئێف بی ئای و سی ئای ئەی" دروستکردووە و "هەوڵی پەیوەندیکردن بە مۆسادی ئیسرائیلیەوە داوە".

دەسەڵاتدارانی ئێران لە مانگی هەشتی 2020دا ڕایانگەیاند کە شەرمەهد لە ڕووداوێکدا کە بە "ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز" ناودێریان کرد، دەستگیرکراوە، هیچ وردەکارییەکی دیاریکراویان لەبارەی دەستگیرکردنەکەیەوە نەخستەڕوو.

بنەماڵەکەی دەڵێن لە کاتی ترانزێتدا لە دوبەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە ڕفێندراوە و دواتر براوە بۆ ئێران.

لانیکەم 16 خاوەن پاسپۆرتی ڕۆژئاوایی کە شەش کەسیان فەرەنسیاین بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە ئێران دەستبەسەرن. زۆربەیان دوو ڕەگەزنامەیان هەیە کە ئێران دانیان پێدا نانێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس، تویتەر


XS
SM
MD
LG