Accessibility links

پارێزەری ئەو منداڵەی گوایە لەلایەن مامۆستاکەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر دەڵێت قوتابخانەکە بەرگری لە مامۆستاکە کردووە و پارێزەری بۆ گرتووە


پارێزەری ئەو منداڵە تەمەن حەوت ساڵەی هەولێر کە دەگوترێت لە لایەن مامۆستایەکی تەمەن 35 ساڵانەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەستدرێژێ سێکسی کراوەتە سەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دایکی منداڵەکە سکاڵای لە دژی قوتابخانەکە تۆمارکردووە بە تۆمەتی هەوڵی شاردنەوەی دۆسێکە.

کارزان سەید تەحسین پارێزەری ئەو منداڵە بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "قوتابخانەکە یارمەتی ئێمەی نەدەدا. هەستمان دەکرد ئەو کەیسە بە لاڕێدا دەبات و دەیەوێت ئەو مامۆستایە دەربێنێت. بۆیەش تازە ئەو بابەتەمان کردە جدی و لە سۆشیال میدیا تەقاندمانەوە."

پارێزەرەکە دەڵێت گومان دەکرێت بە لایەنی کەمەوە 2 تا 3 قوتابی تریش لە لایەن ئەو مامۆستایە دەستدرێژیان کرابێتە سەر.

بە وتەی پارێزەرەکە، دایک و باوکی ئەو منداڵە سەرەتا ویستویانە کەیسەکە بە نهێنی بمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی ڕێگری قوتابخانەکە ناچاربوون هەڵوێستیان بگۆڕن. ئەو دەڵێت تەنانەت قوتابخانەکە هەوڵیداوە دایک و باوکی منداڵەکانی تریش ساردبکاتەوە لە چونە بەردەم دادوەر.

پارێزەر کارزان سەید تەحسین ڕایگەیاند، "قوتابخانەکە دایک و باوکیان ئاگادار کردوونەتەوە کە شتی وەها نەکەن و نەچنە [بەردەم دادوەر]. ئێمەش هەر لەبەر ئەمە ئەو بابەتەمان گەورە کرد تا ئەو منداڵانەش بێنە پێش."

وتیشی، "قوتابخانەکە پارێزەری بۆ مامۆستاکەش گرتبوو و شاهیدیشیان بۆ داوە و بەرگریان لێکردووە کە کەسێکی چاکە. بۆیە دایکی منداڵەکە سکاڵای لەسەر قوتابخانەکەش کردووە، چونکە پێی وایە کە بابەتەکەیان پشتگوێ خستبوو."

مانگی یەک سکاڵا کراوە

قوتابخانەکە ناوی قوتابخانەی فەرەنسی دانیال میترانە لە هەولێر و لە ساڵی 2009 دامەزراوە. دەنگی ئەمەریکا ژمارەی قوتابی و کارمەندەکانی دەستنەکەوت، بەڵام بە گوێرەی ماڵپەڕی قوتابخانەکە خاوەنی تیمێکی 27 مامۆستا و کارمەندی فێرکارییە، وە دەیان منداڵ لە 20 نەتەوەی جیاواز لە قوتابخانەکەدا دەخوێنن.

قوتابخانەکە بەم شێوەیە پیناسەی خۆی دەکات و دەڵێت "تموح، چێژی فێربوون، کراوەیی کولتووری، هەستکردن بە توندوتۆڵی و گەشەسەندنی خوێندکار، ئەو ئەرکە سەرەکیانەن کە تیمی وانەوتنەوە ساڵانە و لە کاتی پێشوازیکردن لە خوێندکاری نوێدا دەیانخەنە سەر شانی خۆیان."

دەنگی ئەمەریکا چەندین جار هەوڵیدا پەیوەندی بە قوتابخانەکەوە بکات، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید، ئامادە نەبوو لەسەر ئەو بابەتە لێدوان بدات بۆ دەنگی ئەمەریکا چونکە " کەیسەکە لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە."

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای گوت، "لیژنەی لێکوڵینەوەمان لەسەریان پێکهێناوە. دادگاش کاری یاسایی خۆی دەکات. کە رێکارەکان تەواوبوون، ئەو کاتە کەسوکاری ئەو قوتابیە ئاگاداری هەموو ئەنجامەکان دەبن."

