وەزیری ناوخۆی لوبنان ڕۆژی هەینی دەستبەسەرداگرتنی 10 ملیۆن حەبی کەپتاگۆنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
بە گوتەی بەسام مەولەوی بڕیار بووە ئەو حەبانە بە قاچاخ ببرێنە سەنیگال و لەوێشەوە بۆ سعودیە بگوازرێنەوە.
کەپتاگۆن ماددەیەکی هۆشبەرە کە پێکهاتووە لە دەرمانی ئەمفیتامین و بە کۆکاینی هەژارەکانیش ناسراوە و لەنێو بەشێک لە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەناوبانگە.
وەزیری ناوخۆی لوبنان ئاماژەی بەوەشکرد چوار کەس لە پەیوەند بەو ماددە هۆشبەرانەوە دەستگیرکراون.
دەسەڵاتدارانی وڵاتانی عەرەبی کەنداو باس لەوە دەکەن کە بڕێکی زۆر لەو ماددە هۆشبەرانە لە سوریا بەرهەم دەهێنرێت و دواتر لە ڕێگەی لوبنان و ئوردنەوە بە قاچاخ دەگوازرێتەوە بۆ ئەو وڵاتانە.
سعودیە لە ساڵی 2021 هاوردەکردنی کەلوپەلی لە لوبنان قەدەغە کردوە، ئەمەش بەهۆی کێشەکانی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.
هەروەها لە مانگی 3ی ئەمساڵدا وەزارەتی خزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر چوار هاوڵاتی سوریا سەپاند، لەنێویاندا دوو ئامۆزای بەشار ئەسەد و دوو هاوڵاتی لوبنانی بەهۆی ئەوەی گوایە دەستیان هەبووە لە قاچاخچێتی کەپتاگۆن لە سوریاوە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز