Accessibility links

لە شەڕی نێوان سوپا و هێزە نیمچە سەربازییەکان لە سودان نزیکەی 100 کەس دەکوژرێن


گروپێکی پزیشکان لە سودان سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کە لە شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزێکی نیمچە سەربازیدا کوژراون، لانیکەم بۆ 97 کەس زیادیکردووە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، 365 کەسیش برینداربوون. هەندێک ڕاپۆرتی تر ئاماژە بەوە دەکەن تا ئێستا 600 کەس بریندار بوون.

شەڕەکە ڕۆژی شەممە لە نێوان یەکەکانی سوپای لایەنگری ژەنەڕاڵ عەبدولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری حوکمڕانی قوناغی گواستنەوەی سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ محەمەد حەمدان داقەڵۆ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنەکە سەریهەڵدا.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئێوارەی یەکشەممە ئاگربەستی سێ کاتژمێری لە نێوان ئەو دوو گرووپەدا ڕاگەیاند، بەڵام دانیشتووان دەڵێن شەوی یەکشەممە بە بەردەوامی گوییان لە دەنگی تەقە، تەقینەوەی چەکی قورس وهێرشە ئاسمانییەکان بووە بۆ سەر ئامانجەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە دەنگی تەقەی قورس لە ناوەندی شاری خەرتوم و دەوروبەری بارەگای سەربازی سودان و کۆشکی سەرۆکایەتی دەبیسترا.

هەردوو هێزی سەربازی و هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی دەڵێن شوێنی ستراتیژیان کۆنترۆڵ کردووە.

سەلیمان بالدۆ، بەڕێوەبەری شەفافیەت و بەدواداچوونی سیاسەتی سودان، کە هەڵمەتێکی دژە گەندەڵییە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، ئەمە لە شەڕکردنی تا کۆتایی دەچێت.

بالدۆ وتی پێیوانییە هیچ هەوڵێک بۆ نێوەندگیری کاریگەری هەبێت چونکە پێدەچێت هەردوو ژەنەراڵەکە یەکتریان وەک تاوانبار ناوزەد کردووە و ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی.

وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا داوای دەستبەجێی ڕاگرتنی توندوتیژییان لە سودان کردووە و داوایان لە لایەنە نەیارەکان کردووە بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکان. ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جەیمس کلیڤەرلی هاوتا بەریتانییەکەی لێدوانەکەیان لە پەراوێزی دانوستانەکانی گروپی حەوت دا.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزێکی نیمچە سەربازیی سەکۆنە کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی سێ کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرنامەی خۆراکی جیهانیدا.

XS
SM
MD
LG