Accessibility links

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1600 میدیای مۆڵەتپێدراو و هەزارانی بێ مۆڵەت هەن


دوای تێپەڕبوونی 125 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، سەرەڕای بوونی زیاتر لە 1600 میدیا، بەڵام بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان گلەیی ئەوە دەکەن کە میدیای کوردی لە ڕووی چەندایەتییەوە پێش کەوتووە نەک چۆنایەتی.

لەو ڕووەوە کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە ڕووی چەندایەتیەوە پێشکەوتنی گەورە هەیە، بەڵام لە ڕووی چۆنایەتیەوە نەخێر پێشکەوتن نەبووە.

وتیشی: جگە لە هەندێک کەناڵی فەرمی نەبێت، ئەوانی تر بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ میدیا و دادگاکان و هەم بۆ ئەو لایەنانەی بەرپرسن و دەسەڵاتی دادوەری. "


دوای 32 ساڵ لە ڕاپەڕین چی لە دۆخی میدیای کوردی هات؟

لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991ی هەرێمی کوردستان چەند میدیایەکی کەمی کوردی هەبوو، کە تەنها ئۆرگانی فەرمی بەرەی کوردستانی و حزبە کوردییەکانی ئەو سەردەمە بوون، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان پێییان وایە دەسەڵاتی کوردی لە ماوەی دەسەڵاتیدا نەیتوانیووە خزمەت بە بواری ڕۆژنامەگەری کوردی بکات.

سلێمان عه‌بدوڵا، سه‌رنووسه‌ری ده‌زگای خه‌ندان
سلێمان عه‌بدوڵا، سه‌رنووسه‌ری ده‌زگای خه‌ندان

ڕۆژنامەنووس سلێمان عەبدوڵا یونس دەڵێت، لە دوای زیاتر لە 30 ساڵ بەداخەوە چیدی دەسەڵاتێک نییە مایەی هیوا بێت، دەسەڵاتێک نییە ئامرازی خزمەتکردن و بەدیهێنانی خەونە نیشتمانییە پیرۆزەکان بێت، ئێستا دەسەڵاتێکە بێباک و بێدەربەست هەرگیز لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی گەلێکی قوربانیدەری مەزن نییە.


بەڵام ڕۆژنامەنووس هێمن ساڵح بۆچونی جیاوازی هەیە و پێی وایە دۆخی ڕۆژنامەگەری لە ماوەی دەسەڵاتی کوردیدا گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆوە بینیووە.

هێمن ساڵح
هێمن ساڵح

لەو ڕووەوە هێمن ساڵح بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەگەر بەراورد بە پێش ئەو 30 ساڵە بکەین بێگومان دەسەڵاتی سیاسی کوردستان جیاوازی زۆری لەگەڵ دەسەڵاتی ڕژێمی سەدامدا هەبووە، ئەو کات تەنیا میدیایەک بووە کە شوناسی لە ڕای دەسەڵاتێک کردووە کە سەدامی دیکتاتۆر بووە، بەڵام ئێستا دەیان و سەدان کەناڵ هەن و جگە لە حزبە دەسەڵاتدارەکان ئەوە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش خاوەنی کەناڵ و میدیایی خۆیانن.

وتیشی کەوابێت گۆڕانکارییەکی جەوهەری بەدیهاتووە بەراورد بە 30 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، بەڵام ڕەنگە بۆ ئەمڕۆ ئەوەی ئێستا هەیە لە ئاستی داوا و تموحی خەڵکی بە گشتی نەبێت، چونکە لە ڕاستیدا تاوەکو ئێستا ئێمە میدیایی نیشتمانی و سەربەخۆمان نییە، بەڵکو هەموو میدیاکان یان ئی دەسەڵاتن یان ئی ئۆپۆزسیۆنن، میدیایەک نییە نیشتمانیانە کۆمەڵگا ئاڕاستە بکات و سەربەخۆ بێت لەو ئاڕاستەکردنە.


ژمارەی ڕۆژنامەنووس و میدیاکان:

یەکەم ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنی کوردی لە 22ی مانگی چواری ساڵی 1898 لە لایەن(میقداد مەدحەت) بەدرخانەوە لە قاهیرە بە زمانی کوردی دەرچوو.

کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان

بە پێی وتەی کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1600 میدیا(بە بینراو و بیستراو و نووسراو و دیجیتاڵ میدیا)ی مۆڵەتدار هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی 8500 کەسیش وەک ڕۆژنامەنووس ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانن، جگە لەوانەی ئەندامی سەندیکا نین.

کاروان ئەنوەر ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت: جگە لەو 1600 میدیا مۆڵەتپێدراوە، بە هەزاران میدیای تر هەن کە پەخش و بڵاوکراوەیان هەیە لە سۆشیاڵ میدیا و دەزگاکان کە ئێمە ناومان ناون، میدیای سێبەر، یان بندیوار.

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت، ئەگەر ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا بکەین، دەبینین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا زۆر زیاتر نییە بەبەراورد بە هەرێمی کوردستان، بەڵام ژمارەی ئەندامانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتێکی وەک ئوردەن زیاترە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ئوردەن چەندین ملیۆن کەسه.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەردەمی پێش ڕاپەڕین جگە لە ڕادیۆ کوردییەکانی شاخ، تەلەفزیۆنی کوردی کەرکوک و ڕۆژنامەی هاوکاری هەبوون.

ڕۆژنامەنووس سلێمان عەبدوڵا دەڵێت قاتوقڕی میدیایی گۆڕیووە بە پاشاگەردانی ، زۆروبۆری نیعمەت نییە، بەڵکو یەکێکی دیکەیە لە نەهامەتییەکانی دنیای میدیایی ئێمە.

هەروەها ڕۆژنامەنوس هێمن ساڵح ئەوە ناشارێتەوە کە ئەویش نیگەرانەلە زۆری ژمارەی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاننکار.

هێمن ساڵح دەڵێت: لە ڕاستیدا منیش نیگەرانم لەو دۆخە زۆری و بۆری و فەوزا میدیاییە کە لەبری میدیا لە هەرێمی کوردستان ببێتە هۆکار بۆ ئاڕاستە و پەروەردەکردنی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئەرێنی، زۆر جار ئاڕاستەی کۆمەڵگای کردووە بۆ کاری خراپ و تێکبەردانی کۆمەڵایەتی و سیاسی.

هێمن ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبوایە میدیا و سۆشیال میدیا لە پرسی زۆر تاوانی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی ئەرێنیان هەبوایە، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە میدیاکان ڕێک ئاڕاستەی کۆمەڵگایان کردووە بۆ تاوان و خۆکوشتن و دووبارەکردنەوەی تاوان و شەڕکردن لەسەر شکانەوەی ئۆتۆمبێل و ئەو حاڵەتانەی کە پێشتر لە کۆمەڵگا تەنیا حاڵەت بوون، ئێستا وا میدیا و سۆشیال میدیای بێ پرەنسیپ و دایک و باوک، وەهایان لێ کردوون ببنە دیاردە، لەبری کار بۆ چارەسەرکردنی بکەن، ناخۆشتریان کردووە.


نەبوونی فلتەر:

بۆ زۆرێک لە چاودێرانی میدیا و خودی ڕۆژنامەنووسانیش ئێستا فلتەری تەواو نییە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پێدا تێپەڕێن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ڕۆژنامەنووس هێمن ساڵح دەڵێت، بە ڕای من هەریەک لەو دامەزراوانە (سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ) کەم تا زۆر کاریان کردووە بۆ دانانی فلتەری پێویست لەسەر میدیاکان، بەڵام ئەوانیش کەمتەرخەمبوون و بە ئەرکی تەواو ڕاستەقینەی خۆیان هەڵنەستاون، کە ڕەنگە ئەوەش هۆکاری زۆری لە پشتیەوە هەبێت.

هێمن ساڵح ئەوەشی وت: فەوزاکە بە شێوەیەکە ئەو دامەزراوانە توانای کۆنتڕۆڵکردنیان بەسەریاندا نییە، میدیاکان هەمووی حزبین، چ ئی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن بن، کار لەسەر ناشرینکردنی یەکتر دەکەن، ئەو دامەزراوانە دەسەڵاتیان بەسەریاندا بەو جۆرە نییە، بتوانن سزایان بدەن یان بتوانن فلتەر و کۆنتڕۆڵیان بکەن لەسەر بنەمای یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها وتی: وابزانم بابەتی سۆشیال میدیاش کێشەیەکی جیهانیە کە خەڵکانێک بە شاراوەیی لە پشتەوە کار دەکەن و لادەری دەکەن و یاسا شکێنی دەکەن، بەڵام ناتوانرێ دەستنیشان بکرێن بۆ سزادان و چارەسەرکردنیان.

سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان دانی بەوەدا نا کە ناتوانرێت کۆنترۆڵی میدیاکان بە تەواوی بکرێت.

کاروان ئەنوەر دەڵێت: فلتەر نییە لەو دیجیتاڵ میدیایانەی کە مۆڵەتی فەرمییان نییە، بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت شت بڵاوبکاتەوە لەبەر نەناسراوی کەس و سێرڤەرەکە، دەستی یاسای ناگاتێ، کۆنترۆڵمان نەکردووە و ناشتوانین کۆنترۆڵی بکەین ، تا کەیسێک دەدۆزینەوە سەدان کەیس بە نادیاری دەمێننەوە.

هەر لەم بارەیەوە ڕۆژنامەنووس سلێمان عەبدوڵا یونس دەڵێت، میدیای کوردی میدیایەکی گیرۆدەی دەستی حزبۆکراتیەت و مۆنۆپۆڵی جۆراوجۆرە، میدیایەکە لە ژێر هەژمونی سوشیاڵمیدیایەکی ئاڕاستەکراوی بێ ئیتیکدا دەناڵێنێت و سەرچاوەکانی داهات و زانیاری لەلایەن پارتە سیاسیەکانەوە قۆرخکراوە و لە دۆخێکی دژواری ناسروشتیدایە و پێویستی بە هێز و دنیابینیەکی جیاواز و ڕزگارکەرە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕاستەڕێ ببێتەوە.


مەیدانی شەڕەکە گواستراوەتەوە بۆ سۆشیاڵ میدیا:

هەر وەک سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەڵێت، جگە لە 1600 میدیای مۆڵەتپێدراو، هەزاران میدیای (بندیوار و سێبەر)ی بێ مۆڵەت هەن کە زۆرینەیان لە سۆشیاڵ میدیا بابەتەکانیان بڵاو دەکەنەوە.

لەو ڕووەوە کاروان ئەنوەر دەڵێت، ئێستا میدیا و دیجیتاڵ میدیا بوونەتە مەیدانێکی خراپ بۆ یەکلاییکردنەوەی شەڕەکان، شەڕی بازرگان و سیاسی ، کۆمپانیا و تاکە کەسی و گروپ و عەشیرەت و چەندەها شەڕی تر.

وتیشی، هەر بازرگان و کەس و سیاسییەک بیەوێت گەنجێک یان کۆمەڵێکی شارەزا دەدۆزێتەوە بە بڕێک پارە پەیجێکیان بۆ دادەنێت و هەزاران لایکی بە پارە بۆ دەکڕێت و ئیتر دەیکاتە مەیدانێک بۆ شەڕەکانی خۆی.

هەروەها ڕۆژنامەنوس هێمن ساڵح دەڵێت، کاتێک میدیا دەبێت بە فەوزا و کۆمەڵێک میدیا و سۆشیال میدیا بوونیان دەبێت کە هیچ سەرچاوەیەکیان دیار نییە وەکو هیچ هێزێکی کەسی و مەعنەوی بەرپرسیاریەتیان لە ئەستۆ ناگرێت لێرەدا گرفتەکە سەرهەڵدەدات.

وتیشی، لێرەدا لەبری ئەوەی زۆری میدیا ببێتە کاریگەری بەهێز بۆ باشکردن و ئاڕاستەکردن و پێشکەوتن و فشار، خۆی دەبێتە کەناڵێک بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و تێکدان و تێکبەردانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئەوەش دواجار بە زیان دەشکێتەوە بۆ سەر هەموو لایەک، ئەوەی ئێستا هەیە تێکەڵ بووە لە هەردوو ئاڕاستە، ئاڕاستەی باش و ئاڕاستەی خراپ کە خراپەکە بەهێزترە.

ڕۆژنامەنوس سلێمان عەبدوڵاش ئەمە بە کارەسات وەسف دەکات و دەڵێت: ڕاستیەکەی ئەوەی کارەساتە میدیاییەکەی دروستکردووە ڕێک ئەو واقعەیە، ئەم بەرفرانبوونە بەرفرانبوونێکی سرووشتی نییە و نەبوونی پێوەر و فلتەر هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر میدیای بەرپرسیار و خاوەن ئیتیک و پرنسیپی ڕۆژنامەوانی.


XS
SM
MD
LG