Accessibility links

دانوستکارانی یەکێتی و پارتی دەڵێن پێناچێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت


یەکێتی و پارتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاری کراودا، بە دوور دەزانن و دەڵێن لەسەر ئەنجامدانی نەگەشتوونەتە ڕێککەوتن.

ئەندامێکی شاندی دانوستکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەوان ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام نەیشاردەوە کە هیچ ڕێککەوتنێکیان نەکردووە لەوە بارەیەوە، هەرچەندە بەشی زۆری مەرجەکانی یەکێتیان قبوڵ کردووە.

لە بەرامبەردا ڕزگار حاجی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، وتی، "مەگەر هەڵبژاردن بۆ هەولێر و دهۆک بکەن."

عەبدولسەلام بەرواری ئەندامی شاندی دانوستکاری پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەم گرژیەی ئێستا دروست دەبێت لەبەر بابەتی هیچ و بێ مانایە. ئەگەر نیازمان هەبێت هەموومان هەڵبژاردن بکرێت کەی کێشەیە، ئێمە بە دەستی یان بە ئەلکترۆنی دەنگەکان دەژمێرین، شتی زۆر ورد دەکرێتە بیانوو. بۆیە تەسەوڕ ئەکەم وا بڕوات کۆبونەوەکان ناکرێت، واتە هەست دەکەیت نیازیان نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن."

لە بەرامبەردا، ڕزگار حاجی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، دواکەوتنەکە دەبەستێتەوە بەوەی کە کۆمسیۆن ئامادەکاری نەکردووە و ڕێکنەکەوتوون لەگەڵ پارتی.

ڕزگار حاجی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مەگەر هەڵبژاردن بۆ هەولێر و دهۆک بکەن، ئەوە شتێکی ترە. ئەگەر نا کۆمیسیۆن ماوەی بەسەرچووە و دەبێت کارا بکرێتەوە و یاساکە هەموار بکریتەوە. هەموو لایەنەکان کۆبونەوەمان کردووە و نەگەشتوینەتە رێککەوتن. گەر هێزەکان بەشداری هەلبژاردن بکەن دەبێت یاساکە هەموار بکریتەوە و پیکهاتەکانیش چۆن لە عێراق کورسی کۆتای پێکهاتەکان دابەشکراوە لەکوردستانیش دابەش بکری."

لە ڕێکەوتی 26/3/2023 بەپێی فەرمانێکی مەڕسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان 18/11/ 2023 دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. بەڵام یەکێتی و پارتی لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە چۆنییەتی هەڵبژاردنەکان ناکۆکن.

عەبدولسەلام بەرواری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند پارتی ئامادەیە و بەشی زۆری مەرجەکانی یەکێتی قبوڵ کردووە.

ئەندامەکەی شاندی دانوستکاری پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، " وەک کێشە هیچ کێشەمان نییە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ ڕێککەوتنێکیش نییە. ئێمە وەک خەڵكی تر نین. لایەنەکانی تر چەند بازنەییان ویست وتمان باشە، هەرچەندە باوەڕمان پێی نە بوو. یاخود وتیان با نیو کورسی کراوە بێت و نیو داخراو بێت وتمان باشە، وتیان با ژمارەی کورسیەکان لە سەر بنەمای ئەو دابەشکاریەی عێراق بێت، خۆت ئەزانی 11 بۆ دهۆک، 15 بۆ هەولێر و 18 بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، ئەگەر بە ڕێژەی سەدی وەریگرین واتە سەدا 41 بۆ سلێمانی هەر وتمان باشە. ئێمە وتمان هەر ڕازین ئەگەر بە دڵی ئێمەش نەبێت، بەڵام لایەنەکانی تر هەر ڕازی نەبوون."

لەگەڵ ئەوەی فشارێکی زۆری کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام پێناچێت کاریگەری لەسەر ڕای حزبەکان بۆ ڕێککەوتن هەبێت، لەو بارەیەوە ڕزگار حاجی ڕایگەیاند "نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادارە کێشەیەک هەیە لە یاسای هەڵبژاردنەکان لەسەر مەسەلەی پێکهاتەکان و کورسی پێکهاتەکان کە هێشتا نەگەشتوینەتە رێککەوتن. نەتەوە یەکگرتوەکان پیشنیاری کردوە کورسی پیکهاتەکان بەسەر پاریزگاکان دابەش بکرێ، دوو کورسی مەسیحی و تورکمان لەسنوری سلێمانی بێت. بەڵام لەسەر ئەو بابەتانە نە کۆبەنەوە کراوە نە ریککەوتن کراوە. پێشنیاری ئێمە و پارتی بووە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیار بینێتە پێشەوە مناقشەی لەسەر بکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە کە تا دێت ناکۆکی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی زیاتر دەبێت، بەتایبەت دوای هێرشەکە درۆنییەکەی سەر فرۆکەخانەی سلێمانی کە حکومەتی عێراق دەڵێت لەلایەن تورکیاوە بووە.

ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی چەند مانگێکە بە تەواوی پەرەیان سەندووە تا کار گەیشتە ئەوەی کە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو، تیمی وەزاری یەکێتی بڕیاریدا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکات کە تا ئێستاش بەردەوامە.

بەڵام لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر داوای بەشێک لە وەزیرەکان، لە نێوان وەزیری شەهیدان لەسەر پشکی سۆسیالیست، بڕیاردرا کە تیمێکی وەزاری لە لایەنە جیاوازەکان سەردانی قوباد تاڵەبانی بکەن، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

بەڵام بە هۆی بەیاننامەیەکی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی، کە چەند کاتژمێرێک بەر لە کۆبوونەوەکە گووتبووی ڕێککەوتن لەگەڵ "خاکفرۆشان" ناکات و لای یەکێتی بە هێرش بۆ سەر ئەوان هەژمار کرا، قوباد تاڵەبانی نیگەران کرد، بۆیە ئامادە نەبوو بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.

لە ئێستاشدا ڕۆژ بە ڕۆژ گرژی و ئاڵۆزیەکانی دوو حزب ڕوو لە زیاد بوونەو کار گەشتۆتە ئەوەی شەڕێکی میدیایی لە دژی یەکتر بەڕێوە ببەن.

لە دواین پیشهاتدا سەرەتای ئەم هەفتەیە مەڵبەندی یەکێتی هەولێر لە لیدوانێکی بێ وێنەی تونددا ڕایگەیاند، "خاکفرۆش ئەوانەن کەزیاتر لەسەد بنکەو بارەگاو قەرەقولی جەندرمەی تورکیان هێناوەتە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک." لقی پارتی لە وەڵامێکی هاوشێوەدا وتی، "چۆن ڕووتان دێت بڵێن خیانەتمان نەکردووە؟ لە کاتێکدا بە نوێژی نیوەڕۆ و بە بەرچاوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە لە 16ی ئۆکتۆبەر نیوەی خاکی هەرێمتان فرۆشت و ئەوکات شانازیشتان بەو خاکفرۆشییەتانەوە دەکرد، خیانەتێکی سەلمێنراو بە وەسیقەی ئیمزاکراوی دەیان ئەندامی سەرکردایەتیتان."

XS
SM
MD
LG