Accessibility links

سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ دەنگی ئەمەریکا: ئەگەر ژینگەیەکی گونجاو بڕەخسێت ئەوا دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە مەحاڵ نییە


سەڵاحەدین دەمیرتاش کە نزیکەی حەوت ساڵە لە گرتوخانەی ئەدیرنە زیندانی کراوە، لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکای داوەتەوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە کە ئایا هەدەپە بە ئاشکرا پاڵپشتی کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی و سەرۆکی جەهەپە دەکات یان نا.

یەکەم پرسیاری دەنگی ئەمەریکا ئاراستەی دەمیرتاشی کرد سەبارەت بە دۆسیەی داخستنی هەدەپە بوو لە دادگای دەستوری تورکیادا و پرسی ئایا چاوەڕوان دەکات دادگای دەستووری بەر لە هەڵبژاردنەکان بڕیارێک بدات، دەمیرتاش گوتی چاوەڕوانی هیچ بڕیارێک ناکات بەر لە هەڵبژاردنەکان.

دەمیرتاش بە ئاماژە بەوەی کە بڕیارەکەی دادگا پێش ڕۆژی هەڵبژاردن دەستێوەردانێکی سیاسی دەبێت، وتی، "ئەگەر دادگای دەستووری لە دۆسیەی داخستنی هەدەپەدا پێش هەڵبژاردن بڕیارێک بدات، ئەوە بە ڕوونی دەستوەردانێکی سیاسی دەبێت. گەیشتن بە بڕیاردان لە ماوەیەکی وا کورتدا، مەحاڵە." گوتیشی"پێشبینی ناکەم بڕیارێک دەربچێت".

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کردنەوەی بلۆککردنی هەژمارە بانکییەکانی هەدەپە کە پەیوەندییان بە هاوکارییەکانی گەنجینەی وڵاتەکەوە هەیە، ڕایگەیاند،" بڕیارەکە بەپێی یاسا بەڵام بە مەبەستێکی سیاسی دراوە".

سەڵاحەدین دەمیرتاش دۆخی دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا بە جێگای داخ وەسف کرد و گوتی "ئەم بڕیارە بەپێی یاسا دراوە، بەڵام بەپێی ئەو هەواڵانەی لە ڕۆژنامەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبووە، ئەردۆغان پەیوەندی بە ئەندامانی دادگای دەستوورییەوە کردووە و سەرزەنشتی کردوون لەسەر ئەوەی ئەم بڕیارەیان داوە. ئەندامانی دادگای دەستووری بە ئەردۆغانیان وت، ئێمە ئەم بڕیارەمان داوە، چونکە لە ڕووی سیاسییەوە سوودی بۆ ئێوە دەبێت. بە واتایەکی تر دادگای دەستووری دانی بەوەدانا کە تەنانەت بڕیارێکی یاسایشی بە پاڵنەرێکی سیاسی داوە." وتیشی، دۆخی دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا زۆر خەمناک و جێگای داخە".

مەحاڵ نییە پەکەکە چەک دابنێت بەڵام پێویستی بە چارەسەری سیاسی هەیە

سەڵاحەدین دەمیرتاش کە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەگەر دوای هەڵبژاردنەکان سەرۆک کۆمار و حکومەت بگۆڕدرێن، ئەوا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت لە تورکیا، لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا قسەکای خۆی زیاتر ڕوونکردەوە و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە "ئەستەم و مەحاڵ نەبووە"، گوتیشی ڕێکخراوەکە تەنیا بانگەوازی خۆی لەبەرچاو ناگرێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بە پەرلەمان کرد وەک ڕێگا چارەسەری کێشەکان و گوتی "مەسەلەکە ئەوە نییە کە ئایا ڕێکخراوەکە گوێم لێدەگرێت یان نا. ئەمە ئاشکرایە ئەگەر پەیوەندییەک بکەم، گرنگی پێنادەن، گوێ ناگرن، بەڵام ئەگەر چارەسەری کراوە و شەفاف و یاسایی مومکین بێت و هەنگاو بنرێت لە پەرلەمان بێگومان دانوستانکاران ئەمە بە پێویست دەزانن لەبەرچاوی بگرن. مەبەستی من ئەوەیە بۆ چارەسەری دەبێت کار بکەین بۆ دروستکردنی بنەمای سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی ، بێگومان ئەمەش دەکەین، من دەڵێم 'ئێمە ژینگەی گونجاو دروست دەکەین و ئەو پرۆسەیە دروست دەکەین کە تیایدا کۆتایی بە بەکارهێنانی چەک بهێنرێت. دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەمە کارێکی قورس و مەحاڵ نییە".

بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی تورکیا (TIP)

یەکێک لەو پرسیارانەی کە ئاراستەی سەڵاحەدین دەمیرتاش کرا، ئەوە بوو کە بڕیارەکەی "پارتی کرێکارانی تورکیا (TIP) چۆن هەڵدەسەنگێنن کە نوێنەرەکانی لانیکەم 47 هەرێم بە لیستی جیاوازەوە کاندید دەکات ؟"

لە وەڵامدا سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکەی TIP بۆ بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا بە لیستی هاوبەش بڕیارێکی ڕاست نەبوو، دەمیرتاش وتی "پێموایە بڕیارێکی دروست نەبوو. ئەگەری لابردنی ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرەکان لەگەڵ لیستی هاوبەشدا کەوتە مەترسییەوە. ئەگەرێکی کەمە، بەڵام چی ڕوودەدات ئەگەر بۆ نموونە پارتی چەپی سەوز بکەوێتە خوار ئاستی لەسەدا 7؟ ئێمە هێشتا ڕێز لە بڕیاری هاوڕێکانمان لە TIP دەگرین، بەڵام ئاساییە داوا لە هەموو دەنگدەرانمان دەکەین دەنگ بدەن بە پارتی چەپی سەوز."

بانگەوازی 'پشتیوانی دڵسۆزانە' بۆ کلیچدارئۆغڵو

هەدەپە سەرەتا ڕایگەیاند لە پرۆسەی دیاریکردنی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆماردا کاندیدی خۆی ڕادەگەیەنێت. بەڵام دوای ئەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی ڕایگەیاند کە کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە کاندید دەکات، هەدەپە وازی لە دەستنیشان کردنی کاندیدی خۆی هێنا.

سەرەڕای ئەمەش هیچ بەڵێنێکی ئاشکرا بۆ پشتیوانی لە کلیچدارئۆغڵو نەدرا.

دەمیرتاش لە وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکادا داوای پشتیوانی بۆ کلیچدارئۆغڵو کرد. بەڵام گوتیشی دەمەوێت ئەو پشتگیرییە لە دڵەوەبیت "بزانین لە ڕۆژانی داهاتوودا هەدەپە بە ئاشکرا پشتگیریی دەکات یان نا. بێگومان ئەوە خواستی ئێمەیە کە پاڵپشتییەکی پڕ بەدڵ و ئامادەییمان هەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، بەم زووانە پێکەوە گوێبیستی ئەنجامەکە دەبین".

هاوپەیمانی لەگەڵ حزبوڵا دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەنگ

یەکێک لە چڕترین باسەکانی ڕۆژانی ڕابردوو ئەو ڕاستییە بوو کە HUDA-PAR کە ڕیشەی ئیسلامی کوردی هەیە لەگەڵ هاوپەیمانی کۆماری بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان دەچێتە هەڵبژاردنەکانی 14 ی مانگی پێنجەوە. ئەم حزبە وەک درێژەپێدەری حزبوڵا لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی تورکیاوە دەبینرێت.

دەنگی ئەمەریکا پرسیاری لە دەمیرتاش کرد ئایا پێیوایە گۆڕانکاری لە خواستی دەنگی کوردەکانی کە وابەستی ئاینی و نەتەوەیین لە هەرێمەکەدا هەیە دروست بکات؟ یان ئایا ئەمە دەستکەوتێکی بۆ ئاکەپە دەبێت؟

لە وەڵامدا دەمیرتاش گوتی " هەر هاوپەیمانییەک لەلایەن ئەردۆغانەوە کرابێت هیچ سودێکی بۆ نابێت و هاوپەیمانی لەگەڵ حزبوڵاش تەنها وادەکات دەنگەکانی لەدەست بدات. حزبوڵا نە ناوبانگ و نە دەسەڵاتی هەیە لە نێو دەنگدەرانی کورددا."

پاش دەرچوونی لە زیندان

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش کە ئەگەر پاش هەڵبژاردنەکانی 14 ی مانگی 5 لە زیندا ئازاد بکرێت چی دەکات؟ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە گوتی " با دوای دەرچوونمان باسی ئەم شتانە بکەین، بۆ ئێستا من لە زیندانەوە بەردەوامم لە خەباتی سیاسی."

دمیرتاش کە لە ساڵی 2013 و سەردەمی دەستپێشخەری ئاشتی هاوسەرۆکی هەدەپە بوو و لە ساڵی 2016 وە لە زیندانەیەپێشتر بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو و لە زینداندا ڕووبەڕووی شیانی سزای هەتا هەتایی بووەوە لە دۆسێیەکدا لەگەڵ نزیکەی 100 ئەندامی تری هەدەپە کە تۆمەتبارکراون بە هاندانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2014 کە تیایدا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا. ئەوان نکوڵی لەو تۆمەتە دەکەن و چەندین ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی جیهانیش داوای ئازادکردنی دەمیرتاشیان کردووە.

ڕاپۆرتی یەڵدز یەزیچیۆئۆغڵو و مەحمود بۆزارسلان لە بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG