Accessibility links

شارەکانی کوردستان و پارێزگا سوننەکان ئەمڕۆ جەژنیان کرد لە کاتێکدا نووسینگەی خامنەیی ڕایگەیاندوە کە سبەی جەژنی ڕەمەزانە


لە کاتێکدا نووسینگەی ڕیبەری باڵای ئێران ڕۆژی شەممەی وەک جەژنی ڕەمەزان ڕاگەیاندوە، بەڵام شارە سوننەکانی ئێران لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان و شارەکانی کوردستان ئەمڕۆ نوێژی جەژنیان کرد.

بە پێی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕیبەری باڵای ئێران، بڕیارە دوای سێ ساڵ لە ڕاگرتنی نوێژی جەژن بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، عەلی خامنەیی سبەینێ نوێژی جەژن لە مزگەوتی تاران بخوێنێت.

وڵاتانی دراوسێی ئێران لەوانە سعودیە و تورکیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئەمڕۆیان وەک جەژن ڕاگەیاندوە.

لە شارەکانی کوردستان لە ئێرانیش نوێژی جەژن بەڕێوەچوو، هاوکات بنەماڵەی کۆژراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران سەردانی گۆڕستانەکانیان کرد و بە خوێندنەوەی سروودی کوردی، یادی ئازیزەکانیان کردەوە.

هەروەها بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکان ئەمڕۆ هەزاران کەسی لە زاهیدان چوونەتە مزگەوتی مەکی بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژن بە بەرنوێژی مەولوی عەبدولحەمید.

ئەو وێنە و ڕاپۆرتانەی لە تۆڕەکان و میدیا ناوخۆییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، پیشاندەری ئەوەیە کە ئەمساڵ نوێژی جەژنی ڕەمەزان لەو شارەدا بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە ساڵانی ڕابردوو ئەنجامدراوە.

مەولوی عەبدولحەمید، ئیمامی ئەهلی سوننەتی زاهدان، ڕۆژی هەینی 21ی ئەم مانگە لە کاتی نوێژی جەژندا ڕووبە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گوتی "ناڕەزایەتی مافی خەڵکە و پێویستە گوێڕایەڵی داواکارییەکانی خەڵک بن."

لە فایلێکی دەنگیدا کە لە لایەن کەناڵی تێلێگرامی مەولوی عەبدولحەمیدەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسایەتییە ئاینییە دەڵێت خواستی خەڵک ئازادی زیندانیانی سیاسییە و دواجاریش خواستی زۆرینەی ڕەهای گەلی ئێران دەبێ لەبەرچاو بگیرێت.

ئەو گوتی "بەوە نییە خەڵک ئێستا بێدەنگن، ماناکەی ئەوە بێت کە ڕازین، خەڵک ناڕەزاییە و ئازار و ناڕەحەتییەکی زۆری هەیە. پێویستە لەگەڵ ئەم خەڵکە دابنیشین و قسە بکەن و ڕەزامەندیان وەربگرن و کێشە و پرسەکانیان بە هەر شێوەیەک چارەسەر بکەن."

مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو دوای کۆتایی هاتنی نوێژی هەینی لە شاری زاهیدان، تێکهەڵچوونێکی توند لە نێوان هێزەکانی ئێران و خۆپیشاندەران ڕووی دا و لە ئەنجامدا بە پێی ڕاپۆرتەکان زیاتر لە 100 کەس کوژران و نزیکەی 300 کەسیش بریندار بوون.


XS
SM
MD
LG