سەرچاوەیەکی ئیداری باڵا لە قەزای عنکاوە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 29ی مانگی 1ی ڕابردووە و "لە دووهەمین رۆژدا مامۆستاکە دەستبەسەرکراوە و لەبنکەی پۆلیسە، لێکولینەوەکانیش قۆناغی باشیان بڕیوە."

بەپێی زانیارییەکان، منداڵەکە لە دایکێکی مەغریبی و باوکێکی ئەڵمانییە و گومانلێکراوەکە عەرەبێکی سوریایی خەڵکی دیمەشقە و مامۆستای وانەی وەرزش بووە.

پارێزەر کارزان سەید تەحسین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە کچەکە پێی گوتووە کە ئەو مامۆستایە هەڕەشەی لێکردووە و پێی وتووە، "ئەگەر بە دایک و باوکت بڵێیت دەتکوژم."

پارێزەری مامۆستاکە دەدوێت

دایکی قوتابییەکە بە ڕوودای گوتووە سەرەتا لە دۆزینەوەی پارە و دیاریی نامۆ لە گیرفانی کچەکەیدا هەستی بە شتێک کردووە، تاوەکو دواجار ئەنگوستیلەیەکی زێڕی لە گیرفانیدا دۆزیوەتەوە. ئەوکات قسەی لەگەڵ کچەکەیدا کردووە و نهێنییەکەی پێ درکاندووە.

سەرچاوەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مامۆستاکە نکوڵی کردووە لە تۆمەتەکان.

کاوە ئەکرەم، پارێزەری مامۆستاکە، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "بەپێی بڕیاری دادگا ئەو مامۆستایە لەبەرێوەبەرایەتی پۆلیس و گواستنەوە دەستبەسەرە و ناتوانم زانیاریەکانی ناو کەیسەکە ئاشکرا بکەم چونکە نامەوێت کاردانەوەی نەرێنی هەبێت و ڕای گشی بشێوێنرێت."

پارێزەری مامۆستاکە هەروەها گوتی کەیسەکە تا ئێستا ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند نەکراوە و مامۆستاکە "تەنها گومانلێکراوە."

وتیشی، "دەستدرێژی سکسی دوو جۆری هەیە ئەویش لەواطە [جوتبوون لە ڕێگەی کۆمەوە] و سێکس کە مادەکانیان جیاوازن. لە لەئێستادا هەموو ئیشەکان تەنها کۆکردنەوەی بەڵگەکانن و دەزگا ئەمنیەکان و دادگاکان بێلایەنن لەو کەیسەدا.... هیوادارین رای گشتی دان بەخۆیاندا بگرن تا بڕیارەکە دەردەچێت کە راستیەکان چۆنن. ئێستا قۆناغی لێکولینەوەیە و هەر کەسەو بەڵگەکان کۆدەکاتەوە، ناکرێت هێرش بکەینە سەر کەسانێک کە قۆناغەکە هەستیارە و لەسەرەتاکانی لێکولینەوەدایە".

بە ڵام بە گوێرەی پارێزەری قوتابیە حەوت ساڵەکە، بەڵگە پزیشکیەکان نیشانی دەدەن "100% دەستدرێژی کراوەتە سەری." ئەو دەڵێت کە منداڵەکە گوتوویەتی مامۆستاکە هەموو یەکشەممەیەک لە ژووری وەرزشی نێو قوتابخانەکە دەستدرێژی کردووەتە سەری.

پارێزەری منداڵەکە وتی، "لە دواوە چەند جارێک دەستدرێژی کراوەتە سەر و بەهۆیەوە کرانەوەی کۆمی گەورە بووە."


ئەو ڕایگەیاند لەئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەن منداڵەکانی تریش کە گومانیان لەسەرە دەستدرێژیان کرابێتە سەر، دوای جەژن بنێردرێنە پشکنینی پزیشکی.

پارێزەرەکە لە کۆتاییدا گوتی لە ئێستا دا بارودۆخی دەروونی منداڵەکە و دایک و باوکی "زۆر زۆر خراپە".




XS
SM
MD
LG