Accessibility links

لە هێرشە مووشەکییە نوێیەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا 11 کەس دەکوژرێن


دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر شاری سلۆڤیانسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەمڕۆ شەممە بۆ 11 کەس بەرزبووەتەوە.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە بەو زووانە وڵاتەکەی چەکی پێدەگات بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشەکانی وەک هێرشەکەی ڕۆژی هەینی بکەن.

یوری ئایهنات گوتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە گەیاندنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت کە ئەمەریکا بەڵێنی ناردنی داوە، چاوەڕوان دەکرێت لە دوای جەژنی ئیستەر بگاتە ئۆکرانیا.

گروپێک لە 65 سەربازی ئۆکراینی مانگی ڕابردوو مەشق و ڕاهێنانەکانیان لە فۆرت سیل کە بنکەیەکی سوپای ئەمەریکایە لە ئۆکلاهۆما تەواو کرد و گەڕانەوە بۆ ئەوروپا بۆ فێربوونی زیاتر دەربارەی بەکارهێنانی سیستەمی مووشەکی بەرگری.

هەروەها ئەڵمانیا و هۆڵەندا بەڵێنیان داوە هەریەکەیان سیستەمی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن.

سوپای ئۆکرانیا هەوڵدەدات توانای خۆی بۆ ڕێگریکردن لە مووشەکەکان زیاتر بکات، ئەمەش لەکاتێکدا خۆی بۆ هێرشی بەرپەرچدانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی ئامادە دەکات.

هەرچەندە زیاتر لە ساڵێک شەڕکردن بووەتە هۆی کەمبوونەوەی چەک لە هەردوو لایەن، بەڵام هێزەکانی ڕووسیا هەڵمەتەکەیان چڕکردووەتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری باخموت کە نزیکەی 9 مانگە لەهەوڵدایە بۆ گرتنی ئەو شارە.

پێشتر پارێزگاری ناوچەی دۆنێتسک بە تەلەفزیۆنی نیشتمانی ئۆکرانیای ڕاگەیاندبوو، ڕووسیا حەوت مووشەکی ئێس-300ی ئاراستەی ئەو ناوچانە کردووە.

ئەو مووشەکانە لە ناوچەکانی سلۆڤیانسکی ڕۆژئاوای شاری باخموتیان داوە کە شوێنی قورسترین پێکدادانەکانی هێڵی پێشەوەی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیایە.

باخموت و سلۆڤیانسک نزیکەی 45 کیلۆمەتر لەیەکترەوە دوورن لە پارێزگای دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

تیمەکانی فریاگوزاری بەدوای قوربانییەکان دەگەڕێن و یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن کە بەهۆی ئەو هێرشە موشەکییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG