Accessibility links

نەوەکانی شێخ سەعیدی پیران داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەن جێگای گۆڕی باپیریان ئاشکرا بکرێت


دۆسێ
دۆسێ

دادگای ناوچەی پێنجی ئانکەرە بۆ یەکەمجار لەسەر شوێنی گۆڕەکەی شێخ سەعیدی پیران دانیشتنی ئەنجام دا.

ئەم دۆسێیە لەسەر داوای نەوەکانی شێخ سەعید و کۆمەڵەی شێخ سەعید و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ناسراو بە بارۆی ئامەد کرایەوە.

شێخ سەعید و هاوڕێکانی لە 25 مانگی شەشی ساڵی 1925 لە ئامەد لەسێدارەدران. لەو کاتەوە تا ئێستا شوێنی بەخاکسپاردنی تەرمەکانیان دیاری نەکراوە.
شێخ سەعیدی پیران بۆ کورد بە هێمای شۆڕش و بەرخۆدان ناسراوە.

کۆمەڵەی شێخ سەعید و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد بەشداریان لەم دۆسیەیەدا کرد لە دادگای ناوچەی پێنجی ئانکەرە، بۆ دۆزینەوەی شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و 46 هاوڕێی.

بنەماڵەی شێخ سەعید سەرەتا لە ساڵی 2009 داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ کرد بۆ ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕەکەی، بەڵام وەزارەت داواکەی ڕەتکردەوە. ئەو بنەماڵەیە پاشان سکاڵاکەیان نارد بۆ ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیا (TBMM) ، بەڵام جارێکی تر داواکارییەکە ڕەتکرایەوە.

دیادین فرات نەوەی شێخ سەعید
دیادین فرات نەوەی شێخ سەعید

دیادین فرات، نەوەیەکی شێخ سەعید، ڕۆژی سێشەممە پاش دانیشتنەکەی دادگا بە دەنگی ئەمەریکاى ڕاگەیاند، "داواکارییەکەمان بەتەواوەتی ڕەتکرایەوە. دوای ئەوەی ئەنجامی نەبوو، پارێزەرانی کۆمەڵەی شێخ سەعید لە دادگای ناوچەی پێنج لە ئانکەرە سکاڵایان تۆمار کرد. ئەمڕۆ دانیشتنێک هەبوو. دادگا ڕایگەیاند کە لە ماوەی 15 ڕۆژدا بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات."

جگە لە شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی، تا ئێستا شوێنی گۆڕی سەید ڕەزا و سەیدی کوردی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئاشکرا نەکراوە.

دیادین فرات دەڵێت، دەوڵەت بە هەموو شێوەیەک مافی کورد پێشێل دەکات "ئەمە شێوازێکی سیستمی تورکیایە. ئەم سیستمە هەر کەسێک بە دوژمنی خۆی بزانێت یان لەناو دەبات یان بێسەروشوێنی دەکات. نەک تەنها بۆ شێخ سەعید، لە دۆسێی سەید ڕەزاشدا هەمان شتە، لە دۆسیەی سەیدی کوردیشدا ئەمەمان بینی. دەشڵێت، دەوڵەتی تورکیا نیگەرانی و ترسی لە مردووەکانیشمان هەیە."

دادگای ناوچەی پێنجی ئانکەرە
دادگای ناوچەی پێنجی ئانکەرە


سەبارەت بەوەی ئایا بڕیارەکەی دادگا ئەرێنی دەبێت یان نەرێنی، دیادین فرات گوتی "ئێستا هەڵبژاردنێکمان لە پێشە. ڕەنگە ئاکەپە بڵێت کۆمەڵەی شێخ سەعید داوای کردووە و پێویستە ئەوە بخەینەڕوو. ڕەنگە ئاکەپە ئەمە بکات بۆ پڕوپاگەندەکانی بۆ ڕاکێشانی دەنگی کورد. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە، پێموانییە بتوانن شوێنەکە دیاری بکەن."

دادگای ئانکەرە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی ئەم دانیشتنە نەداوە. بەڵام بەگوێرەی وتەکانی نەوەکەی شێخ سەعید، دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە هیچ بەڵگەنامەیەکی ئەرشیفییان نییە سەبارەت بەم زانیاریانە.

دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرمن ئەیوب دەمیر لە ئانکەرە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:38 0:00
XS
SM
MD
LG