پۆلیسی کەنەدا لێکۆڵینەوە لە دزینی زیاتر لە 20ملیۆن دۆلار زێڕ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پیرسۆن لە تۆرۆنتۆ دەکات.
پۆلیسی کەنەدا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە بە بڕی زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلاری کەنەدا کە یەکسانە بە 15 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکا، زێڕ و کەلوپەلی بەنرخی دیکە دزراوە.
پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندوە "دوای ئەوەی فڕۆکەکە ڕۆژی دووشەممە لە فڕۆکەخانە نیشتووەتەوە، بارەکە خاڵیکراوە و بردراوە بۆ دامەزراوەیەکی ڕاگرتن کە ئەمەش بەپێی ڕێکارە ئاساییەکان بووە، بەڵام دوای ماوەیەک بارەکە ون بووە."
وردەکارییەکانیان لە بارەی ئەوەی بارەکە لە چی وڵاتێکەوە هاتووە و بڕیاربووە بڕواتە کام وڵات، نەخراوەتەڕوو.
دزییەکە دەتوانێت یەکێک بێت لە گەورەترین دزیەکان کە لە مێژووی کەنەدا ڕوویدابێت.
لە ساڵی 1990یشدا دزییەکی دیکە لە ناو فڕۆکەخانە لە کەنەدا بووە هەواڵ و جێگای سەرنجی جیهان. لەو ساڵەدا چەند دزێکی چەکدار توانیان بە بەهای نزیکەی چواردە ملیۆن دۆلار زێڕ و کەلوپەلی بەنرخی دیکە لە فڕۆکەیەکی تایبەت بدزن و ئەم دزییەش بە یەکێک لە گەورەترین دزییەکانی کەنەدا دادەنرا لەو کاتەدا.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز