Accessibility links

کاردانەوەی ئێرانییەکان بەرامبەر ڕەتکردنەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی بۆ ڕیفراندۆم


شارەزایانی سیاسی و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیای ئێران ڕەخنەیان لە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران گرتووە، دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا ڕیفراندۆمی جەماوەری لەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەت ڕەتکردەوە.

ئێران ساڵی ڕابردوو ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی دژ بە حکومەت بووەوە، ئەمەش وایکرد حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران پێشنیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر سیاسەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە بکات.

ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی جەماوەری سەبارەت بە سیاسەتەکانی دەوڵەت ڕەتکردەوە و وتی کە دژی ئەوە چونکە "هەموو خەڵک دەسەڵاتی شیکردنەوەی ئەو پرسەیان نییە کە دەخرێتە ڕیفراندۆمەوە".

ئێران لە ساڵی ڕابردوودا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەتدا ڕووبەڕووی داوای ڕیفراندۆم بۆ خودی کۆماری ئیسلامی بووەوە .

ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کە دوا قسەی لەسەر ئەم جۆرە سیاسەتانە هەیە، لە کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆدا پرسیاری لەبارەیەوە خستە ڕوو، و ئەو بیرۆکەیەی ڕەتکردەوە.

خامنەیی وتی: "لە کوێی جیهان ئەمە دەکرێت؟ ئایا دەکرێت ڕیفراندۆم بۆ پرسە جۆراوجۆرەکانی وڵات ئەنجام بدرێت؟". ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ هەر یەک پرس، وڵات بۆ ماوەی شەش مانگ خەریکی مشتومڕ و گفتوگۆ دەبوو، بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕیفراندۆم لەسەر ئەو پرسە ئەنجام بدرێت.

شارەزایانی سیاسی و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیای ئێران رەخنەیان لەم بڕیارەی خامنەیی گرتووە.

حەمەد شێبانی ڕاد، چالاکی سیاسی دانیشتووی فەرەنسا، بە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند "دوای 44 ساڵ هیچ گۆڕانکارییەک" لە بیرکردنەوەی کۆماری ئیسلامی دا درووستنەبووە و "لە قسەکانی ئەم دواییەی خامنەیی بۆت دەردەکەوێت کە دەڵێت خەڵک ناکارامەن و توانانی شیکردنەوەی پرسەکان و هەڵبژاردنی دروستیان نیە لە ڕیفراندۆمدا."

شێبانی ڕاد، وتەبێژی کاتی پارتی ئێرانی نوێ جەختی لەوەش کرد "ئەو رژێمەی کە لە فەلسەفەی سوور و ڕەشەوە سەرچاوەی گرتووە نە گۆڕاوە و نە دەتوانێت بگۆڕێت، بەڵکو دەتوانرێت بڕوخێنرێت."

مەحمود مورادخانی، کوڕەزای خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە لە تویتێکدا نووسی: ڕیفراندۆم و هەڵبژاردن لە ڕوانگەی عەلی خامنەیی تەنیا کاتێک مانادارە کە پێشوەختە ئەنجامەکەی دیاری بکات.

بە گوتەی مورادخانی کە دژایەتی کۆماری ئیسلامی دەکات، "عەلی خامنەیی دەڵێ: بەڵێ بۆ دامەزراندن، هەرگیز بۆ هەڵبژاردن!"

هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و پەرلەمانی ئێران لە لایەن ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێ. بەپێی دەستووری ئێران ڕیفراندۆم تەنیا لەو کاتەدا دەکرێت کە دوو لەسەر سێی مەجلیس دەنگی پێ بدەن و دەستەیەکی دەستووری 12 کەسی پەسەندی بکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG