Accessibility links

ڕاگەیاندنی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت ژەهراویبوونی کچانی خوێندکار بەهۆی "فێڵبازی خوێندکارانەوەیە"


ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی "دواین توێژینەوە لەسەر هۆکاری خراپی باری دەروونی خوێندکاران لە قوتابخانەکاندا" دەڵێت "لەسەدا 90"ی ژەهراویبوونی کچان لە قوتابخانەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ "فێڵبازی" لە خوێندکاران.

ئەمەش لە کاتێکدایە ژەهراویکردنی خوێندکاران بە تایبەتی کچان لە قوتابخانەکانی چەندین شاری ئێران بەردەوامە. ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ چەندین حاڵەتی ڕاگەیاندووە.

ئاژانسی هەواڵی فارس لە ڕاپۆرتەکەیدا، بە ئاماژەدان بە "لێکۆڵینەوە بەرفراوانەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان"، کە ناوی و وردەکارییەکانی نەخستووەتە ڕوو، سەبارەت بە حاڵەتی ژەهراویبوون لە قوتابخانەکانی شارە جیاوازەکاندا نووسیویەتی زیاتر لە %90 ی ئەو ڕووداوانە " هۆکاری ناوخۆیین" و بەهۆی "خوێندکارانەوە" دروست دەبن. "

لە درێژەی بابەتەکەیدا، ئەم میدیایەی سەر بە دامەزراوە ئاسایشییەکانی ئێران ئیدیعای ئەوەشی کردووە کە هۆکاری ئەنجامدانیان "فێڵبازی هەرزەکاران" بووە لە هەمان کاتدا لەگەڵ "ڕووماڵی میدیایی بەرفراوان" کە ئەم "ڕکابەرییە"ی لە نێوان بەشێک لە خوێندکاراندا "بڵاوکردووەتەوە".

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیا ناوخۆییەکان بڵاوکراونەتەوە، ژەهراویکردنی ژمارەیەک خوێندکارانی ئێرانی لە یەکێک لە قوتابخانە ئاینییەکانی شاری قوم دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

بەپێی هەواڵەکانی گەیشتووەتە دەنگی ئەمەریکا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی دووشەممە، لە شارەکانی ورمێ، سننە، سەقز، بۆکان، کرماشان، دیواندەرە، تەبرێز، ئیسفەهان، کەرەج، مەهدەشت، دیزفول وچەندین شوێنی تریش کچانی خوێندکار ژەهراوی کرابوون.

لە کاتێکدا هێشتا نادڵنیایی زۆر هەیە سەبارەت بەم هێرشانە بۆ سەر قوتابخانەکان، "فارس" بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەک پێشکەش بکات، نووسیویەتی "لە چەند حاڵەتێکدا"، هەندێک "مامۆستا"ش "پێشێلکاری"یان لەم بارەوە ئەنجامداوە، و سەرەڕای ئەوەی "ئاگاداری ڕووداوکان بوون بەڵام ئەوان یاوەری خوێندکارەکانیان کردووە بۆ ئەوەی پۆلەکان داخرێن."

زنجیرەیەک ڕوودانی ژەهراویبوونی خوێندکاران لە شارە جیاجیاکانی ئێران و نەبوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەتەوە، ناڕەزایەتیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە سەرەتای ئەم مانگە 10 هونەرمەند، پارێزەر و چالاکوانی مافە سڤیلییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، هێرشکردنە سەر قوتابخانەکانی کچان بە شێوەیەکی " بەبەرنامەیە" و " بێ گومان، خۆڕاگری و ئاشکراکردنی تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە ترسناکە، ئەرکی دەستبەجێ و بەپەلەی ئێمەیە".

لەم نامەیەدا، داوا لە چالاکوانان، چالاکوانانی مەدەنی، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کرا کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ " ئاشکراکردنی سەرکردە و ئەنجامدەرانی"ی ئەو هێرشانە.

XS
SM
MD
LG