شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران دڕەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕاگەیاند، هێزی دەریایی ئێران ژێردەریاییەکی ئەمەریکی لەکاتی چوونە ناو کەنداودا ناچارکرد دووربکەوێتەوە، بەڵام هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕوویدابێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژێردەریایی ئەمەریکی لەکاتی ژێرئاوکەوتندا نزیکبووەوە، بەڵام ژێردەریایی ئێرانی فاتح دەستنیشانی کرد و مانۆڕی ئەنجامدا بۆ ئەوەی ناچاری بکات بەسەر ئاودا بێت کاتێک بەناو گەرووی (هورمز)دا تێدەپەڕی. هەروەها چووبووە ناو ئاوەکانی خاکمانەوە بەڵام دوای ئاگادارکردنەوە ڕێڕەوی خۆی ڕاستکردەوە".
ئێران وتی: ئەم ژێردەریاییە هەموو توانای خۆی بەکا رهێناوە بۆ ئەوەی بە بێدەنگییەکی تەواو و بێ ئەوەی دەستنیشان بکرێت تێپەڕێت. "بە دڵنیاییەوە ئێمە ئەو ڕاستییە بۆ دەزگا نێودەوڵەتییەکان ڕوون ئەکەینەوە کە سنووری ئێمەی پێشێل کردووە".
هێزی دەریایی ئەمەریکا کە بنکەکەی لە بەحرەین، ئەو ئیدیعایەی ئێرانی ڕەتکردەوە و بە "زانیاری ناڕاست"ی ئێرانی ناوی بردووە.
فەرماندە تیمۆسی هۆکینز بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "هیچ ژێردەریایییەکی ئەمەریکی لەم دواییانەدا لە گەرووی هورمزدا نەپەڕیوەتەوە".
"ئەو ئیدیعایە نوێنەرایەتی زیاتری زانیاری ناڕاستی ئێرانی دەکات کە بەشداری لە ئاسایش و سەقامگیری دەریایی ناوچەکەدا ناکات".
هێزی دەریایی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕایگەیاند کە ژێردەریایی فلۆریدا کە بەهێزی ئەتۆمی و موشەکی ڕێنمایی کراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکات بۆ پشتگیریکردن لە هێزی پێنجەمی دەریایی وڵاتەکە.
هێزەکانی ئێران و ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕووبەڕووبوونەوەیان هەبووە. لە سەرەتای مانگی نیساندا، هێزی دەریایی ئێران ڕایگەیاندبوو، فڕۆکەیەکی سیخوڕی ئەمەریکایان لە دەرەوەی دەمی کەنداو دەستنیشانکردووە و هۆشدارییانداوە.
لە ساڵی 2019 ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی خستە خوارەوە کە بە وتەی خۆی بەسەر ئاسمانی باشووری ئێراندا دەفڕی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز