Accessibility links

بەهۆی هێرشێک بۆ سەر هاوینەهەوارێکی مەکسیک حەوت کەس دەکوژرێن


دەسەڵاتدارانی مەکسیک دەڵێن، چەند چەکدارێک ڕۆژی شەممە منداڵێک و شەش کەسی دیکەیان کوشتووە، دوای ئەوەی هێرشیان کردووەتە سەر هاوینەهەوارێک لە ویلایەتی گواناخواتۆی ناوەڕاستی مەکسیک، لە ناوچەیەکدا کە تادێت توندوتیژی کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان تیایدا زیاتر دەبێت.

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە، دەرئەنجامی هێرشەکە لەو هاویەنە هەوارەی شارۆچکەی کۆرتازار کە نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە باشووری شاری گواناخواتۆوە دوورە، نیشان دەدەن.

بەشی ئاسایشی خۆجێیی کۆرتازار ڕایگەیاند، تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کێ لە پشت ئەو تەقەکردنە بووە لە هاوینە هەواری لاپاڵما کە بووە هۆی کوژرانی منداڵێکی حەوت ساڵان و سێ پیاو و سێ ژن. کەسێکیش بە سەختی بریندار بووە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کارتێلە ڕکابەرەکانی ماددە هۆشبەرەکان شەڕی توندیان ئەنجامداوە بۆ کۆنترۆڵکردنی خاک و ڕێگاکانی بازرگانیکردن لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە هەر زوو دوای هێرشەکە گیراوە، بڵاو کراوەتەوە و تیایدا دەرکەوتووە خەڵکەکە هەڵدێن لە دەمێکدا تەرمەکان لە نزیک مەلەوانگەیەک کەوتوون.

بەشی ئاسایشی کۆرتازار لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "دوای هێرشەکە، (هێرشبەرەکان) هەڵاتوون، پاش ئەوەی زیانیان بە فرۆشگای هاوینەهەوارەکە گەیاندووە و کامێرای چاودێری و مۆنیتەرەکانیان بردووە."

XS
SM
MD
LG