Accessibility links

هاوسەرۆکی هەدەپە: هەر دەنگێک بە فیڕۆبچێت لە بەرژەوەندی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەبێت


میتات سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە بە دەنگدەرانی ڕاگەیاند "هەموو دەنگێکی بەفیڕۆچوو" سوودی بۆ حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە هەیە.

سانجار لە ئامادەبوونیدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی نووسینگەی پەیوەندییەکانی پارتی چەپی سەوز لە گەڕەکی لیمۆنتەپەی ناوچەی قەرەباغڵوی ئیزمیر گوتی، "هەموو دەنگێکی کە بە فیڕۆ بدرێت لە بەرژەوەندی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەدایە. با ئەمە بە ڕوونی ببینین. بەڵێ با دەنگەکانمان بەفیڕۆ نەدەین. با دەنگ بە دەسەڵاتی گۆڕانکاری، ئیرادەی گۆڕانکاری، بە چەپی سەوز بدەین."

ئەمەش لە کاتێکدایە هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدرنەوە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە " سڵاو. دڵنیام هۆکاری زۆر باشتان هەیە بۆ دەنگدان بەو حزبەی لە هزر و ناخی خۆتانە. بەڵام ئەگەر بە دەنگی ئێوە نوێنەرەکە لانەبرێت، ئەوا لێکەوتەی زۆر جددی دەبێت. تکایە با لە بیرۆکەکاندا یەکبگرین. تکایە دەنگ بدە بەو پارتانەی کە دەتوانن نوێنەر دانێن."

دەشڵێت "هەر دەنگێک نەبێتە هۆی سەرکەوتنی نوێنەر، سوودی بۆ ئەردۆغان دەبێت. ئەگەر ئەو حزبەی دەنگت پێدا نەتوانێت نوێنەر بەدەست بهێنێت، ئەوا بە دەستی خۆت ئایندەی خۆت تاریک کردوە. کەواتە ئەمە گاڵتە نییە: یان دیکتاتۆریەتی تەواوە یان دیموکراسی."

سانجار لە ئیزمیر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەڵبژاردندا کە پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی چەپی سەوز) لە ناوچەی ئیجە دەستیپێکردووە، وتی،" برایانی ئازیزم هەدەپە پارتێکە لەسەر بنەمای کەڵەکەبوونی هەموو خەباتە شۆڕشگێڕییەکان، ئازادی و خەباتەکانی دیموکراسی و هەموو خەباتەکانی سۆسیالیزم لەم وڵاتەدا. حیزبێکە نوێنەرایەتی هەموو ئەمانە دەکات. تێکۆشانی ئازادیخوازی و خۆڕاگری کورد لەگەڵ تێکۆشانی هێزە شۆڕشگێڕ و دیموکراتییەکانی تورکیا لەم حیزبەدا کۆبووەوە. ئێستا هەموو پاشەکەوتی هەدەپە لە پارتی چەپی سەوزدایە."

سانجار گوتیشی هەم حکومەت و هەم ڕژێم لە هەدەپە دەترسن "ڕیشەی دارەکەی پارتی چەپی سەوز لە یەک خاکدایە. لق و گەڵاکانی ئەم بەشە لە هەمان سەرچاوە خۆراکیان پێدەدرێت. ئەم حزبە ئێستا ڕێپێوانەکەی لە ئەستۆ گرتووە و هەنگاوی پتەوی بەرەو ئامانجەکە دەنێت. ئێمە دێین بۆ ناردنی ئەم هێزە. بە دڵنیاییەوە ئەم دەسەڵاتە ستەمکارییە لادەدەین و ئەم فەرمانڕەوایە".

ئاماژەشی بەوەدا کە گۆڕینی دەسەڵات بەس نابێت، وتی، "ئەم فەرمانە ناتوانێت بەردەوام بێت وەک ئەوەی بە شێوازە کۆنەکەی نوێکرابێتەوە. گۆڕان، گۆڕانکاری لەگەڵمان دەبێت. چارەسەرێکی دیموکراسیانەی کێشەی کورد لەگەڵ ئێمەدا دێت و ئاشتییەکی هەمیشەیی دادەمەزرێنین." گوتیشی خەڵک پێکەوە ئەمە بونیات دەنێن." هاوسەرۆکی هەدەپە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پارتی چەپی سەوز بە بەهێزترین شێوە بچێتە پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگۆرێت.

پاشان نووسینگەی پەیوەندییەکانی هەڵبژاردن کرایەوە. فەهیمە پۆیراز، دایکی دەنیز پۆیراز، کە لە 17ی شەشی 2021 لە هێرشێکدا بۆ سەر بینای پارێزگای ئیزمیری هەدەپە کوژرا، لەگەڵ سانجار پەتی کردنەوەی ئۆفیسەکەیان بڕی.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڕیارە لە 14 ی مانگی 5 بەڕێوە بچێت.

پارتی دیموکراتی گەلان بە هۆی مەترسییەکانی داخستنی پارتەکەوە بڕیاری دابوو لەژێر ناوی پارتی سەوزی چەپدا بچێتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە. وا دیارە ئەوان بۆ سەرۆکایەتی پشتیوانی لە کەمال کلچدار ئۆغڵو بکەن لە کاتێکدا هیچ کاندیدێکی سەرۆکایەتییان نییە.

چوار کەس بە فەرمی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کردووە. سەرۆکی ئێستای تورکیا ڕەجەب تەیب ئەدۆغان کاندیدی هاوپەیمانی گەلە کە لەلایەن چور پارتەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

کەمال کلیچدار ئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانییە کە لەلایەن شەش حزبی ئۆپۆزسیۆنەوە پشتیوانی دەکرێت .موحەرەم ئینجە کاندیدی پارتی نیشتمانییە و سینان ئۆگانیش کاندیدی هاوپەیمانی ئاتایە کە بریتیە لە چوار حزب.

تێبینی: بۆ نوسینی ئەم بابەتە سود لە زیانیارییەکانی ڕاپۆرتی سۆنەر قیزیلکایای بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG